کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرداگرتنی کەشتییەکی چینی لە لایەن سەنگاپوورەوە

18:13 - 5 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: کەشتییەکی چینی کە پێشتر بەهۆی ئەوەی کە گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێرانی پێشێلکردبوو، لە لایەن سەنگاپوورەوە دەستی بە سەردا گیرا.

ڕۆژی هەینی، ٤ی گەلاوێژ، ماڵپەڕی ''شیپ ئەند بونکێر'' بلاوی کردەوە کە تا ئێستا هۆکاری سەرەکیی دەسبەسەرداگرتنی ئەم کەشتییە دیاری نەکراوە، بەڵام ئەم شیرکەتە چینییە پێشتریش بە هاوردەکردنی نەوتی خاو لە ئێران، تاوانبار کرابوو.

ئەوە لە حالێکدایە کە ڕێکەوتی ٢٢ی سەرماوەزی ساڵی ٩٧، شیرکەتێکی دیکەی چینی بە ناوی "گرووپی خەدەماتیی مەیدانی نەوتی"، بەهۆی ڕاگواستنی ئاشکرای کەرستەی پەیوەندار بە مەیدانە نەوتییەکان، وەکوو کەڵوپەلی یەدەکی و دەزگای پۆمپ بۆ ئێران، تەحریم کرابوو.

هەروەها، چوار شیرکەتی چینی کە لە بواری فەناوەریدا چالاکی دەکەن، لە ڕێکەوتی ١٣ی بانەمەڕدا تەحریم کران.

ئامریکا لە دوای هاتنەدەر لە ڕێککەوتننامەی بەرجام، سزای نوێی بۆ ‌سه‌ر ڕێژیمی ئێران دیاری کرد و گوشارەکانی بۆ سەر ئەم ڕێژیمە پەرەی سەند و لەم دواییانەدا هەموو لێخۆشبوونەکان لە کڕینی نەوتی ڕێژیمی ئێرانی بۆ وڵاتانی دیکە لابرد.

هەروەها ئامریکا لە ئێستا هەر وڵاتێک کە هەوڵی کڕینی نەوت لە ڕێژیمی ئێران بدات، تەحریم دەکات.