کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای رێکخستنی گشتیی حیزب: پێویستە خەڵکی بەئەمەگی رۆژهەڵاتی کوردستان ریزی هاوخەباتی خۆیان پتەوتر بکەن

12:23 - 4 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکرات سەبارەت بە ڕووداوەکەی ڕۆژی ڕابردووی مەریوان و شەهیدبوونی  چوار چالاکی ژینگەپارێز بەیاننامەیەکی ڕوو لە خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستان بڵاو کردەوە.

دەقی بەیاننیەکە بەم چەشنەیە:

بەیاننامەی دەزگای رێکخستنی گشتیی سەبارەت بە رووداوەکەی مەریوان

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان

هەر وەک ئاگادارن، رۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، ٤ چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری مەریوان به ناوەکانی "شەریف باجوەر، ئومید کۆنەپۆشی، ڕەحمەت حەکیمی‌نیا و موحەممەد پەژووهی" لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریواندا گیانیان لە دەست دا و هاوکات ٦ کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون.

سەرچاوە خۆجێیەکان باس لەوە دەکەن کە دارستانەکانی مەریوان به هۆی تۆپبارانەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران تووشی ئاگرکەوتنەوە بوونە.

هەروەها سەر لە بەیانی رۆژی شەممە ٣ی خەرمانان، بە هۆی تەقینەوەی مین لە سنووری شاری مەریوان، چوار کۆڵبەری خەڵکی ئەو شارە کوژران و بریندار بوون.

ئەم رووداوە دڵتەزێنانە لە درێژەی نارەزایەتی دەربڕینی دانیشتووانی شاری مەریوان بەرامبەر بە  کۆنەکردنەوەی زبڵی ئەو شارە دێ، کە شەوی هەینی لە سەر شەممە جەماوەری هێنایە سەر شەقام.

کۆی ئەم رووداوە دڵتەزێنانە و بێ‌کیفایەتی دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی رێژیم و وڵامدەر نەبوونیان، ژیان و گوزەرانی خەڵکی کردووەتە ئامانج کە دوایین نموونەی قوربانیانی رۆژی رابردووی ناوچەی مەریوانە.

خەڵکی بەهەڵوێست و پێشەنگی شاری مەریوان وەک ئەرکی نیشتمانی خۆیان و وەک دژکردەوەیان بەرامبەر بە سەرکوتی سیستماتیکی رێژیمی دژە گەلی کۆماری ئیسلامیی ئێران، رۆژی رابردوو ئازایانە هاتنە سەر شەقام و دەنگی ناڕەزایەتییان بەرامبەر بەم کارەسات و رووداوانە دەربڕی.

وەک وەفایەک بۆ شەهیدانی ژینگەپارێزی مەریوان و قوربانیانی دەستی رێژیم و پشتیوانی لە چالاکوانانی نیشتمانپەروەری ئەم شارە، پێویستە خەڵکی بەئەمەگی رۆژهەڵاتی کوردستان لە تێکڕای ناوچە و شارەکان، دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ دەنگی خەڵکی مەریوان و ریزی هاوخەباتی خۆیان پتەوتر بکەن؛ بۆ ئەم مەبەستە داواکارین کە خەڵکی شۆڕشگێری کوردستان، ئەنجومەنەکانی ژینگەپارێزی و سەرجەم چالاکانی مەدەنی و نیشتمانپەروەری ناوخۆ، بەشداری لە رێوڕەسمی ناشتن و سەرەخۆشی شەهیدانی ژینگەپارێزی مەریوان بکەن و بەگوێرەی ئیمکان و بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەلوێ، هاوخەمی خۆیان بۆ ئەم ئازیزانە دەرببڕن.

بێگومان هاوچارەنووسی و خۆشەویستیی نیشتمان وادەکات کە وەک هەمیشە هاوخەبات و یەکڕیز بین و بەرامبەر بە رێژیمی سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامی و دامودەزگاکانی، پشتمان بە یەکتر گەرم و ورەمان پۆڵایین بێت.

سەرکەوێ هاوخەباتی و ڕاسانی خەڵکی کوردستان

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای رێکخستنی گشتی

٤ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی

٢٦ی ئاگۆستی ٢٠١٨ی زایینی