کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی ڕێگاوبانی شاری سەقز نالەبارە

12:30 - 18 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: بەشی هەرە زۆری ڕێگای نێوان گوندەکانی سەقز و شارەکانی دەوروبەری خراپ و ناستانداردن و هاتوچۆکردن لەم ڕێگایانەوە پڕ لە گرفت و مەترسییە و هەڕەشە لە گیانی خەڵک دەکات.

سەرەڕای ئەوەی کە چەندین ساڵە کاربەدەستانی گەندەڵی شاری سەقز بەڵێن دەدەن کە خراپیی ڕێگای نێوان شاری سەقز بۆ دیواندەرە، سەقز بۆ بۆکان و هەروەها سەقز بۆ بانە و مەریوان چارەسەر دەکەن بەڵام هەتا ئێستاش بەشی هەرە زۆری ئەو جاددانە هەر چاک نەکراون .

ڕێگای  گوندەکانی بەشی گەورک وەک: "میرەدێ هەتا پیرۆمەران، سەقز بۆ ئاوایی هێجانان، ڕێگای گوندەکانی سەرشیو وەک جەوشەن، سماقڵو، هەرمێدۆڵ و ڕێگای گوندەکانی تیلەکۆ و ناوچەی فەیزوڵابەیگی و خوڕخوڕە، سەرەڕای ئەوە کە قیرتاو ناکرێن تەنانەت ساڵانەش هیچ چاکسازیێکی کاتیشیان تێدا ناکرێ ."

هێنانی بەروبوومی کشتوکاڵی و باخداری لە ئەو ڕێگایانە بۆ شاری سەقز پێویستی بە تێچووی زۆر و ماشینی تایبەت هەیە هەر بۆیەش بەشی هەرە زۆری ئەو گوندانە ناتوانن بە گوێرەی پێویست بەرهەمی ڕەنجی ساڵانەیان بۆ فرۆش بهێنن بۆ ناوشاری سەقز .

بەرتەسک بوونی ئەو جاددانە و نەبوونی کەنارەی خاکی و دەرنەچوونی ئاوەڕۆی بەفر و باران و هەبوونی پێچی ئەستەم لە سەر ئەو جاددانە هۆکاری پێکدادانی ماشین و گیان لە دەستدانی هاووڵاتیانن .

ڕێژیم ساڵانە و بە تایبەت لەو کاتانەیدا کە هەڵبژاردنی نمایشیی بە دەستەوەیە لە ڕێگای بەخشداری و فەرمانداری و پاڵێوراوانی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەوە قەوڵ و بەڵێنی پڕ لە درۆ و دڵخۆشکەر دەدات بە خەڵکی شاری سەقز وگوندەکانی دەوروبەری کە گوایە گرفتی ڕێگاکان چارەسەر دەکات بەڵام وەک هەمیشە پاش کۆتاییهاتنی نمایشەکەی، هەموو شتەکان لە بیر خۆی دەباتەوە و وڵامی داواکارییەکانی هاووڵاتیان ناداتەوە .

بە پێی دوایین ئاماری خودی ڕێژیم لە ۹۸۱ کیلۆمیتر ڕێگای گوندەکانی سەقز تەنیا ۳۸۱ کیلۆمیتری قیرتاو کراوە ! ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەو ۳۸۱ کیلۆمیترەش ناستاندارد و پڕ لە مەترسین.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە هۆی دروستکردنی بەنداوی "چراغ وەیس" بەشێک لە ڕێگای سەقز بۆ بانە دەستکاری کرا کە هەتا ئێستا بە هۆی پێچی زۆر و ناستانداردبوونی ئەو بەشە بچووکە لەو جاددە، چەندین پێکدادانی ماشین ڕووی داوە کە خەڵکێکی زۆر تووشی زەرەری ماددی بوون یان گیانی خۆیان لە دەست داوە .

ئوتوبانی سەقز بۆ بۆکان ساڵانێکە نیوەچڵە، تەنانەت کەمەربەندی سەقز بۆ بۆکان بە هۆی ناستانداردبوون چەندین جار داخراوە بەڵام بەرپرسە گەندەڵەکانی سەقز بە بێ سەرنجدان بە ژیانی خەڵک دیسان دەیکەنەوە .

ڕێگای نێوان سەقز بۆ مەریوان ڕێگایێکی پڕ لە مەترسیە و ڕێگای سەقز بۆ دیواندەرە بەتایبەت لە ئاوایی "ئێرانشا" هەتا "زەڕینەی هۆبەتوو" ساڵانە گیانی دەیان هاووڵاتی دەگرێ.

نالەباربووونی دۆخی ڕێگاوبانەکان لە هەموو شارەکانی کوردستاندا، یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی ڕوودانی ڕووداوەکانی هاتۆچۆ و گیان لەدەستدانی هاووڵاتییانە، بەرپرسانی ڕێژیم و ئەندازیارانی ناشارەزای ئەم بوارەش، لەجیاتی گرینگیدان بە چۆنایەتی کار و پرۆژەکان، زیاتر لە هەر شتێک بیر لە کۆکردنەوەی پارە بۆ خۆیان دەکەنەوە و هیچ گرینگییەک بە کێشەکانی خەڵک نادەن.