کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆلار بەرز بووە

12:10 - 8 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: نرخی دۆلار لە بازاڕی ئێراندا بۆ جارێکی دیکە بەرز بووە و نرخی هەر دۆلارێک بە شێوەی یاسایی بوو بە ١٥هەزار تمەنی ئێرانی.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ئەگەرچی لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا هەڵسوکەوتی توند و ئەمنییەتیان بۆ کۆنتڕۆڵی بازاڕ گرتە بەر و پێشیان بە مامەڵەی ئازادی ئەرز گرت، بەڵام لە بەرەبەری پەسندکردنی خولی دووهەمی گەمارۆ ئابوورییەکان دیسانەوە نرخی دۆلاری حکوومەتی گەیشتە ١٥ هەزار تمەن و هەر یۆرۆش بوو بە ١٧ هەزار تمەن.

هاوکات، هەر سکەی زێڕ بە ٤ میلیۆن و ٨٠٠ هەزار تمەن مامەڵەی پێکراوە. بەرزبوونەوەی نرخی سکە و دراو لە کاتیکدایە که حەوتووی ڕابردوو بەهای هەر دۆلارێک ١٤ هەزار تمەن و هەر یۆرۆش ١٦ هەزارتمەن بوو.

کارناسانی ئابووری بە گشتی هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و کەمبایەخ بوونەوەی تمەن بە کاریگەریی گەمارۆوەکانی ئامریکا دەزانن و ڕێژیمیش کە توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی نییە، ناتوانێت بازاڕی ئەرز کۆنتڕۆڵ بکات و لە درێژەی ئەمساڵدا دەیان جار بازاڕی ئەرزی ئێران تووشی هەڵکشان و داکشان بووە.

بەرپرسانی ڕێژیم بەتایبەتی بانکی ناوەندی ئێران، بە بەردەوامی دروشمی ئەوە دەدەن، کە بازاڕی ئەرز لە کۆنتڕۆڵیانە و بەرنامەی تایبەتیان هەیە بۆ پڕبایەخکردنی تمەن لە ئێراندا، بەڵام لە بازاڕدا دەبینرێت، نەتەنیا لە کۆنتڕۆڵیاندا نییە، بەڵکوو هیچ بەرنامەیەکیشیان بۆ چارەسەریی قەیرانی ئەرز نییە.

پاش دووپاتبوونەوەی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، ئابووریی ئێران تووشی قەیران بووە و ڕێژیم گوشارەکانی خستووەتە سەر خەڵک و بە هەموو شێوەیەک خەڵکی ئێران قوربانیی سیاسەتەکانی خۆی لە ناوچەکە و جیهاندا دەکات.