کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیسان بوومەلەرزە دڵی پارێزگای کرماشانی هەژاند

11:37 - 15 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: دیسان بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٤/٤ پارێزگای کرماشانی هەژاند.

بەپێی هەواڵێک کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرام، لە نێوخۆی ئێراندا بڵاو بووەتەوە، نیوەشەوی سێشەممەی، کاتژمێری ٢ و ٨ خولەک، بوومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی ٤/٤ گوندی تازاوا، سەر بە شاری سەرپێڵی‌زەهاوی لە پارێزگای کرماشانی لەرزاندەوە.

هەر بەپێی ئەم هەواڵە، ئەم بوومەلەرزە بە درێژایی جوغرافیای ٣/٤٦، پانتایی جوغرافیای ٦/٣٤ و لە قووڵایی ٨ کیلۆمێتر ڕووی داوە.

لەم پێوەندییەدا، هێندێ لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکانی تێلێگرام لە نێوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات، باسیان لەوە کردووە، کە ئەم بوومەلەرزە لە شارەکانی بۆکان، سەقز، بانە، قوروە، ڕوانسەر، کامیاران، جوانڕۆ و پاوەش هەستی پێ کراوە.

یەکەمین بوومەلەرزە کە لە پارێزگای کرماشان، لە شارەکانی سەرپێڵی‌زەهاو و دەوروبەری ڕووی دا، لە ڕێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو بوو، کە قوربانیبوون و ئاوارەیی خەڵکی بێدەرەتانی ئەو ناوچەیەی لێ کەوتەوە و هەتا ئێستەش بەرپرسانی ڕێژیم تەنانەت نەیانتوانیوە قاتێک خانوو بۆ ئەو خەڵکە نۆژەن بکەنەوە، یان خزمەتگوازرییە گشتی و بێهداشتییە ستاندرادەکان بەو خەڵکە بگەیەنن، ئەمە لە حاڵێکدایە کە هەر بە سامان و پارەی ئەو خەڵکە، لە لوبنان و فلستین بە مەبەستی پەرەپێدان بە دەسەڵاتی خۆی جیا لە نۆژەنکردنەوەی سەدان قوتابخانە و مزگەوت، دەیان شارەکی نوێی ساز کردووە.