کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرمانە بێبەرانبەرەکانی تالاسمی چوار بەرانبەری نرخی دەوڵەتی دەگاتە دەستی نەخۆشەکان

16:00 - 26 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسی ئەنجومەنی تالاسمیی ئێران، وێڕای ڕەخنەگرتن له به پارەسەندن بۆ دەرمانەکانی تایبەت به تالاسمی، ڕایگەیاندووە: کە نرخی ئەم دەرمانانە ٤ بەرانبەر بووەتەوە.

مەیسەم ڕەمەزانی، بەرپرسی ئەنجومەنی تالاسمیی ئێران، سەبارەت به دۆخی هەنووکەییی ئابووریی ئێران ڕایگەیاندووە: ڕۆژانه زیاتر لە ١٠٠ پێوەندی تەلەفۆنیمان لە لایەن نەخۆشەکانەوە هەیە، که لە هەمبەر گرانبوونی نرخی دەرمانەکان نیگەرانن. بەداخەوە دۆخی تووشبووان به تالاسمی باش نییە و دۆخی هەنووکەیی نالەبارە".

ڕەمەزانی لە قسەکانیدا باسی لەوە کردووە: که تووشبووان به نەخۆشیی تالاسمی، لە لایەن دەوڵەت و ناوەندە دەوڵەتییەکانەوە پشتیوانییان لێ ناکرێت و ئەو گەڵاڵەیە کە بە ناوی "سەبەدی کاڵای پشتیوانی" لە لایەن وەزارەتی خۆشگوزەرانییەوە دیاری کراوە، تەنیا بۆ ئەو کەسانەیە کە لە ژێر پشتیوانیی کۆمیتە ئیمداد یان ڕێکخراوی بێهزیستیدان و ئەم پشکە بۆ ئەو کەسانە نابێت، که تووشبوو به نەخۆشییەکانی تالاسمی، هێمۆفیلی و نەخۆشییە بێچارەسەرەکانن.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: ئەمە لە حاڵێکدایە که هەندێک لەو نەخۆشانە کە نەخۆشیی تایبەتیان هەیە، لە حەفتەیەکدا دوو جار پێویستیان به دیالیز هەیە و ناتوانن کاریش بکەن، تاکوو داهاتێکیان هەبێت و بتوانن تێچووی دەرمانەکەیان دابین بکەن.

ناوبراو به جەختکردن لەسەر ئەوەی که تووشبووانی تالاسمی، چەند مانگە دەستیان به دەرمان ڕانەگەیشتووە، وتوویەتی: ئەم نەخۆشانە تووشی حاڵەتگەلی قورستر دەبن و نەبوونی دەرمان ئەگەر هەر بەم شێوەیە درێژە بکێشێت، لە ساڵی داهاتوودا، بینەری مردنی زۆربەی ئەو نەخۆشانە دەبین.

قەیرانی ئابووری و کێشەکانی بازاڕی ئەرز وای کردووە، کە نەبوونی دەرمان لە ئێراندا لە زۆرینەی دەرمانەکاندا تا ٣٠٠ لەسەد زیاد بووەتەوە.

بە هۆی کردەوەکان و بەڕێوەبەریی هەڵەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، بارودۆخی ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قەیراناویتر دەبێت و ژیان و گیانی خەڵکی ئێرانی لەگەڵ مەترسی بەرەوڕوو دەبێتەوە.