کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستبەسەر کرانی دەیان چالاکی عەرەب لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لە عەرەبستانی ئێران

20:08 - 2 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لە شارەکانی ئەهواز و شووش زیاتر لە ٤٠ چالاکی عەرەبیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چالاکانی مافی مرۆڤی ئەهواز دەڵێن: لەماوەی ڕۆژانی موحەڕڕەم‏دا، هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لە دوو شاری شووش و ئەهواز، زیاتر لە ٤٠ کەس لە چالاکانی عەرەبی ئەهوازیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە.

بە وتەی چالاکانی مافی مرۆڤی عەرەبی ئەهواز، موحسین کەعبی تەمەن ٢١ ساڵ کوڕی عەلی و خەڵکی شاری شووش لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە و هەتا ئێستا بنەماڵەکەی هیچ زانیارییەکیان لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو لەبەردەست‏دا نیە. هەروەها لەگەڵ موحسین کەعبی چەندین هاووڵاتی دیکەی عەرەب لەو شارە دەستبەسەر کراون کە شوناسیان نادیارە.

لە ڕاپۆرتی چالاکانی مافی مرۆڤی ئەهوازدا هاتووە کە لە ناوچەی شاوور هەڵکەوتوو لە سەر ڕێگای ئەهواز بۆ شووش، چەندین عەرەبی سوونە مەزهەب بەهۆی چالاکیی ئاینییەوە دەستبەسەر کراون کە لەنێو ئەو دەستبەسەرکراوانەدا، عەبدوڵلا کەعبی کوڕی عەباس و براکەی بەناوی حەسەن کەعبی و هەروەها ئەحمەدی کەعبی کوڕی باسێت، دەبیندرێت.

لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ؛ لە ناوچەی شوعەیبییە هەڵکەوتوو لەسەر ڕێگای ئەهواز بۆ شووشتەر، فارێس کەعبی کوڕی جاسم و تەمەن ٢٣ ساڵ، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە دەستبەسەر کراوە. شیاوی وتنە کە هێزە ئیتلاعاتییەکان لە کاتی دەستبەسەر کردنی‏دا لەپێش چاوی بنەماڵەکەی دەستیان کردووە بە لێدانی فارێس و بێ‏ڕێزییان پێ‏کردووە.
هەروەها، ڕۆژی پێنج‌شەممە ٣٠ی ڕەزبەر، لە ناوچەی مەلاشیەی نزیک ئەهواز، عەلی عەیاشی (تەمیمی) تەمەن ٢٣ ساڵ و کوڕی ساڵح، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە دەستبەسەر کراوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە تاریق ئەلحەیایی یەکێک لە چالاکانی فەرهەنگی و خوێندکاریی ڕشتەی مێژووی زانکۆی شووشتەر کە خەڵکی ئەلحایی (قلعە شهر) لە باکووری ئەهواز بووە، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە دەستبەسەر کراوە و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنیەتییەکان و هێزە لیباس شەخسییەکانی ڕێژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر ناوچەی کوت النواصر و چەندین چالاکی سوونە مەزهەبیان دەستبەسەر کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، خەیروڵلا مەنسووری تەمەن ٢٥ ساڵ و موحسین سیڵاوی تەمەن ٢٤ ساڵ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەهوازەوە دەستبەسەر کراون. ئەو دوو چالاکە عەرەبە، خەڵکی کوی ملاشیە ی دەوروبەری شاری ئەهواز بوون.

چالاکانی مافی مرۆڤی ئەهواز ڕایانگەیاندووە کە ئەو ڕەشبگیریانە شەوانە و خۆسەرانە و بەبێ خستنەڕووی حوکمی قەزایی بووە و بەرپرسە ئەمنیەتیی و قەزاییەکان هیچ زانیارییەک بە نیسبەت هۆی دەستبەسەر کران و چارەنووسی ئەو گیراوانەوە نادەنە بنەماڵەکانیان.