کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرکەوتنی دووبارەی ئەمنییەتە درۆینەکەی ڕێژیم

10:40 - 31 خەرمانان 2718

 کوردستان میدیا: لە کاتی مانۆڕی هێزە نیزامییەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیم تەقە کرا کە کۆمەڵێکی بەرچاو کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی ٣١ی خەرمانان، لە کاتی بەڕێوەچوونی مانۆڕی نیزامیی ‌هێزە تێرۆریستییەکانی سپای پاسداران لە شاری ئەهواز، بە بۆنەی حەوتووی دەسپێکی شەڕی ماڵوێرانکەری ئێران و عێراق تەقە کراوە، کە کوژار و بریندارێکی بەرچاوی لێ کەوتووەتەوە.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، چەند کەس کە جلوبەرگی نیزامییان لە بەردا بووە، ڕوو لە شوێنی ڕاوەستانی فەرماندەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران و شوێنی لێدوان دەستیان بە تەقەکردن کردووە.

هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە هیچ هێز و لایەنێک، ئەم هێرشەی وە ئەستۆ نەگرتووە و لەبارەی شێوەی ڕوودانی ئەم هێرشە ڕێژیم ئامادە نەبووە زانیارییەک بڵاو بکاتەوە بەڵام ئەوەیکە ڕوونە بەپێی هەندێک کورتەفیلمی شوێنی ڕووداوەکە ڕێژەی کوژراو و بریندارەکان زۆرە و جارێکی تر سەلما کە ئەمنیەتی ڕێژیم لەوپەڕی لاوازی خۆیدایە.

ئەم ڕووداوە لە حاڵێکدا ڕووی داوە، کە ڕێژیمی ئێران خۆی وەک دوورگەی ئارامیی ناوچە پێناسە کردووە.