کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیاردەی نانەسکێ لە ئێراندا پەرە دەستێنێت

16:32 - 31 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: قەیرانی ئابووری و کەمیی کار وایکردووە، کە خەڵکی ئێران لەگەڵ دیاردەی کار لە بەرانبەر تەنیا خواردن و تێرکردن بەرەوڕوو ببنە.

تێکدانی ژێرخانی ئابووری و قەیرانی بێکاری لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بووەتە هۆی ئەوەی کە جیلێک لە ئێراندا سەرهەڵ بدات کە تەنیا بۆ وەرگرتنی خواردن و تێرکردنی خۆیان کار بکەن و مووچە و داهاتوو بۆیان گرنگ نەبێت و کاربکەن تا لە برسییەتیدا نەمرن.

لە ڕۆژنامەکانی نێوخۆییی ئێراندا، کە بانگەشەی کار بڵاو دەکەنەوە، دەبیندرێت کە کەسانێکی زۆر ئامادەن، کە کاری پاکو‌خاوێنی، خزمەتگوزاری نێوماڵ بکەن بەبێ مووچە و تەنیا خاوەنکارەکان خواردنیان پێ بدەن و هەندێکیش هەن، کە تەنانەت شوێنی ژیانیان نییە و ئامادەن هەر کارێک بکەن، تاکوو شوێنی خەوتنیان پێ بدەن.

ئەو جیلە کە لە ئێراندا سەریان هەڵداوە، لە هەردوو ڕەگەزی ژن و پیاو پێک ‌هاتوون و قووڵایی کارەساتەکە لە ئاستێکدایە، کە ژنانی بێسەرپەرەست بۆ بژیوی ژیانیان و نەمردن لە برسییەتیدا بەدوای کارێک دەگەڕن کە شوێنی مانەوەیان هەبێت.

ئەم دیاردەیە لە ئاستێکدایە، کە نەک لە بانگەشەی ڕۆژنامەکان، بەڵکوو ڕۆژانە خەڵکی ئێران لەسەر شەقامەکان، لەگەڵ کەسانێک بەرەوڕوو دەبن، کە دەپاڕێنەوە و دەڵێن: کە ئامادەین هەموو کارێک بکەین لە بەرانبەردا تەنیا خواردن وەربگرن هەتا نەمرن.

کەمیی کار و کەمیی داهات لە ئێراندا وایکردووە، کە تەنانەت ئەو خەڵکەیش کە کاریان هەیە لە بەرنامەی خواردنی ڕۆژانەیان هەندێک خواردنی سەرەکیی کە لە بازاڕەکانی ئێراندا زۆر گرانن، وەلابنێن؛ بنەماڵەکان لەم بارودۆخە نالەبارە ئابوورییە ناچاربوونە بۆ پێڕاگەیشتن بە ژیانیان نەک خواردن، بەڵکوو سەفەرکردن و کڕینی هەندێک لە پێداویستییەکانی نێوماڵیش خۆیان ببوێرن.

بەگشتی خۆشگوزەرانیی کۆمەلایەتی لە ئێراندا بە هۆی سیاسەتە نامرۆڤانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئاستی دێتە خوارەوە و هیوا بە ژیان و داهاتوو لە نێو خەڵک کەم دەبێتەوە.