کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا تاوتوێ کرا

14:59 - 28 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: وەفدێکی هاوبەشی پارلمانی یەکیەتیی ئورووپا و پارلمانی سوئێد سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد.

دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە، ۲۷ی ڕەزبەر، وەفدێکی هاوبەشی پارلمانی ئورووپا و پارلمانی سوئێد بە سەرۆکایەتیی "ئەڤین ئینجێر"، ئەندامی پارلمانی یەکیەتیی ئورووپا، سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و لە لایەن وەفدێکی حیزبی دێموکراتەوە، بە سەرۆکایەتیی "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبەوە پێشوازییان لێکرا.

"ئەڤین ئینجیر" خۆشحالیی وەفدەکەی خۆی بەنیسبەت سەردانکردنی حیزبی دێموکرات دەربڕی و دەوری حیزبی دێموکراتی لە بزاڤی نەتەوایەتیی نەتەوەی کورد بەرز نرخاند.

پاشان "هیجری"، وێڕای پیرۆزباییکردن لە "ئەڤین ئینجێر"، بۆ بوونە ئەندام لە پارلمانی ئورووپا، سپاسی سەردانی ناوبراو و وەفدی هاوڕێی کرد.

 لە دیدارەکەدا، دوایین ئاڵوگۆڕەکانی کوردستان و بەتایبەت دۆخی کورد لە کوردستانی رۆژئاوا و ڕۆژهەڵات باسی لێوەکرا و لێپرسراوی حیزب دەوری پارلمانی ئورووپا و وڵاتانی ئەندام لەو یەکیەتییەی بەوردی باس کرد.

لە بەرانبەردا شاندی میوان هەوڵەکانی خۆیان لە هەمبەر نیشاندانی مەزڵوومییەتی نەتەوەی کورد لە بیروڕای گشتیی ئورووپا و پارلمانی ئورووپا هێنایە بەرباس.

لە دانیشتنەکەدا "قادر کەسیرگە"، ئەندامی پارلمانی سوئێد، "سەرکۆ گەلالی"، ئەندامی پارلمانی کوردستان و وەفدێکی نوێنەرایەتیی یەکیەتیی نیشتمانی لە سوئێد، بەشدار بوون.