کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسکەتەور

13:34 - 1 رەزبەر 2716

کەریم پەرویزی

خەباتی نەتەوەیەکی ژێرستەم بۆ گەیشتن بە ڕزگاری و دابینکردنی ئازادی، هەم لەگەڵ ڕێژیمی دەسەڵاتداردا بەرەوڕوو دەبێتەوە و هەم ڕێژیمی ستەمکاری، گرفتی نابەجێی وای بۆ دروست دەکا کە تێچووی خەبات و تێکۆشانەکەی زۆرتر بکا و هێز و تواناکانی بەلاڕێدا ببا.

ڕێژیمێکی ستەمکار و تیرۆریست پەروەری وەکوو ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهی بۆ ئەوەی بەرپەرچی خەباتی مافخوازانەی گەلانی ژێرستەم و بەتایبەتی گەلی کورد بداتەوە و خەباتەکەی وا سەرکوت بکا کە نەتوانێ جارێکی دیکە ڕاسانەوە بەخۆوە ببینێ، بەتەواوی هێز و ئیمکاناتیەوە، لە شۆڕش و خەباتی نەتەوەی ژێرستم دەدا و وەکوو دەڵێن سیاسەتی مستی ئاسنین بەکار دێنێ کە ئەو خەباتە تووشی تاسان بکا. هەروەک چۆن لە سەرەتای هاتنە سەرکاردا فەرمانی جیهادیان بە دژی کورد دا و خەڵخاڵیی جینایەتکار و چەمرانی تیرۆریستیان نارد تاکوو کوردستان وێران بکەن، لەم ساڵانەی دواییشدا بە هەموو هێز و تواناوە لەگەڵ خەباتی خەڵکی کورد بەرخوردیان کردووە.

ڕێژیمی ئیسلامیی تاران، بە سیاسەتی سەرکوتی دڕندانە، دەیەوێ تێچووی خەبات بباتە سەر، تاکوو خەڵک چاوترسێن بکرێن و کەس نەوێرێ خۆی لە خەبات و تێکۆشانی دژ بە ستەمکاری بدا. یەکێکی دیکە لە ڕەهەندەکانی پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی بە دژی خەباتی نەتەوەی کورد، هەوڵ و پەلەقاژە بۆ ئەوە بووە کە لە نێو نەتەوەی کورددا پێگەیەکی سەر بە ڕێژیم دروست بکەن یان لە نێو پێگەی جەماوەریی هێزە دژبەرەکاندا گەرای پیسیی بڕێژن تاکوو ئەو گەرا و تۆوە بەدکارانە، لەداهاتوودا بتوانن ببنە هێزی بەلاڕێدابەری خەبات و خەباتی خەڵک لە نێوەوە کرمۆڵ بکەن و سەرئێشەکانی خەبات زیاتر بکەن.

بەم سیاسەتە گڵاوەی ڕێژیم، کە هەندێک دەستوپێوەندیشیان بۆی دروست کردوە، هەم بەشێک لە کەسان و تاکەکانی کۆمەڵ لە خەبات و تێکۆشانی ئازادیخوازانە دوور دەخەنەوە و هەم ئەو دەستوپێوەندییانە دەکەن ئامرازێکی زەربەدان لە شۆڕش و خەبات و بەم شێوەیە هێزی شۆڕش بە شتی لاوەکییەوە سەرقاڵ بکەن، یان هەر هیچ نەبێ بەشێک لەو هیزە بە سەرقاڵبوون بەکەندوکۆسپی ناڕاست و دەستکردی دوژمنەوە بەفیڕۆ بدەن.

ئەم جۆرە تاکە سەرلێشێواوانە کە دەبنە دەستوپێوەندیی ڕێژیم، ڕەنگە بەرژەوەندییەکی تەسکی تاکییان دەست بکەوێ، بەڵام ڕۆڵی دەسکە تەور دەگێڕن بۆ دوژمن.

کاری دەسکە تەور، خزمەت کردنی تەوری ڕیشدار دەبێ و هێزی گەل تاڕادەیەک بەخۆوە سەرقاڵ دەکا و هەرکاتیش دەسکە تەور شکا یان پێویستیان پێی نەما، دوژمن لە کوانووی دەخا و دەیسووتێنێ. چوونکە دەسکە تەور تەنیا بۆ خیانەت بەکار دێ و دوژمنیش بۆ هەمیشە بڕوای پی ناکا، چوون کەسێک کە خەیانەت بە نەتەوە و خەڵکی خۆی بکا، دەکرێ زۆر ئاسان شوێنی دیکەش بیکڕێ و خەیانەت بە کڕیارەکەشی بکا، بۆیە چارەنووسی دەسکە تەور هەر سووتانە!