کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی سێ هاووڵاتیی ئێرانی لە بولغارستان

10:46 - 17 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: سێ هاووڵاتیی ئێرانی بە هۆی کەڵکوەرگرتن لە پاسپۆرتی ساختەی وڵاتی ئیسرائیل، لە لایەن پولیسی بولغارستانەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی ڕۆژنامەی "سۆفیا گولبەز" وڵاتی بولغارستان، سێ هاووڵاتیی ئێرانی، لە سنورەکانی ئەو وڵاتە، بە تاوانی بەکارهێنانی پاسپۆرتی ساختەی ئیسرائیلی دەسبەسەر کراون.

ئەم هەواڵە کە لە لایەن ڕۆژنامەی جێروزالم پۆستی ئیسرائیلیش، ڕۆژی چوارشەممە، ١٦ی خەزەڵوەر بڵاوی بووەتەوە، باسی لەوە کردووە، کە ئەم سێ هاووڵاتییە ئێرانییە لە حاڵێکدا دەسبەسەر کراون، کە ویستوویانە لە سنووری نێوان تورکیە و بولغارستان، لە تێپەڕگەی "کاپیتان ئاندریوو" ئاودیو ببن.

ئەم سێ هاووڵاتییە ٢١، ٢٨ و ٣٢ ساڵە، کە هەتا ئێستە لە لایەن وڵاتی بولغارستانەوە شوناسیان ڕانەگەیەندراوە، ویستوویانە لەم خاڵە سنوورییە گرنگە بۆ گەیشتن بە ئورووپا کەڵک وەر بگرن.

هەر لەم پێوەندییەدا هاوێنی ئەمساڵیش، هاووڵاتییەکی دیکەی ئێرانی، تەمەن ٤٢ ساڵ، بە ناوی ئیسماعیل کازم حوسێنی تەقی، بە تاوانی بەکارهێنانی پاسپۆرتی ساختەی وڵاتی ئیسرائیل، لە دێهلی نوێ لە وڵاتی هێندوستان دەسبەسەر کراوە.

ڕۆژنامەی ڕۆیتێرز لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا لەم بارەوە باسی لەوە کردووە، کەسانێک کە گومانی ئەوەیان لەسەرە کە پێوەندییان لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا هەیە، بە مەبەستی دەورلێدانی گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیم، لە پاسپۆرتی ساختەی وڵاتانێک وەکوو شێوەدوورگەی "قەمەر" بۆ هاتووچۆ و خزمەتگوزارییە بانکییەکان و تۆمارکردنی کۆمپانیا سێبەرەکان کەڵک وەر دەگرن، کە بەرپرسانی وڵاتی "قەمەر" و هێندێ وڵاتی ئورووپایی لە ئەگەری کەڵکوەرگرتنی هاووڵاتییە ئێرانییەکان لە پاسپۆرتی ئەو وڵاتانە نیگەرانن.