کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێران میراتی چالاکێکی سیاسیی کوردی زەوت کرد

23:39 - 22 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێران، میراتی چالاکێکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری سەقز، کە ئیستا لە وڵاتی ئاڵمان دەژیت، زەوت کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دەفتەری دادگای ئەسڵی ٢٩ی یاسای بنەڕەتیی پارێزگای سنه، دەستی بەسەر میراتی چالاکێکی سیاسیی کورد بە ناوی "فاتح ساڵحی"، تەمەن ٤٠ ساڵ، کوڕی "عەلی"، خەڵکی شاری سەقز کە ئێستا لە وڵاتی ئاڵمان دەژیت، داگرت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەوە هەواڵە وتی: "هۆکاری زەوتکردنی میراتی ئەو چالاکە سیاسیییە کوردە لە لایەن دەفتەری دادگای ئەسڵی ٤٩ی یاسای بنەڕەتیی پارێزگای سنە، بە هۆی چالاکییە سیاسییەکانی ناوبراو دژی ڕێژیمی ئێران بووە".

دەفتەری دادگای ئەسڵی ٤٩ی یاسای بنەڕەتیی پارێزگای سنە بە ناردنی ئاگاداکردنەوەیەک بۆ ئەو چالاکە سیاسییە کوردە، ڕایگەیاندووە: "ناوبرا دەبا ڕێکەوتی ٢٣ی جۆزەردانی ئەمساڵ خۆی بەو دەفتەرەی دادگا ناساندبا و بە وەرگرتنی "نسخه ثانی و ضائم دادخواست" لە کاتی دیاریکراودا بۆ بەدواداچوون لە دادگا ئامادە بێت یا لایحەی داکۆکی لەخۆی بۆ دادگا بنێرێت، لە غەیری ئەوەدا دادگا بە شێوەی "غیاب"ی بڕیاری پێویست دەدا".

ئەو چالاکە سیاسییە کوردە لە ئەکتەری "تئاتر" لە شاری سەقز بووە، ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی بە هۆی فشارەکانی ڕێژیمی ئێران زێدی خۆی بەجێهێشت و لە دەرەوەی وڵاتدا سەرقاڵی چالاکیی سیاسی، ڕۆژنامەنووسی و هونەریی بووە.

فاتح ساڵحی ماوەی چەند ساڵ پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و لە ڕیزەکانی پێشمەرگایەتیدا ئەرکی پێشمەرگایەتی بەڕێوە بردووە.