کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیسان لە ئێراندا نرخەکان بەتایبەت دۆلار بەرز بوونەتەوە

12:16 - 22 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: نرخی دۆلار، زێڕ، ئۆتۆمبیل و خانوبەرە لە ئێراندا، دیسان ڕوویان لە هەڵکشان کردووە.

بەپێی هەواڵدەرییە نێوخۆیییەکانی ئێران، لە ڕۆژی دووشەممە ٢١ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، نرخی دۆلار  گەیشتە ٦٩٠٠ تمەن و نرخی سکەی زێڕیش نزیک بە ٢ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن فرۆشراوە.

هەر لەم پێوەندییەدا ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، کە لە ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا، نرخی ئۆتۆمبیل لە ٢ میلیۆن هەتا ٤٠ میلیۆن زیادی کردووە.

ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، باسیان لەوە کردووە، نرخی دۆلار کە سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ١٩ی جۆزەردان ٦٧٣٠ تمەن بوو، لە ئێوارەی هەمان ڕۆژ بە ٦٩٠٠ تمەن گەیشتووە.

ئەم ماڵپەڕانە هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە، نرخی سکەی زێڕ کە ڕۆژی دووشەممە بە ٢ میلیۆن و ٤٥٠ هەزار تمەن گەیشت، لە بەراورد لەگەڵ حەوتووی پێشوو ٤٠٠ هەزار تمەن گرانتر بووە.

گرانبوون و هەڵکشانی نرخەکان هەر لە پێوەندی لەگەڵ دۆلار و زێڕ نییە، بەڵکوو نرخی خانوبەرەش گران بووە و یەک مێتر چوارگۆشەی خانوبەرە لە تاران یەک میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن زیادی کردووە، کە لە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشوو لە ٤ میلیۆن و ٥٣٠ هەزار تمەنەوە، بە ٥ میلیۆن و ٩٨٠ هەزار تمەن گەیشتووە.

بەرزبوونەوەی نرخی خانوبەرە لە ئێراندا لەسەر مامەڵەکردنی خانوو کاریگەریی نەرێنی داناوە و تواناییی کڕین و فرۆشتنی خانوبەرە هەتا ئاستی ٢٥ لەسەدیی دابەزیوە.

ئەگەرچی لەگەڵ گرانبوونی نرخی خانوبەرە، لە لایەن ڕێژیمەوە وام بە کڕیارانی خانوو دەدرێت، بەڵام ئەو ڕێژە وامەی کە بە خەڵک دەدرێت ٤٠ لەسەدی ڕێژەی نرخی خانووبەرە لە ئێراندایە و هەروەها قیستەکان زیاتر لە لانیکەم و نێونجیی مووچەی فەرمانبەران و کرێکارانی ئێرانییە.

هەرچەندە سەرکۆماری ڕێژیم بەڵێنی دابوو، کە نرخی دۆلار لە ٤٢٠٠ تمەن زیاتر ناڕاوتە سەرەوە، بەڵام پاش کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام و هەروەها کشانەوەی کومپانیا بازرگانییەکان لە ئێراندا، نرخی شتومەکەکان و بەتایبەت دۆلار ڕووی لە هەڵکشانە و نیگەرانی و دڵەڕاوکێیەکی سەیر لە بازاڕەکانی ئێراندا زاڵ بووە.