کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری لێپرسراوی گشتیی حیزب لە ناوەندیی لێکۆڵینەوەی لەندەن

11:51 - 24 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: ناوەندیی لێکۆڵینەوەی لەندەن کۆڕێکی بۆ بەڕێز مستەفا هیجری ڕێکخست و تێیدا لێپرسراوی گشتیی حیزب باسی لەکۆمەڵێک پرسی پێوەندیدار بە ئێران و کوردستان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی جۆزەردان، ناوندیی لێکۆڵینەوەی لەندەن لە یەکێک لە بیناکانی سەر بە کۆنگرەی ئامریکا کۆڕێکی تایبەتی بۆ سەرکردایەتی کورد سەبارەت بە داهاتووی ئێران و ڕۆڵی کورد بەڕێوە برد کە تێیدا لێپرسراوی گشتی حیزب بە وردی باسی لە دواڕەوشی کوردستان کرد.

لەم دانیشتنەدا کە چەندین ئەندام کۆنگرە، ستافێری چەندین ئەندام کۆنگرە، لێکۆڵەر و ئەندامانی ناوەندیی لێکۆڵینەوەی لەندەن و هەروەها نوێنەری چەند میدیا و دەزگای ڕاگەیاندن بەشدار بوون، بەڕێز هیجری باسی لەوە کرد کە کورد لە کوردستانی ئێران لەژێر زەخت و گوشارێکی زۆردایە و پێویستی بەوە هەیە کە یارمەتی بکرێت بۆ ئەوەیکە بتوانێ لەبەرامبەر ڕێژیمی دڕندەی کۆماری ئیسلامیدا ڕابوەستێ.

باسی لەوەش کرد کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نەتەنیا کێشەیە بۆ خەڵکی وڵاتی ئێران بەڵکوو سەرئێشەیەکی سەرەکییە بۆ تەواوی ناوچەکە و پێویستە پشتگیری لە خەڵکی ئێران و بەتایبەت کوردەکان بکرێت تاکوو بتوانن ئەو ڕێژیمە بگۆڕن و لەبەرامبەریدا ڕابوەستن کە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەیکە سوڵح و ئاشتی لە هەموو ناوچە و تەنانەت جیهانیش جێگیر ببێت.

هەر لەم دانیشتنەدا بەڕێز مستەفا هیجری کۆمەڵێک زانیاری وردی هێنایە بەرباس و لێکدانەوە و بیروڕای حیزبی دێموکراتی لەهەمبەر دوایین ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە و ئێران و کوردستان خستەڕوو و هەموو گرفت و کێشەکانی گرێ دایەوە بە کۆماری ئیسلامی و سیاسەتە نامرۆڤانەکانی و باسی لەوە کرد کە ئەگەر لە داهاتوودا جیهانێکی ئارامی بە دوور لە کێشەمان دەوێ دەبێ وەک یەکەم هەنگاو هەوڵ بۆ نەمانی کۆماری ئیسلامی بدەین.

پێویست بە ئاماژەیە کە لەم دانیشتنەدا بەرێز عەبدوڵا مۆهتەدی سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانیش بەشدار بوو.