کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥ کێڵگەی "ماری جوانا" لە شاری سنە دۆزرایەوە

12:35 - 12 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: لە درێژەی هەوڵە سیستماتیکەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێراندا بۆ لەنێوبردنی گەلی کورد، ئەمجارە لە ناوچەی کەڵاتەرزان، لە ٥ کێڵگەدا، ڕێژەیەکی بەرچاو "ماری جوانا" چێندراوە.

هەواڵە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن کە لە شاری سنە، ٥ کێڵگەی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەری "ماری جوانا" دۆزراوەتەوە کە لەو کێڵگانەدا، ٥ هەزار بنچکەگیای "ماری جوانا" چێندراوە.

ئەم کێڵگانە لە ناوچەی کەڵاتەرزان، شوێنەکەیان بە شێوازێکە کە ناکەوێتە بەرچاوی خەڵکەوە و بە نهێنی "ماری جوانا"ی لێ بەرهەم دەهێندرێت.

بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر لە کوردستاندا، لەژێر چاوەدێریی ڕاستەوخۆی سپای پاسدارانی ڕێژیمدا ئەنجام دەدرێت و هیچ کێڵگەیەکی لەم چەشنە بەبێ ئیجازەی سپای تێرۆریستی پاسداران مۆڵەتی بەرهەمهێنانی ئەم ماددانەی پێ نادرێت.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر لە نێوان خەڵک و بە تایبەت لاواندا، ساڵانێکە هەوڵی سڕینەوە و لەنێوبردنی نەتەوەی کوردی داوە و بۆ ئەم مەبەستەش لە هەموو دامودەزگاکانی خۆی کەڵک وەردەگرێت.