کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیپلۆماتێکی ڕێژیمی ئێران لە فەرانسە دەرکرا

10:15 - 5 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: بە هۆی کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران، وڵاتی فەرانسە دیپلۆماتێکی ڕێژیمی ئێرانی لە خاکی خۆی دەرکردووە.

هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە دەوڵەتی فەرانسە دیپلۆماتێکی ئێرانی بە هۆی دەست هەبوون لە کردەوەی تێرۆریستیی لە کۆبوونەوەی موجاهیدنی خەڵک لە پاریس لە وڵاتی خۆی دەرکرد.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٠ی ڕەزبەر، دەوڵەتی فەڕانسە لە ڕاگەیەندراوێکدا  دەست بەسەرگیرانی داراییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم و دووهاووڵاتی دیکەی ئێرانی کە گومانی ئەندامبوونیان لە سرویسە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران لەسەر بوو ڕاگەیاند.

لەم ڕاگەیەندراوەدا کە بەشێوەیەکی هاوبەش لە لایەن وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی ئابووری وڵاتی فەڕانسە بڵاو کراوە، جەخت لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆریزم بە تایبەتی لە خاکی ئەم وڵاتەدا کرا.

ئەم سێ وەزارەتخانەیە لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەیاندا نووسیویان: "هەوڵی هێرشێکی تیرۆریستی لە ڤیوپۆنت لە ڕێکەوتی ٣٠ ژوئەن پووچەڵ کرایەوە، بەڵام ڕووداوێکی لەم چەشنە ناتوانێت بێ سزا تێبپەڕێت".

داراییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و ئەم دوو هاووڵاتییە ئێرانییە بە هۆی ڕووداوە تیرۆریستییەکەی ڕێکەوتی ٣٠ی ژوئەن بۆ سەر کۆبوونەوەی ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵک و تۆمەتباربوونیان بە هەبوونی دەست لەم ڕووداوەدا، دەستی بەسەردا گیرا.