کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی ژیان لە کوردستان ڕۆژبەڕۆژ خراپتر دەبێت

11:03 - 2 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: نەبوون یان کەم بوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان و بەتایبەت هەندێک لە خواردەمەنییەکان لە شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا بووەتە هۆی ئەوەی خەڵک ڕوو لە هەندێک خواردەمەنی بکەن کە لەباری کوالێتییەوە لاوازن.

بەپێی دوایین هەواڵ و ڕاپۆرتە پێوەندیدارەکان لەمبارەوە، دۆخی ژیان لە کوردستان بەهۆی ناکارامەیی بەرپرسانی ڕێژیم و هەروەها بوونی دیاردەگەلی وەک گرانی و هەڵاوسان و بێکاری، دۆخی ئابووری و ژیانی خەلکی لەگەڵ مەترسی بەرەوڕوو کردووەتەوە بەچەشنێک کە ئێستا لە کوردستاندا خەڵک زۆر بە دەگمەن دەستییان بە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان ڕادەگات.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١ی خەزەڵوەر، لە شاری پاوە دوای چەند ڕۆژ لە نەبوونی هیچ جۆرە گۆشتێک لە بازاڕەکاندا، خەڵک بۆ دابینکردنی گۆشت، بەناچاری و بەهۆی هەرزانتربوونی ڕوویان لە کڕینی گۆشتی بەستوو (یەخزدە) کردووە کە بەوتەی شایەتحاڵان ئەم گۆشتە زۆر شیاوی خواردن نییە و کوالێتییەکەی زۆر لە خوار بووە.

هەروەها لە شاری سنەدا لە بازاڕەکاندا بە دەگمەن ڕۆنی خواردەمەنی بەدەست دەکەوێت.

لەم چەند مانگەی دواییدا و دوای دەسپێکردنی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران نرخی کەلوپەل و خواردەمەنییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە، بە چەشنێک کە خەڵکی ئاسایی بە ئەستەم دەتوانن ژیانێکی ئاسایی بەڕێوە ببەن و پێداویستییەکانی ژیانیان دابین بکەن .