کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسخۆشی و پێزانینی وتەبێژی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی، لە خەڵکی ناڕازیی ئێران

12:16 - 20 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: شەپۆلی ناڕەزایەتیدەربڕینی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران، لە هەمبەر سیاسەتە ئاژاوەگێڕانەکانی ڕێژیمی ئاخوندی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر، پێزانینی بەرپرسانی ئیسرائیلی لێ کەوتەوە.

هاوکات لەگەڵ ڕێپێوانی رۆژی قودس کە دوایین هەینی ڕەمەزانەکان، لە لایەن ڕێژیم و دەستوپێوەندییەکانی بەڕێوە دەچێت، بەو بۆنەوە ژمارەیەک لە بەکارهێنەرانی ئێرانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر، لە هەمبەر سیاسەتە دژە مرۆیی و ئاژاوەگێڕانەکانی ئەو ڕێژیمە شەپۆلێکی بەربڵاوی ناڕەزایەتییان ڕێک خست.

ئەم بەکارهێنەرانە لە بانگەوازێکی تویتێریدا، لە شەوی هەینی ١٨ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، بابەت و نووستراوەکانیان لە ڕێگای هەشتەگی "WeStandWithIsrael" هاوبەش دەکرد.

ئەم کارە بەکۆمەڵە بەربڵاوە بووە هۆی ڕەزامەندیی بەرپرسانی ئیسرائیلی و لە لایەن وتەبێژی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل (ئوفیر گەندلمەن) سپاس و پێزانین ئاراستەی ئەم کەسانە کرا.

ئوفیر گەندلمەن، لە تویتێری خۆیدا، بە زمانی فارسی نووسیویە: "دەسخۆشی لە هەموو ئەو ئێرانییانەی دەکەم، کە ئەمڕۆ دروشمی نفرەت ئەنگێزانەی کۆماری ئیسلامییان ڕەت کردووەتەوە و خۆشەویستی و هاوڕێیەتیی خۆیان لە هەمبەر ئیسرائیل دەربڕیوە. نفرەتی ئاخوندەکان هیچ کات دۆستایەتیی نێوان نەتەوەی یەهوود و ئێرانییەکان و هەروەها هەستی ڕێزگرتنی بەرانبەر لە نێوانیان لەنێو نابات".