کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیاکۆ خەیات: ساڵی ٩٩ ساڵێکی سەخت و چارەنووس‌ساز دەبێت

13:24 - 3 خاکەلێوه 2720

وتووێژ: ڕەحمان سەلیمی

ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی لە ئێران بە هاتنی لافاوی کاولکەر دەستی پێکرد و بە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆتایی پێهات. لە ساڵی ٩٨دا کە گەورەترین ڕووداوەکان لەژێر سێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هاتنە ئاراوە کە گەورەترین کارەساتی مرۆیی لێکەوتەوە.

لە ساڵی ٩٨دا وێڕای چڕتربوونی گەمارۆکانی ئامریکا دژی ئێران، چەندین ڕووداوی گەورەی وەکوو خرۆشانی خەڵکی ئێران و کوردستان دژی ڕێژیمی ئێران لە مانگی خەزەڵوەر کە کوژارن و بریندابوونی هەزاران کەسی لێکەوتەوە، کوژرانی قاسم سلێمانی و بە دوای ئەودا خستنە خوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی لەلایەن سپای تیرۆریستی پاسداران و هەروەها بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنەکان و تەشەنەکردنی نەخۆشیی کۆرۆنا و لێکەوتەکانی، کۆڵەکەکانی ڕێژیمی ئێرانی وەلەرزە خست.

هاتنی ساڵی ١٣٩٩ لە حاڵێکدایە کە ڕێژیمی ئێران هیچ ڕەواییەکی لەنێو خەڵکدا نەماوە و گەورەترین قەیرانەکان بەرۆکی ئەم ڕیژیمەی گرتووە. لەم پەیوەندییەدا لەگەڵ بەڕێز ''دیاکۆ خەیات''، چالاکی سیاسی لە کانادا، ئەم بابەتەمان خستووەتە بەر باس کە سەرنجتانی بۆ خوێندنەوەی ڕادەکێشین.    

١- ساڵی ۹٨ بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران چۆن تێپەڕی و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕووداو و قەیرانانە کە بەرۆکی ئەو ڕێژیمەی گرتووە، ئێستا کۆماری ئیسلامی لە چ دۆخێکدایە؟

ساڵی ٩٨ درێژە و ترۆپکی ڕەوتێکی قەیراناوی و ڕووخێنەری مێژووی کۆماری ئیسلامی بوو. ڕەوتێکی قەیراناوی کە تایبەتمەندیی زاتی و پارێزهەڵنەگریی کۆماری ئیسلامی بووە و هەیە و درێژەی دەبێت. کۆماری ئیسلامی مەحکووم بە ڕووخانە و ئەو ڕووخانە زەروورەتێکی مێژووییە. ڕەنگە بڵێن ئەو زەروورەتە لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت؟ وڵامەکەی لە پێکناکۆکییە بنەڕەتییەکانی کۆماری ئیسلامی دێتەدەر. ئەو کێشەیەی کۆماری ئیسلامی چارەهەڵگر نییە.  ئەگەر ساڵانی ڕابردوو کۆماری ئیسلامی "زەخیرەیەکی" هەبوو و دەیتوانی بە هەڵخەڵەتاندن و کایەی سیاسی و فریودان، خەڵک لە چاوەڕوانیی باشتربوونی دۆخی ژیان و کەرامەتیان ڕابگرێت، لە ساڵی ٩٦ـەوە "زەخیرە"کەی بنی هاتووە و کۆمەڵێکی زۆر قەیران لەدوای قەیران بەرۆکی گرتووە و دەگرێت. لە ساڵی ٩٨دا لانیکەم سێ قەیرانی سەرەکی و جیددی کە هەریەک لەوانە بۆ ڕووخانی ڕێژیمێک بەس بوو، بەرۆکی ڕێژیمیان گرت. چاوەڕوانیش دەکرێت کە لە دوای ئەو قەیرانەی کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کرۆنا و دەرکەوتنی چەندبارەی ناکارەمەیی ڕێژیم بۆ پارێزگاریکردنی خەڵک لەو قۆناغەدا، هاتووەتە پێش و هەروەها بەهۆی قەیرانێکی قوڵی بێوێنەی ئابووری کە بۆ ساڵی ٩٩ چاوەڕوان دەکرێت، ڕێژیم لەگەڵ شەپۆلێکی دیکەی ناڕەزایەتیی خەڵک کە زۆر بەهێزتر لە جاران دەبێت بەرەوڕوو بێتەوە.

٢- لە سالی ۹۹دا و وێڕای ئەم قەیرانانەی کە بەرۆکی ڕێژیمی ئێرانی گرتووە، ئایا ئەم  ڕێژیمە دەتوانێت درێژە بە تەمەنی خۆی بدات؟

دیارە ڕێژیم لانیکەم لە دوای ساڵی ٩٦ـەوە بە شێوەیەکی ڕوون و دیار کەوتووەتە نێو قەیرانێکی قووڵەوە کە دەکرێت ناوی بنێینە "قەیرانی ترس لە ڕووخان". بۆیە لانیکەم لەو کاتەوە زۆربەی هەرەزۆری سیاسەت و ستراتیژییەکانی ڕێژیم بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە بوونە، بەڵام نەتەنیا سەرکەوتوو نەبووە بەڵکوو سێ ساڵی ڕابردوو نیشانی داوە کە لێژایی هێڵی چەمیاوی ئەو قەیرانە هەر دێت و زۆرتر دەبێت. بۆیە هەروەک پێشتریش عەرزتانم کرد، چەند مانگی داهاتوو دوای ئەو ڤایرۆسە، ڕێژیم لەگەڵ شەپۆلێکی زۆر بەهێز و ڕووخێنەری ناڕەزایەتی بەرەوڕوو دەبێتەوە کە زۆر کەس بە یەکلاکەرەوەی دەزانن. ساڵی ١٣٩٩ لە باری ئابووریشەوە هەروەک باس کرا، ڕێژیم تووشی شکست دەکات. هەڵاوسانێکی بێوێنە و بێکارییەکی لەڕادەبەدەر لە پێش خەڵک دەبێت کە تەحەمولکردنەکەی نامومکین دەبێت. هیچ یەک لەو داهاتانەی دەوڵەت کە لە بودجەی ئەمساڵدا پێشبینیی کردووە نایەتە دی، بۆیە ناچار دەبێت بە چاپکردنی دراو، تێچووەکانی خۆی بدات. بەپێی لێکدانەوەکان، چاپخانەی بانکی ناوەندی سەرەکیترین سەرچاوەی داهاتی دەوڵەت دەبێت کە ئەمەش بە واتای لەبەریەک هەڵوەشاندنی یەکجارەکیی ئابووری دەبێت.

٣- خەڵکی ئێران لە کاتێکدا پێ دەنێنە ساڵی ۹۹ کە لە هەموو مافەکانیان بێبەش کراون و هەرچی کارەساتە لە ماوەی دەسەڵاتداریی کۆماری ئێسلامی بەسەریاندا تاقی کراوەتەوە، خەڵک دەبێ چی بکات کە  چیدیکە ڕووبەڕووی ئەم ئەزموونە تاڵانە نەبێتەوە؟

خەڵک دەتوانن زۆر شت بکەن بۆ ئەوەی ئەو مێژووە تاڵە بگۆڕن. بەڵام سەرەکیترین کار ئەوەیە کە خەڵک ترسیان لە ڕێژیم بشکێت و باوەڕیان بە هێزی خۆیان هەبێت. ئەوەش لە ساڵی ٩٦ـەوە ڕووی داوە. بەڵام پێویستە فراوانتر و گشتگیرتر بێت. پێویستە لە هەموو دەرفەتێک کەڵک وەربگرن بۆ لەقاودانی ڕێژیم بە هەموو باڵەکانیەوە. پێویستە هەروەک لە ساڵی ٩٦ـەوە پێیگەیشتوون فریوی نمایەشەکانی ڕێژیم نەخۆن. ڕێژیم زۆر هەوڵ دەدات وا بنوێنێت کە ڕیگەچارەکە لەنێو خودی سیستەمەکەدایە و پێویست بە ڕووخان ناکات. بۆ ئەو مەبەستەش سەرنجی خەڵک بۆ لای شەڕ و دمەقاڵەی باڵەکان ڕادەکێشێت و هەوڵ دەدات سەنتێزێکی کە لەنێو دڵی خۆی دێتەدەر وەک چارەسەر پێشکەش بکات، واتە بەدوای حەلێکی "دەروون ساختاریـ"ـیەوەیە. بۆ ئەو مەبەستەش ژوورە فکرییەکانی "شورای ئەمنییەتی میللی" و بەیتی خامنەیی و سپای تێرۆریستی پاسداران بەردەوام بە شێوەی زیرەکانە و لێزانانە کاری لەسەر دەکەن. بۆیە گرینگە کە خەڵک بزانن -کە دەشزانن- هیچ ئاڵترناتیڤێک ناتوانێت لە دڵی ئەو ڕێژیمە بێتە دەر و هەموو پێکهاتەی ئەو ڕێژیمە دەبێ بە مێژوو بسپێردرێت. هەروەها، خەڵکی ئێران و بەتایبەتی کوردستان، پێویستە لە بیریان بێت کە ئەو ژیان و حکوومەتەی ئێستا شیاوی هیچ مرۆڤێکی ئەو سەردەمە نییە و ئەوان شایانی ژیانێکی زۆر لەوە باشترن. بۆیە لەگەڵ ئەوەیکە دەبێ هەموو هێزی خۆیان یەک بخەن بۆ ڕووخاندنی ئەو ڕێژیمە، دەبێت چاویان لە داهاتووش بێت و نەهێڵن جارێکی دیکە ڕەنج بەخەسار بن.

٤- بە سەرنجدان بەو ئاڵوگۆڕانەی کە لە ساڵی ۹٨دا هاتنە ئاراوە، بە ڕای ئێوە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران بەپێی پێویست هەنگاویان هەڵێناوە؟

نە بەداخەوە. بەداخەوە تەنیا خاڵێک کە لەو قۆناغەدا بە قازانجی ڕێژیم و بە زیانی خەڵک شکاوەتەوە نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز و خاوەن پیگەی جەماوەرییە. دیارە ئەوەش ئاکامی ٤٠ ساڵ تێرۆر و کوشتاری دژبەرانی ڕێژیمە. ئەو ڕێژیمە هەر لە سەرەتاوە سەدان کەس لە دژبەرانی خۆی کە دەیانتوانی کاریگەر بن لەسەر ڕێکخستنی ئۆپۆزسیۆن تێرۆر کرد. ئێستاش خەریکە نانی ئەو تێرۆرانە دەخوات. بەداخەوە تەنیا کوردستانە کە خاوەنی وەها ئۆپۆزسیۆنێکە کە دەزانێت چی دەوێت و چۆن بچێتە پێش. بەڵام ئەوەش دەبێ بزانین کە مێژووی هیچ وڵاتێک بە سەرکوت ڕانەوەستاوە. پێشبینی دەکرێت خەڵکی ئێرانیش بەم زووانە بەسەر ئەم کەمایەسییەدا زاڵ دەبن.

٥- وەکوو خۆتان ساڵی ۹۹ چۆن دەبینن و چ پەیامێکتان بۆ خەڵکی کوردستان هەیە؟

ساڵی ٩٩ ساڵێکی سەخت و چارەنووس‌ساز دەبێت. ڕێژیم بەهۆی سیاسەتە هەڵە و ماهییەتە دژەمێژووییەکەی، هەلومەرجی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێرانی بە تەواوی تێک داوە. گەمارۆکان زیاتر و توندتر لە جاران بەردەوام دەبن، بودجەی ٩٩ ئابووریی ئێران بەتەواوی وێران دەکات، خەزێنەی دەوڵەت بەتەواوی بەتاڵە،  ڤایرۆسی کۆرۆنا ناکارامەیی ڕێژیم و بێکیفایەتیی ئەو سیستەمەی بەڕوونی وەدیار خستووە، شکافی نێوان ڕێژیم و خەڵک لە هەموو کات قووڵتر و بەرینترە و چەندین قەیرانی دیکە دەبنە هۆی ئەوەی کە توانایی ڕێژیم بۆ مەهار و کۆنترۆڵی ڕووداوە چاوەڕواننەکراوەکان، وەک مردنی خامنەیی، هێرشی سەربازیی دەرەکی، کودەتای سەربازی، بەرشکست بوونی دەوڵەت، و... هتد زۆر لاواز بێت و بە چکۆلەترین زەربەیەک کە وەپەیکەری ڕێژیم بکەوێت، تێک بڕووخێت.  بۆیە ساڵی ٩٩ لەگەڵ ئەوەیکە بۆ خەڵک سەخت و دژوار دەبێت چارەنوس‌سازیش دەبێت. لەو نێوەدا خەڵکی کوردستانیش کە لە هەموو کات ئامادەتر و ڕێکخراوترن، پێویستە هەر وەک جاران پشتیوانی حیزبە سیاسییەکان بن و یەکگرتوویی خۆیان لە چوارچێوەی پێڕەوکردنی ڕێنمایی و بەرنامەی سیاسیی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بپارێزن و لە هەر دەرفەتێک بۆ دەربڕینی ئاوات و ویستەکانیان کەڵک وەربگرن. پێویستە بە هەموو دنیا و ئێران ڕابگەیەنن کە دابینکردنی مافی نەتەوایەتیی کوردستان خواستی بەرحەق و بێ ئەم‌لا و ئەولای خەڵکی کوردستانە. دەنگی بەرزی خەڵکی کوردستان دەبێتە پشتیوانەی هێزە سیاسییەکانیان و ڕاستەوخۆ کاریگەریی دەبێت لەسەر چارەنووسی کورد لە داهاتوودا. بۆیە هیوادارم وێڕای پتەوڕاگرتنی یەکگرتوویی خۆیان، وەک هەمیشە دەنگ هەڵبڕاو بن و پشتیوانی حیزبە سیاسییەکانی خۆیان بن. سەرکەوتن و وەدیهاتنی ئاوات و ئامانجەکانی گەلی کورد لە ساڵی ٩٩دا، بۆ منیش وەک تاکێکی کورد هیوایەکی ڕوون و نزیکە.