کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆستێکی دێرینی حیزبی دێموکرات، کۆچی دوایی کرد

18:12 - 23 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: دۆست و تێکۆشەرێکی دێرینی حیزبی دێموکرات دانیشتووی شاری ئۆپسالای وڵاتی سوئێد بەهۆی نەخۆشییه‌وه‌ ماڵاوایی لە ژیان کرد .

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ٢٢ی خەرمانان، "کاک ڕەسووڵی حاجی سمایلی"، تێکۆشەر و دۆستی دێرینی حیزبی دێموکرات و خەزووری مامۆستا مەلاحەسەنی شیوەسەڵی، ئەندامی ئیفتخاریی ناوەندی سیاسی بەهۆی نەخۆشییه‌وه‌ ماڵاوایی لە ژیان کرد .

کاک ڕەسووڵی حاجی سمایلی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی لە گوندی ” ئاڵوەتان”ی ناوچەی مەنگوڕایەتی سەر بە شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و ناسراودا لە دایک بووە.

بە درێژایی شۆڕشی دیمۆکرات ماڵیان وەکوو موقەڕێکی حیزبی شوێنی حەوانەوە و پشوودانی ئەندامانی حیزب و کەسانی شۆڕشگێڕ و په‌ڕیوه‌كانی کوردستانی عێراق بووە.

کاک رەسووڵ ساڵی ١٣٤٢ بووە بە ئەندام و پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و لەگەڵ "مەلا نەجمەدین کەوکەبی"، "کاک عه‌زیزی ئوچاغ"، "مامۆستا مەلا عه‌زیزی ئەحمەدی"، "کاک مەحموود موجاهید" ناسراو بە "مەحموودە دۆڵ" هاوخه‌بات بووه‌.

هەمان ساڵ واتە ١٣٤٢ قاچاخ بوو و چووه‌تە باشووری كوردستان و تا ساڵی ١٣٤٦ وەکوو پێشمەرگە لە گەڵ کاک "سولێمانی موعینی" و "عەبدوڵڵای موعینی" و هاوڕێیانی لە  ڕیزی شۆڕشدا بووە و دواتریش بۆ دریژەدان بە خەبات و تیکۆشان گەڕاوەتەوە ڕۆژهەلاتی کوردستان.

دوای کۆتاییهاتنی جووڵانەوەی ٤٦-٤٧ی حیزبی دێموکرات دیسان هەموویان بە بنەماڵەوە ئاوارەی باشووری وڵات بوونه‌وه‌.

کاک ڕەسووڵ لەو کاتەوە بەردەوام دۆستایەتیی خۆی لەگەڵ ئەندامان و ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات درێژه‌ پێداوه‌ و وەک کەسایەتییەکی دیار و دۆستێکی نزیک و بەوەجی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوئێدیش بەردەوام لە خۆشی و ناخۆشییەکاندا پشت و پەنای کۆمیتەی حیزبی دێموکرات بووە، زۆر جار زیاتر لە ئەندامێکی حیزبی بە حیزبەوە ماندوو بووە و بەشداری لە رێوڕەسمەکانی حیزبیدا کردووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی لەدەستدانی ئەم کەسایەتییە نیشتمانپەروەرە، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە بەشداری خەمیان دەزانێت.