کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆزگەری گشتیی ڕێژیم، هەڕەشەی لە پێشنوێژی سونەمەزهەبی ئێرانشار کردووە

17:51 - 29 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: دۆزگەری گشتیی ڕێژیمی ئێران، قسەکانی مەلا تەیب زەهیی لەسەر دەسدرێژیی بۆ سەر ٤١ کچی ئەو شارەی بە بێبنەما زانیوە.

دۆزگەری گشتیی ڕێژیم، محەممەد جەعفەر مونتەزری، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی جۆزەردان، باسی لەوە کردووە، "ئەم ڕووداوە بەو جۆرەی نییە کە باسی لێوە کراوە و درۆیەکی تەواوە".

ناوبراو لە قسەکانیدا هەڕەشەی لە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە کردووە و وتوویەتی: ئەو کەسە دەکەوێتە بەر بەدواچوونە قەزایییەکان و بۆ ئەم کارە ڕێوشوێنە پێویستەکان ئامادە دەکرێت.

محەممەدجەعفەر مونتەزری، وتوویەتی: کەسێ کە وەها هەواڵێکی بێبنەما ساز دەکات و لە ڕێوڕەسمێکدا ڕای دەگەیەنیت، دەبێت بتوانێت قسەکانی بسەلمێنێت، دەنا بەپێچەوانەی ئەمە بێت، بە تۆمەتی ورووژاندنی ڕای گشتی لە ڕێگای یاسایییەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم وتوویەتی: هەواڵێک کە پێوەندی بە "کردەوە ئیخلاقییەکان، نامووسی خەڵک و ئەو شتانەی کە باری کەرامەتی و ئابڕوویی هەیە، بە حوکمی ڕێسا شەرعی و یاسایییەکانەوە دەبێت بە شاراوە بمێننەوە".

هەڵوێستی دۆزگەری گشتیی ڕێژیم بە هۆی ئەوەی بووە، کە پێشنوێژی سونەمەزهەبەکانی شاری ئێرانشار دەسدرێژی چەند کەس لە دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی بۆ سەر ٤١ کچی ئەم شارە ئاشکرا کرد و بەو هۆیەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لەو شارە سەری هەڵدا، لە حاڵێکدا بەرپرسانی قەزاییی سیستان و بەلووچستان لەسەر وردەکاریی ئەم دەسدرێژییە وتوویانە: کە تەنیا دەسدرێژی بۆ سەر سی کچ کراوە.