کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسەڵاتی تاران لە ڕووخان خۆی بۆ ناپارێزرێت!

18:47 - 1 پووشپەڕ 2719

محەممەد سلێمانی

سیاسەتی کەڵوەکێشی ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران سەرئەنجام ئەم وڵاتە ڕووبەڕووی شەڕێکی گەورە دەکا و ئامریکا خۆی بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی بە دژی دەسەڵاتی تاران ئامادە دەکا و ڕاوێژکارە سەربازییەکانی تڕامپ بەدوای ئامادەکردنی گەڵاڵەی خێرایی ئەو گورزەوەن. سەرانی حکوومەتی ئاخوندی بە هۆی سیاسەتی سەرەڕۆیانەیان وڵاتی فرەنەتەوەی ئێرانیان دووچاری کۆمەڵێك بارگرژی گەورەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کردووە و ڕزگاربوون لەو قەیرانەش بە دڵنیاییەوە بە کەسانێك دەکرێ، باوەڕیان بە ژینگەیەکی ئارام و هێمنی سیاسی و ڕێزگرتن لە بیروڕای بەرامبەرەکەیان بێت بۆ مەبەستی ئاشتەوایی گشتی.

سەرکۆماری ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران لە لوتکەی "هاوکاری و بوونیادنانەوەی متمانەی سیاسی و ئەمنیەتی لە ئاسیا" کە لە شاری دووشەنبەی پێتەختی تاجیکستان بەڕێوەچوو؛ بە ڕاشکاوی گوتی: "دەستێوەردانی وڵاتانی زلهێز لە کاروباری نێوخۆی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، بووەتە هۆکاری ناسەقامگیری سیاسی و ئابووری و ئاسایشی هەرێمایەتی ڕووبەڕووی مەترسی گەورە کردووەتەوە. حەسەن ڕۆحانی بەو قسانەی هەوڵی بەلاڕێدابردنی بیروڕای کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەدات و لە ڕوانگەیەکی تردا دەیهەوێت ئەوە بڵێت کە تاران لەگەڵ ئاشتی و سەقامگیریی وڵاتانی درواسێی ناوچە دایە و دەستێوەردانی ئامریکا ڕەت دەکاتەوە. بۆ سەلماندنی سیاسەتی ئاژاوەگێڕی و هێژمۆنیخوازیی تاران، بێگوومان پێویست بە هێنانەوەی بەڵگەی زۆر لەو پەیوەندییەدا نییە و ئەوەی بەکردار بووەتە هەوێنی بارگژی سیاسی و ئابووری لەسەر ئاستی ناوچەییدا، ڕێژیمی دژی ئازادی و مافە دێمۆکراتیکەکانی ئاخوندییە. ئەگەر دەسەڵاتدارانی تاران بە ڕەفتاری سیاسیی خۆیاندا بچنەوە سەبارەت بە کۆی کێشە و ئاڵۆزییەکان و دەست نەخەنە نێو کاروباری وڵاتان، بە دڵنیاییەوە هەموو شتێك کۆتایی دێ و ئاشتی و ئارامی بە تەواوی باڵ بەسەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەکێشێت و ئەو کات هۆکارێك بەدی ناکرێت کە وڵاتان بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆیان داوای هاوکاری و یارمەتی لە وڵاتگەلێکی بەهێزتر لە خۆیان بکەن.

حکوومەتی تاران هەموو کارێك دەکا بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی و لەو پەیوەندییەشدا زۆر بە چالاکی کاریان کردووە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەمریکایان سەرقاڵی بابەتگەلێك کردووە کە کێشەکانیان مێژووی لە مێژینەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناوچەی هەیە. بەرپرسانی باڵای وزەی ناوکیی ئێران بە ڕاشکاوی ڕایانگەیاندوە: "ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی وڵاتەکەیان نزمە و هەوڵی بەرزکردنەوەی دەدەن و لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا بۆ ٣٠٠ کیلۆگرم ڕێژەکەی بەرز دەکەنەوە. دەسەڵاتی تاران زۆر بەخێرایی کاری خۆی ئەنجام دەدات و هەتا ئێرە ڕێگرییەك بەدی ناکرێت بۆ ڕاگرتنی هەوڵەکانی ئێران لەهەمبەر بوون بە خاوەنی چەکی ناوکی. بێدەنگی و هەڵوێستی نەرمی کۆشکی سپی بە دڵنیاییەوە دەرفەتی باشی بۆ حکوومەتی ئاخوندی ڕەخساندووە کە ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی وڵاتەکەی بە ڕێژەی ٣،٧ % بەرز بکاتەوە و ئەگەر بەو جۆرە بڕواتە پێش لە داهاتوویەکی نزیكدا دەبێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی و ئەوکات ئاسایشی ئامریکا و ئۆرووپا بەتەواوی دەکەوێتە ژێر هەڕەشە و مەترسییەکانی تاران.

 ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ڕووی ساختاری سیاسی و حوکمڕانی پێویستی بە کۆمەڵێك بنچینە و جێگۆڕکێی سیاسی و دەسەڵاتی نوێ هەیە و ئامریکا وەختێك بە تەواوی هەست بە هێژموونی خۆی دەکا کە نەخشەی سیاسی ئەو ناوچەیە بە جۆرێكی دیکە ڕێک بخرێتەوە. بێگوومان ئەو گۆڕانکارییە کە بێتە ئاراوە خێری بەرچاو بە دۆزی سیاسی کورد دەگەیەنێ و خەونی لە مێژینەی بەدی دێت، بەمەبەرجێك کە ڕێبەری سیاسی بزووتنەوەی کورد بتوانێ ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە و بە هۆی ناکۆکییە نێوخۆییەکانی لە ئامانجە نەتەوایەتییەکانی دوور نەکەوێتەوە.

ئەو خاڵە جەوهەرییە بەتەواوی وڵاتانی داگیرکەر و لە نێویشیاندا، حکوومەتی تارانی بەتەواوی دووچاری شڵەژانی گەورە کردووە و هەرچی دەیکەن، ناتوانن، ڕێڕەوی ڕووداوە سیاسی و ستڕاتیژییە ناوچەییەکان لە بەرژەوەندی خۆیاندا بگۆڕن و ببنەوە براوەی یەکەمی ئاڵۆگۆڕە ناوچەییەکان. ئێران زۆر شت لەدەست دەدا و هەرچی بیکەن، دەسەڵاتەکەیان لە ڕوخان بۆ ناپارێزرێت.

سیاسەتی کاربەدەستانی حکوومەتی تێرۆریستیی ئاخوندیی ئێران لە ماوەی ٤٠ ساڵ حوکمڕانی بەسەر گەلانی بندەستی وڵاتدا، هەوڵی چەواشەکردنی بیروڕای دەرەوە و نێوخۆی دەدەن و ئەوەی حەسەن ڕۆحانی وەك بژاردەی سەلیمی سیاسی وڵاتەکەی پارێزگاری لێدەکات، بەتەواوی دوورە لە ڕاستی و ئەگەر پاوانخوازی و ملهۆڕی ئەوان نەبووایە، گەلانی ئێران تووشی گیروگرفتی گەورەی ئابووری و کۆمەڵایەتی نەدەهاتن و ژێرخانی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەو جۆرەی ئەمڕۆ بەسەر یەك دانەدەڕما. هەر وڵاتێك لە بەرامبەر جیهانی دەوروبەریدا ڕەچاوی بەرژەوەندی هاوبەشی سیاسی و ئابووری نەکات و تەنیا بیر لە دەسەڵاتخوازی ڕێژیمەکەی بکاتەوە، بێگوومان بە دەردی حکوومەتی ئێران دەچێت و داهاتووی سیاسی وڵاتەکەی بەرەو لێڵی و تێداچوون دەبات. ئەو وڵاتە لەسەر ئاستی دەرەوەدا وەك هەڕەشەی زۆر جیددی لەسەر ئەمنیەت و ئاسایشی ناوچە تەماشا دەکرێ و لە ئێستادا تاران لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی تەنانەت دۆستی خۆی پەیوەندییەکانی باشی نییە و هەر وڵاتێك پێش لە هەر شتێك بیر لە بەرژەوەندی خۆی دەکاتەوە. سیاسەتی تاران بە جۆرێك کار دەکات کە هەموو لایەك بۆ مانەوەی خۆی بە ئامانج بگرێ و سەقامگیریی سیاسی هیچ وڵاتێکی بۆ گرینگ نەبێت و لە کوێ دڵیان بخوازی لەوێدا دەستێوەردان دەکەن.

ڕێژیمی ئێران سنووری دژایەتی لەگەڵ وڵاتانی گەیاندووەتە ئورووپا و ئامریکا و هەر کەسێك و لایەك و وڵاتێك ڕەخنە لە سیاسەتی تاران سەبارەت بە ئاڵۆزییە سیاسی و ئابوورییەکانی لەگەڵ ڕۆژئاوا و وڵاتانی تر بگرێت، لەگەڵ دژایەتی توندی تاران بەرەوڕوو دەبێتەوە. حەسەن ڕۆحانی بەو قسانەی هەوڵی ئەوە دەدات کە وڵاتەکەی بە جۆرێك پێناسە بکات کە تاران بە تەنیا لایەنگری سەقامگیری و ڕێزگرتنە لە بڕیاری سیاسی و دیپلۆماسی و سەروەری وڵاتانی ناوچە. بێگومان حکوومەتی تێرۆریستیی تاران بە درێژایی تەمەنی سیاسی و ئیداری بووەتە هۆکاری ئەو بارگرژییە سیاسی و کۆمەڵایەتییە کە خەریکە ناوچەکەش بەخۆیەوە دەسوتێنێت. ئەگەر ئەو وڵاتە تۆزێك خۆی لەگەڵ هاوکێشە ناوچەییەکاندا گونجاندبا و هەوڵی دەستبەسەرداگرتن و کۆنتڕۆڵی بەشێك لە وڵاتانی نزیك لە خۆیان نەدابایە. ئەمڕۆ بە دڵنیایەوە کەس باسی پرسی ئاشتی و ناکۆکییەکانی وڵاتانی دراوسێ و تۆزێك دوورتری سەر سنوورەکانی ئێرانی نەدەکرد. پێكهاتە و فەلسەفەی سیاسی و فیکری ڕێژیمی ئاخوندی بە دیاریکراوی لەسەر پەرەپێدان بە بیری توندئاژۆیی ئایینی و هەڵاواردنی سیاسی و نەتەوایەتی و دەسەڵاتخوازی دامەزراوە و ئەگەر ڕۆژێك واز لەو رفتارەیان بێنن، حكوومەتی ئاخوندی بە تەواوی بەرەو لاوازی و تێکچوون دەڕوات.

پاش سەرهەڵدانی ناکۆکییەکانی نێوان واشنگتۆن و تاران، ڕێبەرانی سیاسی و مەزهەبیی ئاخوندی ڕۆژ نیە بابەتێكی نوێ لەبارەی قەیرانەکان نەهێننە گۆڕێ و ئامانج لە خولانەوەی ئەو بازنەیاندا، بە دڵنیایەوە دۆزینەوەی ڕێگایەکە کە دوور بێت لە پێكهەڵپڕژانی نیزامی.

سیاسەتی تاران وێڕای ڕەتکردنەوەی نێوبژیووان و دانووستان لەگەڵ ئامریکا، کەچی بە ڕێگای لۆمەکردن لە هاتنەدەری وڵاتەیەکگرتووەکانی ئامریکا لە بەرجام، دەیانهەوێت ئەوە بلێن کە تاران پابەندی ڕێککەوتنی ئەتۆمییە و دەکرێ هەموو لایەك بیپارێزن. دیارە ئێران ئەو بابەتە وەك دەرگای هاتنەناوەی بۆ نێو گەمەیەکی نوێی سیاسی و دیپلۆماسی کەڵک لێوەردەگرێت و هەوڵی ئەوە دەدات شەرعیەت بە کار و چالاکیە ناوەکیەکانی خۆی بدا.

سیاسەتی ئاخوندەکان ئەوەیە کە لە کوێ ئاژاوە هەبێ، ئەوان لەو شوێنە ئامادە بن و خۆیان تێدا چالاك بکەن. کەوابوو هۆکاری ئەو ئالۆزییە سیاسییە بە تەنیا حکوومەتی تاران خۆیەتی. ڕاستە بۆ خۆ دزینەوە لەسەر ڕاستیی ڕووداوەکان، ناسەقامگیریی سیاسیی ناوچە دەخەنە گەردنی وڵاتانی تر و بە دیاریکراویش ئامریکا.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئاخوندی ئەوەندە دووڕوو و بێشەرمن، پێیانوایە هەموو لایەك و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی باوەڕ بە قسە و لێدوانیان سەبارەت بە کێشە و ململانەی نێوان ئامریکا و تاران دەکات کە ئێران یەك لایەنە کۆشکی سپی بە هۆکاری ناکۆکیەکان ناو دەبات و خۆشیان بە پیاو چاك دەناسێنن. لەو ماوە کورتەدا دەرکەوتووە ئێران بە هۆی گرووپە توندئاژۆکانییەوە، کەشتیە نەوت هەڵگرەکان بە ئامانج دەگرێ و بەو ڕێگایەشدا ناوچەی گەیاندۆتە لێواری لێکترازان و پێك هەڵپرژانێکی گەورە.

 ئێران بە کردەوە شەڕی دژی ئامریکای ڕاگەیاندووە ، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، سەبری زۆری ترامپ و ئیدارەکەیەتی لەسەر بڕیاری گورزی سەبازی کە هێشتا کۆشکی سپی لەسەری کۆکنیە. بەشێکی بەرچاو لە بڕیاربەدەستە سیاسی و سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لایەنگری بەکارهێنانی هێزی سەربازین و لەوبڕوایەدان وڵاتێکی مەترسیداری وەك حکوومەتی ئاخوندی بە قسەی خۆش هەرگیز نایەتە سەر هێڵ و پابەندی مەرجەکانی کۆشکی سپی نابێت.

کاربەدەستانی تاران بەوە دڵخۆشن یان دڵ نەوایی خۆیان دەدەنەوە، گووایە ئەمریکا لە خۆی ڕا نابینێت شەری ئێران بکا، چوونکی ئەگەر پێکدادانی سەربازی ڕوو بدات تاران سەرئەنجام براوەی یەکەم دەبێت و بە تەواوی دەست بەسەر ناوچەدا دەگرێت. ئاخوندەکان بە گشتی سیاسەتیان ئەوەیە ئیمپڕاتۆریەتی گەورەی هیلالی شیعە دابمەزرێنن و بەو کردارەشیان دەتوانن ئاسایشی وڵاتەکەیان باشتر بپاڕیزن.

حکوومەتی ئاخوندی ئێران لە ئێستادا بە دژوارترین قۆناغی سیاسی و ئابووری و مێژوویدا تێپەڕ دەبێ و بە هۆی شڵژانی نێوخۆیان هەر جارە و لەگەڵ لایەك ئالۆزی سیاسی دروست دەکەن. کاربەدەستانی تاران پاش ئەوەی لە هەڵوێستی وڵاتە ئۆرووپاییەکان تێگەیشتن کە لە هەمبەر ئێراندا، لایەنگری سیاسەتی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئامریکا دەکەن، دەستیان بە گلەیی و گازندە کردووە و جۆرێك قسە دەکەن کە هەڕەشە لە وڵاتانی ئورووپاش بکەن. ڕێژیمی ئێران بە ڕادەیەك لەژێر گوشار دایە، تەنانەت بڕیاربەدەستە سیاسی و سەربازییەکانی ئەو وڵاتەی دووچاری بیرڕادەربڕینێکی ئاڵۆز کردقوە و هەڕەشە لە سروشتی ئارامی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانیان دەکەن. سیاسەتی حکوومەتی ئاخوندی هەر بەوەش کۆتایی پێنەهاتووە و هەر جارە و وڵاتێك یان چەند هێزی ناوچەی بە ئامانجی هێرشەکانیان دەگرن. ماوەیەك لەوەی پێش بە تەواوی کەوتبوونە تانەوتەشەرگرتن لە ڕفتار و سیاسەتی وڵاتانی عەرەبی کە پشتیووانی هەنگاوەکانی کۆشکی سپی بە دژی ئێران دەکەن. ئەگەر سەرنج بخەینە سەر سیاسەت و ڕوانینی گەورە سیاسی کاربەدەستەکانی نێو کابینەی حەسەن ڕۆحانی، ئەوکات زۆر بەباشی لەو ڕاستیە دەگەین کە لێدوان و گۆتاری ئاگرینیان، نەتیجەی بێ ئومێدی و لاوازیی سیاسی و سەربازیی زیاتر دەردەخات. لەوەش سەرنج ڕاکێشتر ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران عەلی خامنەیی بە لێدوان و دەرکەوتنە کتوپڕو لەناکاوەکانی نیگەرانیی زۆری تەنانەت بۆ هاوقۆڵەکانی خۆی لەسەر ئاستی سیاسەتی حکوومەتی تاراندا دروست کردوە و هەموو پردێکی پەیوەندییەکانی پچڕاندوە و بەتوندی بە دژی سیاسەتی ترامپ هەڵوێستی وڵاتەکەی ڕاگەیاندوە.

حکوومەتی تاران لەسەر ئاستی نێوخۆیشدا سیاسەتی دژی گەلی و لەنێوبردنی ناڕازییەکانی خۆی ڕانەگرتووە و بە توندترین شێوە بەرەوڕووی هەر سەرهەڵدان و سەربەرزکردنەوەیەك دەبنەوە کە لەوێدا دژایەتی ڕێژیمی ئێران بکرێت. گەلانی ئێران بە هۆی سیاسەتی هەڵە و شەڕەنگێزی و پاوانخوازیی ئاخوندەکان، بە دژوارترین قۆناخەکانی ژیاندا تێپەڕ دەبن و گرانی و تێکچوونی ڕەوتی گەردوونی ئابووریی وڵات، هەژاریی زۆریی لێکەتووەتەوە. ئێران لەنێو شەپۆلی ناڕەزایەتی و بێزاریی خەڵكدا دەکوڵی و ئەگەر ئەو باروودۆخە هەروا بەردەوام بێت، بێگوومان جووڵانەوەی سەرانسەری دەرفەتی گەورەی خۆڕێکخستنەوەیان بۆ پێکدێ.

بە هۆی گەمارۆ یەك بەدوای یەکەکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران کە لەو دوایانەشدا کەرتی پێترۆشیمی و ژمارەیەك ناوەندی تری نزیك لە سپای پاسدارانی گرتەوە، دەبێتە مایەی سەر ئێشە و ناڕەزایەتی بەرچاوتری گەلانی وڵات. ئابووری و ژێرخانی کۆمەڵایەتی بە تەواوی بەسەریەكدا ڕوخاوە و ئەو بابەتەش بە دڵنیایەوە ئالۆزیی سیاسی و کۆمەڵایەتی زۆرتر بەرهەم دێنێت و دەنگی بێزاری و ناڕەزایەتی لە حکوومەتی ئاخوندی بە شکڵی کاریگەرتر خۆی دەردەخات. ڕێژیمی ئێران لە جیاتی هەوڵدان لەپێناوی دۆزینەوەی ڕێگایەك بۆ ئەوەی کۆتایی بە کۆی کێشە و ململانەکانی بێنێ و چێتر نەبێتە هۆکاری دژوارتر بوونی ژیان و گوزەرانی نەتەوەکانی ئێران. کەچی بە هۆی گرووپە تێرۆریستییەکانییەوە، ناوەندە بازرگانی و کشتیە نەوت هەڵگرەکان بە ئامانج دەگرێت و دیارە کەس لە خۆیان بەدەسەڵاتر نازانن. ئەو وڵاتە بە هێزی سەربازی نەبێت، باوەر ناکرێت مڵ بۆ داخواز و مەرجی ئامریکا و کۆمەڵگای نێونەتەەیی ڕابکێشێت.

کاربەدەستانی تاران هەر ڕۆژە و بە دژی لایەك هەڵوێست دەگرن و ئەوەش بە کردەوە دەری دەخات کە لەسەر ئاستی ناوچەیدا وڵاتێك نادۆزنەوە لە بارودۆخێکی وەك ئەمڕۆدا هاوسۆزیان لە گەڵ نیشان بدات و بە فیتی ئەوان بجووڵێتەوە. چوونکی کۆتایی هەر دۆستایەتییەکی سیاسی و ئابووری لەسەر قازانج و سوودی هاوبەش پێك هاتبێت، ناکرێ حیسابی دۆست و هاوپەیمانی سیاسی و ستڕاتیژی لەسەر بکرێ و لە کاتی تەنگانێدا بە فریای یەکدی بێن. دۆست و هاوپەیمانەکانی حکوومەتی ئاخوندی زۆرتر دۆستی بازرگانی و ئابوورین و لە کوێ بەرژەوندییەکانیان بکەوێتە مەترسیەوە، ماڵاوایی لە ئاخوندەکان دەخوازن. لە گۆڕەپانی سیاسیدا، پاش قووڵتربوونەوەی ناکۆکیەکانی نێوان ئێران و ئامریکا، بەشێکی زۆر لە دۆستە نزیکەکانی ئێران تەنانەت بە دزیشەوە لە کڕینی نەوتی تاران خۆیان دەبوێرن. وڵاتی چین کە هاوبەش و هاوپەیمانێکی مێژووی سیاسی و بازرگانی ئێران ناسراوە، ئەویش خۆی لە ئێران نادا و نای هەوێت بە هۆی ئەو وڵاتەوە بەرژەوەندییە ئابووری و بازرگانیەکانی لە گەڵ ئەمریکادا بخاتە بەردەم مەترسی گەورەتر.

لە ئەگەری هەر ڕووداوێكدا کە بەسەر ڕێژیمی ئاخوندی دابێت، لە بۆشایی سیاسی و سەربازیدا کوردستانی ڕۆژهەڵات دەرفەتێکی گەورەی بۆدێتە بەرەوە و لە ڕاپەرینێکی بەربڵاو و جەماوەریدا بە سانایی دەتوانێ خۆی ڕزگاربکات. ئەو ڕووداوەش بێگوومان سەرەتایی وەرچەخانێکی گەورەی سیاسی و مێژووی دەبێ و هێزە سەربازییەکانی سەر بە حکوومەتی ناوەندی بە تەواوی لە کوردستان هەرەس دەهێنن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.