کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستی گەمارۆ ئابوورییەکان لە قوڕگی ڕێژیمی ئێران توندتر دەبێت

13:16 - 12 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: شیرکەت و ناوەند بازرگانییەکانی جیهان لە دوای هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام یەک لە دوای یەک ئێران بەجێ دێڵن.

"پاتریک پوویانه"، بەڕێوەبەری گشتیی تۆتاڵی فەرانسه ڕایگەیاندووە، بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئیران، ئەو شیرکەتە لە مەیدانی گازیی "پارس جنووبی" دەکشێتەوە.

کشانەوەی تووتاڵ لە کاتێکدایە، کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ماوەی دوو مانگیان دەرفەت بەو شیرکەتە فەرانسەوییە دابوو کە داوای مەعافییەت لە ئامریکا بکات.

سەرەڕای ئەو داواکارییەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە شیرکەتی تۆتاڵ ڕایگەیاندووە، کە دانیشتنەکان لەگەڵ ئامریکا بۆ مەعافییەت لە گەمارۆ ئابوورییەکان بێ ئاکام ماوەتەوە و بۆیە لە ئێران دەڕواتە دەرەوە.

"پاتریک پوویانە" لە قسەکانیدا باسی لەوەش کردووە، کە ستراتیژیی ئامریکا سەپاندنی زیاترین سزاکانه بە دژی ڕێژیمی ئێران.

شیرکەتی تۆتاڵ یەکەمین شیرکەتی فەرانسەوی و پێنجەمین شیرکەتی ئورووپایە..

هەر لەو پێوەندییەدا، شیرکەتی "جێنراڵ ئێلکتریک" چالاکییەکانی خۆی لە مانگی داهاتوودا لە ئێران ڕادەگرێت و سەرجەم گرێبەستەکانیشی لەگەڵ ئەو ڕێژیمە هەڵدەوەشێنێتەوە.

لە درێژەی چوونەدەرەوەی شیرکەتە بیانییەکان لە ئێراندا، شیرکەتی ئاوەدانی و بیناسازیی کۆرەی باشووریش لە ئێران کشایەوە و هاوکارییەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕاگرت.

لە ئەنجامی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا دژی ڕێژیمی ئێران شیرکەتی ئامریکایی "نایک" رایگەیاندووە، کە تیمی فووتباڵی ڕێژیمی ئێران مافی ئەوەی نییە لە جام جیهاندا پێڵاوەکانی ئەو شیرکەتە لەپێ بکەن.

ڕۆیشتنەدەرەوەی شیرکەتە بیانییەکان لە ئێران دوای ئەوە دێت، کە دانڵد ترامپ سەرکۆماری ئامریکا ڕێکەوتی ١٨ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، بڕیاری دا کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام دەراوتە دەرەوە.