کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرمانە دەرەکییەکانی شیمیی دەرمانی لە ئێران بیمە ناکرێن

11:38 - 12 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: وەزارەتی بێهداشت و دەرمانی ڕێژیمی ئێران، دەرمانە دەرەکییەکانی تایبەت بە شیمیی دەرمانی لە لیستی بیمەدا سڕیوەتەوە.

وەزارەتی بێهداشت، سڕینەوەی دەرمانەکانی تایبەت بە شیمیی‌ دەرمانی، لە لیستی دەرمانەکاندا بە کارێک بۆ پشتیوانی لە بەرهەمهێنانی ناوەکی ناو بردووە.

ئەم وەزارەتەی ڕێژیمی ئێران، لە جۆزەردانی ئەمساڵەوە، پاش دابەزینی یەکجارەکیی نرخی ئەرز، ڕایگەیاندبوو، کە هاوردەکردنی دەرمانەکان بە نرخی ئەرزی ٤٢٠٠ تمەنی دابین دەکرێت و جێگای نیگەرانی نییە.

سەبارەت بە لابردنی ئەو دەرمانانە لە لیستەی دەرمانە بیمەکراوەکان، ڕەسووڵ خزری، ئەندامی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی مەجلیسی ڕێژیم، نیگەرانیی خۆی لەم کارە دەربڕیوە و وتوویەتی: ئەم دۆخە، تەندروستیی نەخۆشەکانی تووشبوو بە شێرپەنجە و هەروەها ئەو کەسانەی کە چارەسەریی شیمیی دەرمانییان بۆ دەکرێت، لە گەڵ مەترسیی جیدی بەرەوڕوو دەکاتەوە.

ئەمە لە حاڵیکدایە، کە دابینکردنی دەرمانە دەرەکییەکانی شیمیی دەرمانی لە مانگەکانی ڕابردوودا سەخت بووەتەوە و هەندێک لە دەرمانەکانیش بە هۆی کەمبوونەوە لە دەرمانخانەکاندا، بەرزبوونەوەی نرخیشیان پێ زیاد بووە.

گرانبوونی نرخی دەرمانەکان و دابین نەکردنی لە لایەن بیمەی دەرمانییەوە، بووەتە هۆی پەرەسەندنی فرۆشی ئەو دەرمانانە لە بازاڕی ڕەشدا، کە سەڕەڕای گرانبوونی نرخەکەیان، هەندێ جار بە هۆی ساختەبوونەوە، گیانی نەخۆشەکان لە گەڵ مەترسیی جیدی ڕووبەڕوو دەکەنەوە.