کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسپێکردنی قۆناغی نوێ و دۆخی شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتدا

11:58 - 3 رەزبەر 2718

نووسین: ئەلبورز ڕوئین تەن

دیاریکردنی ڕۆژەڤی سیاسی لە دنیای سیاسەتدا گرنگییەکی زۆری هەیە، دوای دیاریکردنی ڕۆژەڤی سیاسی ئاراستەکردنی بەرەو ئامانجی دیاریکراو کە لە بەرژەوەندی گەلدایە لە لایەن ناوەند یا کەس و ڕێکخراوە سیاسییەکان گرنگییەکی زۆری هەیە. بێگومان ئەو بابەتە بەڵگەیەکی گرنگیشە بۆ سەلماندنی هەبوونی پێگە و کاریگەریی ڕێکخراوێک یا کەسێک یا ناوەندێکی سیاسی.

ڕۆژهەڵاتی ئەم ڕۆژانە باشترین شوێن بۆ باسکردن لەو باباتەی سەرەوەیە، چونکە ساڵانێکی زۆرە ڕێژیم بە هەموو شێوەیەک هەوڵی ئەوە دەدات، تا بتوانێ کۆمەڵانی خەڵک لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی خۆیدا ئاراستە بکات، بۆ ئەوەی لە شۆڕش دووری بخاتەوە، بۆ ئەوەی شۆڕش و کاراکتەرە شۆڕشگێڕەکان بسڕێتەوە، ئەگەر نەسڕاوەش هەوڵی ئەوەی بۆ دەدات کە لە دیدی خەڵکدا بە خراپی نیشانی بدات. واتە ئەو پیرۆزیەی کە لە تاکی شۆڕشگێڕدایە نەهێلێ، پەیوەندی شۆڕش و کۆمەڵانی خەڵک بسێنێ.

بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەو ئامانجانە تێچوویەکی زۆری بۆ ڕێژیم هەبووە، تەنانەت فۆکێسی ڕێژیم بۆ بەرەنگاریی شۆڕشگێڕان و دووربوونەوەی لە چارەسەرکردنی بچووکترین داخوازیی خەڵک هۆکاری سەرەکیی دۆخی نالەباری ئێستای کوردستان و ئێران و ناوچە لە هەموو ڕوویەکەوەیە.

 بەڵام سەرەڕای هەمووی ئەو هەوڵانە ئەمڕۆ ڕۆژەڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن شۆڕشگێڕانەوە بە پشتیوانیی خەڵک دیاری دەکرێت و تەنانەت ئەو تێزەی کە لە لایەن شۆڕشگێڕانەوە بۆ سەرخستنی شۆڕش دانراوە واتە ڕاسان چووەتە نێو کۆمەڵانی خەڵک ئەمڕۆ خەباتیکی فرەڕەهەند لە شاخ و شار بەڕێوەیە.

ئەوەش پووچەڵکردنەوەی هەموو پیلان و هەوڵەکانی دوژمن بوو، لە لایەن شۆڕشگێڕانەوە، کە دوژمن ساڵانێکی زۆرە هەوڵی بۆ دەدات.

لە کاتێکدا دوژمن ئەو سەرکەوتنانەی شۆڕش دەبینێت، هەوڵی ئەوە دەدات کە بە شێوەیەکی دیکە واتە هێرشی مووشەکیی کە زۆر لایەنی نێوخۆی و ناوچەی و جیهانی لە خۆ دەگرێت لەسەر بنکەکانی دێموکرات تاقی بکاتەوە کە بە دڕەندەترین شێوە کردی و تاوانی ١٧ی خەرمانانی لێ کەوتەوە.

دوژمن پێی وابوو دەتوانێ بە هێرشێکی وا شۆڕش لە ئامانجەکانی دوور بخاتەوە، بەڵام هەر لە یەکەم چرکەساتەوە بە شێلگیری لەسەر بەردەوامیی ڕاسان بە هەموو شێوەیەک کار بۆ بەرپەچدانەوەی ئەو هێرشانە و ئامانجە گڵاوەکانی ڕێژیم کران، لە نێوخۆ لە لایەن ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بانگەوازی مانگرتنی گشتی کرا و لە دەرەوەش هاوڕێیانی ڕێکخستنی گشتیی حیزب بە ڕێکخستنی خۆپێشاندان بە هاوکاریی هەموو هێز ولایەنەکان بە شێوەیەکی نەتەوەیی لە هەموو وڵاتەکان بووە هۆی ئەوەی دەنگدانەوەیەکی زۆر لەسەر هێرشی مووشەکیی ڕێژیم دروست بێت، وڵامی ئەرێنیی خەڵکی ڕۆژهەڵات بۆ داخوازی حیزبەکان و هەوڵی لایەنەکان لە نێوخۆ و دەرەوە بووە هۆی ئەوەی نەک دوژمن بە ئامانجی نەگات، بەڵکوو ببێتە دەستپێکی قۆناغی نوێی خەبات کە لە لایەن لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بەڕێز مستەفا هیجری لە دووتۆی پەیامێکی گرنگ بۆ کۆمەڵانی خەڵک لە ڕۆژهەڵات ڕاگەیەندرا.

هەمووی ئەوانە دەستیان دایە دەستی یەکتر و نیشانیان دا ڕۆژەڤی ڕۆژهەڵات لە لایەن شۆڕشگێڕانەوە دیاری دەکرێت و پەیامی لێپرسراوی گشتیش تیشک دەخاتە سەر ئەو بابەتە کە ئاراستەکردنی ڕۆژەڤ بەرەو ترۆپکی سەرکەوتن و بەرژەوەندییەکانی گەل وەکوو بەرنامەی ڕێبەرایەتیی ڕاسان کەوتە بواری جێبەجێکردن کە لە دوایین دانیشتنی ناوەندی سیاسی و دەستەی کارگێڕیی حیزب جەختی لەسەر کراوە و میکانیزمی پێویستی بۆ دانراوە.

ئەو بەرهەمە گەورە سیاسییە لە ڕۆژهەڵاتدا و دۆخی ئێستای شۆڕش ئەگەر هەمووشی نەبێت، بەشێکی بەرچاوی لە سیاسەتەکانی حیزبدا بۆ شوێندانەربوون لە ڕۆژهەڵاتدا دەگەڕێنمەوە.

یەکەم:

یەکەم هۆ بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە لە دەستپێکردنی ڕاسان بۆ گرنگیدان بە هەموو لایەنەکانی شۆڕش و گرنگیدانێکی تایبەت بە خەباتی شار و ڕاگەیاندنی لە ژێر دروشمی خەباتی شاخ و شاردایە. چونکە وەک حیزبێکی سیاسی وێڕای کارکردن بۆ بەهێزکردنی هێزی پێشمەرگە بەردەوام هەوڵی داوە، تا ئەرکی شۆڕش بە سەر هەمووان دابەش بکرێت و ڕۆلی شار بە زۆر گرنگ هەژمار بکەین، هەر ئەو بابەتەش بووە سەرەتای هیوای خەڵک بۆ بەدەنگهاتنی داخوازەکانی شۆڕشگێڕان و ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو بەدەنگهاتنە زیاتر بوو هەتا ئەوەی مانگرتنێکی گشتی وا گەورە ئەنجام بدرێت. دێڕەکانی پەیامی نەورۆزی ساڵی ١٣٩٥ هەتاوی لەسەر چیا سەرکەشەکانی ڕۆژهەڵات کە بە دەستپێکی ڕاگەیاندنی ڕاسان دەزانرێت، شایەتی بۆ ئەم بابەتە دەدەن کە تێیدا هاتووە:  "پەیامی ئێمە لە جێژنی نەورۆزدا ئەوەیە کە؛ دەنگ و توانامان لە شاخ و شاردا ڕێک بخەین بۆ پێکهێنانی هێزێکی پتەوی چارەنووسساز کە ژیانێکی نوێمان بۆ بنووسێتەوە، ژیانێکی دوور لە ملکەجی و بێمافی".

هەر لەو پەیامەدا ڕوو لە توێژە جیاجیاکانی وڵات داوایان لێ دەکرێت، بۆ بە خرۆشخستنی ڕێزەکانی شۆڕش و هاودەنگبوونمان لە ڕۆژهەڵات هەموو لایەک هەوڵی خۆمان بدەین، کە بە سەرەتایەک بۆ هەستانەوەی ئەمجارە دەزانین. بێگومان کاریگەریی ئەو جۆرە لە سیاسەتکردن کاریگەریی لەسەر مانگرتنی گشتی لە ڕۆژهەڵات لە ٢١ ی خەرمانان و چالاکییەکانی کوردانی دەرەوە کەم نییە.

دووەم:

 هەوڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ یەکڕیزی زیاتر لە ڕۆژهەڵات وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێڕان دەتوانین بە هەنگاوێکی کاریگەر بۆ دروستبوونی هاودەنگیی لە ڕۆژهەڵات بزانین. لە ڕاپۆرتی سیاسی بۆ کۆنگرەی شازدەی حیزب بە جیدی پێداگری لە سەر ئەو بابەتە کراوە و دواتریش لە کار و تێکۆشانی حیزبدا ڕەنگی داوەتەوە، لە ڕاپۆرتی سیاسیی کۆنگرەی شازدەدا بەو شێوەیە هاتووە: "هەر لەو ڕاستایەدا پێویستە جارێکی دیکە باوەڕی خۆمان لە پێوەندیی لەگەڵ هەوڵدان بۆ کاری هاوبەش لە شکڵ و شێوەیەکدا کە خزمەت بە یەکڕێزی هێزو هیوابەخشین بە خەبات لە کوردستانی خۆرهەڵات بکات دەرببڕین، هەر لە چوارچێوەی ئەم بڕوایەشدا بووە کە لە ماوەی ٤-٥ ساڵی ڕابردوو، زۆرتر تێکۆشاوین بۆ لێک نزیکبوونەوە، لێک حاڵیبوون و کاری بەکۆمەڵ، چونکە کۆمەڵگەکەمان و سەردەم ئەوەمان لێ دەخوازێ".

سێهەم:

 نابێ لە بیرمان بچێت گەڕاندنەوەی هیواو باوەڕ بەخۆبوون بۆ شۆڕش بەشێکی گرنگی دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی حیزب بۆ ئەوەی بە کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵات بسەلمێنێن کە ئێمەی کورد دەتوانین شوێندانەر بین. ئامادەی بەردەوامیی پێشمەرگە لە ئامێزی خەڵک لە ئەمساڵ و ساڵەکانی ڕابردوو بەشێک لەو سیاسەتەیە کە بە قارەمانی ڕۆڵەکانی نێو حیزب و بە نرخێکی گران بەدی هاتووە. نووسەری ئەو دێڕانە لە بابەتێک لە ژێر ناوی "ئیرادەی گەل بەهێزترە لە هێزی مووشەک"، لە ١٨ی خەرمانان، جارێکی دیکە بەو دێڕانەی خوارەوە لەسەر ئەو ڕاستییە جەختی کردەوە.

"لە کاتێکی وەهادا وێڕای سەری ڕێزدانەواندن لە بەرانبەر هەموو شەهیدانی ڕێگای گەل و نیشتمان بە شێلگیرترکردنی خەباتی خۆمان لە نێوخۆ وڵامێکی بەجێ بۆ ئەو هێرشانە دەدەینەوە هێزی لەبڕاننەهاتووی شۆڕش واتە خەڵکەکەی لە ڕۆژهەڵات و لە دەرەوە بە هەڵبڕینی دەنگی ئازادیخوازیی و پشتگیری لە شۆڕشگێڕان دەتوانن ئامانجی گڵاوی دوژمن بۆ ئەوەی شۆڕش لە چالاکی بخات و لە گۆڕ دەنێت و تەنانەت خودی ئەو هێرشە دەبێتە هەنگاوێکی تری هەستانەوەی هەموو توێژ و لایەنێک بۆ گەشەپێدانی هەموو ڕەهەندەکانی شۆڕش بۆ ئەوەی دوژمن بەرەو نەمان ببات، هەتا بسەلمێنێ کە ئیرادەی گەل بەهێزترە لە هێزی مووشەک".

هەر بۆیەش حەماسەی ٢١ ی خەرمانان جارێکی دیکە ڕاستییەکانی سیاسەتی حدکای لە ساڵانی ڕابردوودا سەلماند و بە دەسپێکردنی قۆناغی نوێ، پێویستە هەموو هێز و وزەمان بخەینە گەڕ بۆ سەرخستنی ڕاسانی ڕۆژهەڵات، کە تا ئێستا پێشبینیەکانی دروست و بەرنامەکانی لە جێی خۆیدا بوون، کە بە نرخێکی گران جێبەجێ کران و فۆرمولی سەرخستنی شۆڕشی گەلی پێیە و ئاسۆی سەرخستنی خەباتەکەمان زیاتر ڕوون دەکاتەوە.

دەستپێکردنی قۆناغی نوێ لە کاتێکدایە کە ڕێژیم بە هێرشی مووشەکی، خەونی بە پاشەکشەکردن بە هەنگاوەکانی شۆڕش دەبینی، بەڵام بەو پەیامە و هەوڵی ڕاسان بۆ بەردەوامبوونی بە هەموو شێوەیەکی ڕەوا و بە تاکتیکی جیاواز توانیوویەتی زیاتر لە هیوا ئەو باوەڕ بەخۆبوونە بدات بە کۆمەڵانی خەلک کە هێزی ئەوان دەتوانێ داهاتوویەکی گەش بە هەوڵی هەموو لایەک بەدی بێنێت.

دەسپێکی قۆناغی نوێ واتە ئاراستەکردنی ئەو پتانسیلە گەورەی کە کۆمەڵانی خەڵک هەیەتی بە پاڵپشتی هێزی باوەڕ پۆڵاینی پێشمەرگە بۆ سەرخستنی شۆڕشی کوردە. چۆن ڕاگەیاندنی ڕاسان گرنگی خەباتی شاری بۆ ئێمە دووپات کردەوە، ئاراستەکردنی هێز و وزەی کۆمەڵانی خەڵک بەرەو ئامانجەکانیان بەو پەیامە و لە دوای هێرشی مووشەکی دەستپێکێکی قۆناغی دیکەی سەرخستنی ڕاسان دەبێت.

دەستپێکی قۆناغی نوێ جارێکی دیکە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە هەوڵەکانی ڕێژیم لە ڕێگەی هێزە لاوەکییەکانی هاندراوی ڕێژیم کە بەناوی کورد لێرە و لەوێ قسە دەکەن ناتوانن کورد لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەویش بەدەستهێنانی سەربەستی و سەروەریی کوردە دەوربخەنەوە، بەڵکوو لەوەبەدوا هەموومان پێکەوە بە هێز و وزەیەکی زیاتر و بە بەرنامەیەکی تۆکمەتر بۆ بەدیهێنانی داخوازە ڕەواکانمان کە سەدان ساڵە قوربانی بۆ دەدەین، خەبات دەکەین.

بە دەسپێکردنی قۆناغی نوێ ئەرکی هەموو لایەکمان قورستر دەبێت، چونکە هەنگاوێکی دیکە لە سەرکەوتن نزیکتر دەبینەوە، ئەگەر بە هۆی حوکمڕانی دیکتاتۆر ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تووشی نەهامەتی جۆراوجۆر دەبنەوە بە دەستپێکردنی ئەو قۆناغە سڕینەوەی ملهۆڕ زیاتر مومکین دێتە بەرچاو، کۆمەڵانی خەڵکیش بەو هەستە بەردەوام دەبن لە پشتیوانیی شۆڕش کە سەرکەوتن نزیکە.