کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری نوێنەری حیزبی دێموکرات لەگەڵ ئەندام پارلمانی ئورووپا

17:04 - 3 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ ئەندام پارلمانی ئورووپا لە وڵاتی بلژیک دیدارێکی پێکهێنا.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٩ی ڕەشەمەی ١٣٩٧هەتاوی ، لە چوارچێوەی چالاکیی پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئیران، حیسام دەستپیش نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پارلمانی ئورووپا لە وڵاتی بلژیک لەگەڵ  " لەمبێرت ڤان نێستێلڕۆی" ئەندام پارلمان لە سەر لیستی دێموکرات مەسیحییەکان دێدارێکی پێکهێنا.

لەم دیدارەدا نوێنەری حیزبی دێموکرات،  پرسی کورد، وەرزی نوێی خەبات لە خۆرهەڵاتی کوردستان،  ناوەندنی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران و بەتایبەت پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە لایەن کۆماری ئیسلامی لە خۆرهەڵاتی کوردستانی هێنایە بەرباس. 

''نێستێلڕۆی'' پاش ڕاپۆرت و قسەکانی نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران،  بەڵێنی ئەوەی دا کە هەم لە پەرلەمانی ئورووپا و هەمیش لە وڵاتی هولەند کە زێدی ناوبراوە، بۆ گەیاندنی دەنگی گەلی کورد لە  خۆرهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت ئەو پیشێلکارییانەی بەرانبەریان دەکرێت،  یارمەتیدەر بێت.

نێستێلڕۆی بە ڕەگەز خەڵکی وڵاتی هولەندە و تاکوو ئێستا سێ خول وەکوو نوێنەر لە پەرلەمانی ئورووپادا هەڵبژیردراوە.

نوێنەری حیزبی دێموکرات  لە هەمان ڕۆژدا بە جەخت کردن لە سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەشداریی لە کۆنفرانسێکدا لە پەرلەمانی ئورووپا کرد کە تایبەت بە "شەڕی سایبێری" بوو.

 لەم کۆنفرانسەدا جەخت  لە سەر ئەوە کراوە کە شەڕی سایبێری دەبێت بە جیدی وەربگیرێت و بەرەڕووی هێرشە سایبرییەکانی ئەو وڵاتانە ببنەوە که بۆ دێموکراسی لە ئورووپادا مەترسی ساز دەکەن.