کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیپلۆمات تیرۆریستەکانی ئێران بە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتی دانمارک هەژمار دەکرێن

17:06 - 23 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسێکی وڵاتی دانمارک ڕایگەیاند، دیپلۆمات تیرۆریستەکانی ئێران هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەمان و دەبێت لەم وڵاتە دەربکرێن.

ڕادیۆ دەنگی ئیسڕائیل ئاشکرای کرد "ناسر خادر" وتەبێژی کۆمیتەی بەرگریی  وڵاتی دانمارک و ئەندامی حیزبی کۆنەپارێز (محافیزەکار)ـی ئەو وڵاتە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ "ڕادیۆ دانمارک" ڕایگەیاندووە دیپلۆمات تیرۆریستەکانی ئێران کە سەر بە سوپای تیرۆریستی پاسدارانن، وەکوو هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەمان دێنە هەژمار و دەبێت لەم وڵاتە دەربکرێن.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا مانەوەی دیپلۆمات تیرۆریستەکانی ئێرانی لە وڵاتەکەیان بە کێشەیەکی گەورە ناو برد و لەمبارەیەوە  وتی: "ئێمە دەبێت بە شێوەیەکی جیددی لەگەڵ ئەم کێشەیە هەڵسوکەوت بکەین و ئەو کەسانەی کە سەر بە سوپای پاسدارانن لە باڵوێزخانەی ئێران لە شاری کۆپێنهاگ، دەربکەین".

پاش ئەوەیکە لە سەرەتای مانگی خەزەڵوەری ۱۳۹۷ی هەتاوی، لێپرسراوانی ئەمنی وڵاتی دانمارک ڕایانگەیاند، بە هاوکاریی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی دوو وڵاتی سوئید و نۆروێژ پیلانێکی تیرۆریستیی تیرۆریستەکانی ئێرانیان هەڵوەشاندووەتەوە، ئاندرێس سامۆئێلسۆن وەزیری دەرەوەی وڵاتی دانمارک وێڕای بانگهێشتی باڵوێزی وڵاتەکەی لە ئێران، بۆ چەندین جاری بەردەوام باڵوێزی ئێرانی لەو وڵاتە بانگهێشت کرد و لەمبارەیەوە  هۆشداری پێ داوە.

هەر لەمبارەیەوە "مایک پۆمپێئۆ"، وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تویتێکدا لە ڕایەڵەی تویتێری خۆی، پشتیوانی وڵاتەکەی سەبارەت دژەکردەوەکانی وەزیری دەرەوەی وڵاتی دانمارک بەرانبەر بە هەوڵە تیرۆریستییەکانی ئێران لەو وڵاتە، دەربڕی.