کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا قەیرانییە

12:02 - 14 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ بڵاوی کردووەتەوە، دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا گەیشتووەتە خاڵێکی قەیرانی.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ بڵاوی کردووەتەوە، ڕێژیمی ئێران بە شێوەی خۆسەرانە، چالاکانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتەدا دەسبەسەر دەکات و ئەو ڕێکخراوەیە بە توندی ڕەخنەی لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران گرت.

 دوای ئەوەی که "جاوید ڕەحمان" ڕێپۆرتێری تایبەت بە مافی مرۆڤ بۆ کاروباری ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەڵبژێردرا، داوای کرد سەردانی ئێران بکات و لەسەر دۆخی ماڤی مرۆڤ لەو وڵاتەدا ڕاپۆرتێک ئامادە بکات.

ڕێپۆرتێرەکانی تایبەتی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەم ساڵانەی دواییەدا بەردەوام جەختیان کردووەتەوە، کە مافی مرۆڤ لە ئێراندا لە لایەن کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمەوە پێشێل دەکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئەم ڕێپۆرتێرانە، ئاماری ئێعدامەکان لە ئێراندا ڕووی لە هەڵکشان بووە. ئازادیی بەیان زیاتر قەتیس کراوەتەوە و سەرکوتی ڕۆژنامەوانان و چالاکانی مەدەنیش لە ئێراندا بەرز بووەتەوە.

لە لایەکی دیکەشەوە مافی زیندانییانی سیاسی و ئایینی، مافی کەمایەتییه ئایینی و نەتەوەیییەکان و هەروەها مافی ژنان، بەردەوام لە لایەن کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێرانەوە پێشێل کراون.

کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەبارەت بە دیاریکردنی ڕێپۆرتێری تایبەتی بۆ دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا، بە توندی ڕەخنەیان گرتووە و لەگەڵ ڕێپۆرتێرەکانی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکاری ناکەن.