کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای ڕێکخستنی حیزبی دێموکرات: لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پرەنسیپەکان بپارێزن

12:21 - 2 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاگادارییەکدا داوای لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد، لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سوشیاڵ میدیا، پڕەنسیپەکان لەبەرچاو بگرن.

دەقی ئاگادارییەکە بەم شێوەیەیە:

بۆ ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەر وەک  پێشتریش ڕامانگەیاندووە، بە هەست بە بەرپرسیاریەتی و زەروورەتی پاراستنی یەکڕیزی و تەبایی ڕیزەکانی تەشکیلاتی حیزب، پێویستە و ئەرکە لە سەر شانی  تێکڕای ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سوشیاڵ میدیا؛ نەبنە لایەن لەو شەڕە قسە و بێرێزیکردنەی که خەڵکانی دیکە بە دوور لە هەر چەشنە پڕەنسیپێک هێرش دەبەنە سەر لایەن و ڕەوتە سیاسییەکانی دیکە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حیزبێکی بە پرستیژ و جێگای متمانە و باوەڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و هەر چەشنە بێڕێزی، تۆمەت وەپاڵدان و هێرش بۆ سەر لایەنە سیاسییەکانی دیکە، لە دەرەوەی پڕەنسیپی تەشکیلاتی و ڕێکخراوەیی هەژمار دەکرێ. هەر بۆیە ئەندامانی حیزب ئاگادار دەکەینەوە بەوپەڕی لێبوردەییەوە هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە بدەن و سیاسەت و هێڵە تەشکیلاتییەکان پێڕەو بکەن،بە پێچەوانەوە لێی بەرپرسیارن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای ڕێکخستنی گشتی

٢ی ڕەزبەری ١٣٩٧ی هەتاوی

٢٤ی سێپتامبری  ٢٠١٨ زایینی