کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرزیی تێستێسترۆن بە ناوی پوودری نارگیل و کاکائووەوە هاوردە دەکریت

11:32 - 17 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: بەکارهێنەرێکی ماڵپەڕی "تی تەک"، بە ناوی پوودری نارگیل و کاکائووەوە، دەرزیی تێستێسترۆنی بۆ وڵاتی ئێران هاوردە کردووە.

"سەعید نەمەکی"، وەزیری تەندروستی، دەرمان و فێرکاریی پزیشکیی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە بەکارهێنەرێکی ماڵپەڕی "تی تەک"، توانیویەتی بە ناوی پوودری نارگیل و کاکائووەوە، "دەرزیی تێستێسترۆن"، هاوردەی وڵات بکات.

ناوبراو ئەو حاڵەتەی بە ڕانتخۆری ناو لێ بردووە و وتوویەتی کە ئیجازە بە ئاوا سەرپێچیگەلێک نادەین و لە هەرکوێ ڕوو بدات پێشی پێ دەگرین.

"نەمەکی" هەروەها وتوویەتی: "تەندروستیی خەڵک بۆ من لە سەرووی هەموو شتێکە و بەرپرسایەتیی دەکەوێتە ئەستۆم و ئیجازە بەو حاڵەتە نادەم".

ئەو قسانەی وەزیری تەندروستی لە حاڵێکدایە کە بەردەوام لە ئێراندا قاچاخی دەرمان دەکریت و ڕانتخۆری وەک کردارێکی ئاسایی لێ هاتووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ماوەیەک پێش زانیارییەکان دەریانخست کە دوو دوکتوری ددانپزیشکی، ٦٠٧ هەزار دانە "ئیمپلەنتـ"ـی ساختەیی ددانیان هاوردە کردووە کە بۆ نەخۆشەکان کەڵکیان لێوەرگرتووە و تەندروستیی ئەو نەخۆشانە لە ئێستادا لە مەترسیدایە.

لە حاڵێکدا کە ٩٦ لەسەدی دەرمانی پێویستی نەخۆشییەکان لە ئێراندا بەرهەم دێت، ٥٠ لەسەدی ماددەی سەرەتایی بۆ بەرهەمهێنانی ئەو دەرمانانە لە دەرەوەی وڵات بۆ ئێران هاوردە دەکرێت.

بەو حاڵەشەوە هاوردەکردنی نایاسایی دەرمان لە ئێراندا، لە لایەن دەڵاڵانی بازاڕی ڕەشەوە بەردەوامە.