کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری نێوان شاندی حیزبی دێموکرات و شاندی حیزبی سوسیال دێموکراتی سوئێد

11:49 - 9 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: کۆمەلێک بابەتی پێوەندیدار بە جووڵانەوەی کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستان و سیاسەتی کۆمەڵکوژیی سیستماتیکی کوردەکان لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، لەگەڵ شاندێکی حیزبی سوسیال دێموکراتی سوئێد گفتوگۆی لەسەر کرا.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی "محەممەد نەزیف قادری" جێگری دووهەمی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات، لە دیدارێکدا لەگەڵ هەیئەتی حیزبی سوسیال دێموکراتی سوئێد، پێکهاتوو لە خاتوە "ئەڤین ئینجێر" جێگری بەرپرسی پەیوەندییه نێودەوڵەتییەکان، "سامی مایشیل" وتەبێژی وەزارەتی وزە بۆ هەماهەنگیی سیاسی و خاتوو "سانا ئیلیاسۆن" بەرپرسی پرۆژەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باشووری ئامریکا لە دەزگای ئۆلێف پالمە، کە بۆ کۆمەلێک بەرنامە و دیدار لەگەڵ چەند حیزبێکی کوردستانی هاتبوونە هەرێمی کوردستان، تیشکیان خستە سەر کۆمەلێک بابەتی پێوەندیدار بە جووڵانەوەی کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستان و سیاسەتی کۆمەڵکوژیی سیستماتیکی کوردەکان لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە .

لەو دیدارەدا "محەممەد نەزیف قادری"، جەختی کردەوە کە لە ڕاستای ئەو بارودۆخە نالەبارەدا کە ڕێژیمی ئێران بۆ خەڵکی کورد هێناویەتە پێش و بەردەوام درێژە بە کردەوە تێرۆریستییەکانی لە ناخۆ و دەرەوە بۆ لەناوبردنی جیابیران و دژبەرانی دەدات، پێویستە سوسیال دێموکراتەکانی ئورووپا و ئەو هێز و لایەنانەی کە بڕوایان بە دێموکراسی، مافی مرۆڤ و سەقامگیری هەیە، پشتیوانی لە خەباتی جەماوەری و مەدەنیانەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ گەیشتن بە مافە نەتەوەییەکانیان و کەڕامەتی مرۆییان بکەن.

هەر لەم پێوەندییەدا، جێگری دووهەمی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات، کۆمەلێک داتا و دیکیۆمێنت و زانیاریی پێوەندیدار بە پێشیلکاریەکانی دژە مرۆیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی، ڕادەستی شاندی سوسیال دێموکراتەکان کرد.