کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆلار بێدەنگی شکاند

12:20 - 4 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: لە دوای داکشانی نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی ئێراندا، بەهای دراوە بیانییەکان یەک لەوانە دۆلار دیسان بەرز بووەوە.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕاپۆرتەکانی خۆیاندا بڵاویان کردووەتەوە، کە نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی ئێراندا دیسان بەرز بووەتەوە و دانیان بە شکستی ئابووریی خۆیاندا هێناوە، کە نەیانتوانی نرخی دۆلار لە ئاستێکی دیاریکراودا ڕابگرن.

هەواڵدەریی "تەسنیم"، سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە بارەی نرخی دراوەکان لە ئێراندا بڵاوی کردووەتەوە، نرخی هەر دۆلارێک لە سەڕافییە دەوڵەتییەکاندا بە ٢٩٥ تمەن بەرزبوونەوە بە نیسبەت ڕۆژی ڕابردوو گەیشتە ١٠ هەزار و ٣٩٥ تمەن.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ڕێژیمی ئێران، لە سەڕافییەکانی خۆیدا هەر دۆلارێک بە ١٠ هەزار و ٢٩٥ تمەن، لە خەڵک دەکڕێتەوە و بە ١٢ هەزار و ٥٠ تمەنیش لە بازاڕدا دەیفرۆشێتەوە.

هاوکات ئەو نرخەش لە بازاڕدا دیاریکراو نییە و هەڵکشان و داکشانی هەیە.

ئەرزی بیانی لە ڕێگای هەناردەکردنی نەوت و گاز هاوردەی ئێران دەکرێت و ٦٨ لەسەدی ئەو داهاتە لە دەستی خودی ڕێژیمدایە و ٢٢ لەسەدی دیکەش لە ڕێگای هەناردەکردنی بەرهەمەکانی پێترۆشیمی هاوردەی ئێران دەکرێت.

ڕێژیمی ئێران بۆ پێداویستییەکانی خۆی وەک ئەرزی مسافرەتی، ناردنی نەخۆش بۆ دەرەوەی وڵات و بورسیە و بابەتی لەم چەشنە پێویستی بە دراوی بیانییە. بۆیە دەبێ بانکی ناوەندی قەرزی ساڵانەی خۆی بە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان کە کاروباری ماڵی و دراو ئەنجام دەدەن، بداتەوە.

بەگشتی خوازیاریی ئەرزی ساڵانەی ڕێژیمی ئێران لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ٨٠ هەتا ١١٠ میلیارد دۆلار بووە.

بانکی ناوەندیی سیاسەتی ماڵی و دراوی لە بەردەستدایە و کۆنتڕۆڵی بازاڕی لە دەستدایە.  بەڵام نوسخەکانی ئەو بانکە بۆ کۆنتڕۆڵی بازاڕی ئێران کاتی بووە.

لە لایەکی دیکەوە بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە بەردەوام باس لەوە دەکەن، ئێمە کۆنتڕۆڵی بازاڕ بەدەستەوە دەگرین و ناهێڵین نرخی دۆلار بەرز ببێتەوە. ئەوەی کە کە دیارە سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران لە بورای ماڵی و دراو شکستی هێناوە و بەپێی شرۆڤەی ئابووریناسان نرخی دۆلار لەوەش زیاتر بەرز دەبێتەوە.

مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ ئابووریناسان باسیان لەوە کرد، داکشانی نرخی دۆلار شتێکی ئاسایی نییە و بەدوور لە ڕاستییە. ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سپای پاسداران سەرەتای وەرزی پاییز لە ڕێگای پڕۆپاگەندە توانیان دۆلاری خەڵک بکڕنەوە و تەزریقی بازاڕی بکەن.

ئێستا بەپێی لێداون و قسەی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، چاوەڕوان دەکرێت کە نرخی دۆلار لەوە کە هەیە زیاتر بێت و هیچ ئۆرگانێکی ڕێژیمیش توانای کۆنتڕۆڵی نابێت، چونکە گەمارۆی ئابووریی هێزی ئابووریی ئێرانی لە کار خستووە.