کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیاردەی پەنابەری و هەڵاتن لە ئێراندا ڕووی لە زیادبوونە

11:35 - 7 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: دیاردەکانی پەنابەری و هەڵاتن لە ئێران، لە لایەن چین و توێژەکانی ئەم وڵاتەوە ڕووی لە هەڵکشانە و خەڵک بە مەبەستی دابینکردنی ژیانێکی خۆش، ڕوو لە وڵاتانی دیکە دەکەن.

بڵاوبوونەوەی ئینفۆگرافیکێک سەبارەت بە پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوین باس لە ڕێژەی پەنابەرانی ڕۆژهەلاتی ناوین و ڕۆیشتنیان بۆ وڵاتانی دیکە لە نێوان ساڵەکانی ٢٠١٢ هەتا ٢٠١٨دا دەکات.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکانی ئەم ئینفۆگرافیکە لە ساڵەکانی ٢٠١٢ هەتا ٢٠١٨دا، زیاترین ڕێژەی پەنابەر لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، لە وڵاتی سووریە بووە کە ڕێژەکەی یەک ملیۆن و ٩٦هەزار و ٧٦٦ کەس بووە و وڵاتی ئاڵمان بە وەرگرتنی ٥٤٤ هەزار و ٧٨٤ کەس زۆرترین و وڵاتی ئۆتریش بە وەرگرتنی ٥٣ هەزار و ٢٠٣ کەس، کەمترین ئاستی وەرگرتنی پەنابەریان بۆ خۆیان تۆمار کردووە.

ئامارە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن کە لە ئاگۆستی ٢٠١٨دا، یەک ملیۆن و ٥٧٦ کەسی ئێرانی وەکوو پەنابەر، ئێرانیان بەجێ هێشتووە و بەگشتی لە ماوەی ٦ ساڵدا، ١٣١ هەزار و ٩٥٥ کەسی ئێرانی وەکوو پەنابەر، ڕوویان لە وڵاتانی دیکە کردووە.

نەبوونی جۆرەکانی خزمەتگوزاری و ڕەچاونەکردنی مافەکانی شارۆمەندی و هاووڵاتیبوون لە ئێراندا و هەروەها کێشەگەلی ئابووری و نەبوونی داهاتوویەکی ڕوون بۆ خەڵک، بەتایبەت لاوان و خوێندکاران، لە سەرەکیترین هۆکارەکانی هەڵاتنی مێشکەکان و پەنابردن بۆ وڵاتانی دیکە بە ئەژمار دێت کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە پەرەسەندندایە.