کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم به لەسێدارەدان سەربەخۆیی خۆی دەسەلمێنێت

11:59 - 19 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: وتەبێژی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێران، باسی لە لەسیدارەدانی هەندێ کەس له نێو دەزگای بەناو دادوەریدا کردووە؛ ناوبراو هۆکاری ئەم کارەی بۆ پاراستنی سەربەخۆییی دەزگای دادوەریی ڕێژیم گەڕاندووەتەوە.

بەپێی هەواڵێک کە لە هەواڵدەریی حکوومەتیی ئیسنادا بڵاو کراوەتەوە، غوڵامحوسێن موحسێنیی ئێژەیی، وتەبێژ و هەروەها جێگری یەکەمی دەزگای دادوەریی ڕێژیم، لە قسەکانی خۆی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاندووە: که "یەکێک له کارە گرینگەکانی دەزگای دادوەری، کردەوەی باش بۆ پێشگرتن له تاوانەکانە، که دەزگای دادوەری بۆ جێگیرکردنی نیزام و بۆ دابینکردنی ئاسایش و پێشگرتن لە تاوانە سەرەکییەکان، ئەم کارەی بەباشی ئەنجام داوە".

موحسێنیی ئێژەیی هەروەها ڕایگەیاندووە: که دەزگای دادوەری بۆ پاراستنی سەربەخۆییی خۆی، تەنانەت پاش شۆرشی گەلانی ئێرانیش کەسانێکی لە نێو ئەم دەزگایەدا لەسێدارە داوە، که هەندێکیان پێش شۆڕش و هەندێکیان پاش شۆڕش لە نێو ئەم دەزگایەدا بوونە.

ئێژەیی لە درێژەدا، باسی لەوە کردووە، که لە سەرەتای شۆڕشدا وەزارەتی ئیتلاعات نەبووە و دەزگای دادوەریی ئەم کەسانەی به تاوانی کوودتا سزا داوە.

قسەکانی ئێژەیی، سەبارەت به کوودتا و لەسێدارەدانی ئەو کەسانە که ویستوویانی دژ به رێژیمی ئێران کوودتا بکەن، ئاماژەیەکە بۆ هەبوونی دژبەران له نێو خودی سیستمی ویلایەتی فەقیهدا کە هەر لە سەرەتاوە هەبووە و هەر کامەیان به شێوازێک سەرکوت کراون، ئەگینا تاکوو ئێستا خودی دژبەرانی نێوخۆی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هەنگاوە گرینگەکانی ڕووخانی ئەو ڕێژیمەیان هەڵ هێنابوو.