کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات سوپاسی خەڵکی کوردستان و لایەن سیاسیەکان دەکا

01:54 - 1 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا وێرای سوپاس و پیزانینی بەرابەر بە بەشداریی لایەن و کەسایەتیە سیاسی و دڵسۆزەکانی کورد، سوپاسی هاوخەمی دەربڕینی هەموو خەڵکی کوردستانی کرد. هەر لەوێدا پێداگری لە سەر درێژەدان بە رێبازی شەهیدان و پەیمانی بەبڕشتتربوون لەسەر خەبات بە خەڵک دەدا.

دەقی راگەیەندراوەکە بەم شێوەیە:

سوپاسنامە و پێزانینی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاونیشتمانیانی بەڕێز،
حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان
تێکۆشەرانی دێموکرات،


بەداخەوە لە ماوەی ڕابردوودا، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەید ڕەزا دروودگەر ئەندامی پێشووی کومیتەی ناوەندی و چەکۆ ڕەحیمی ئەندامی کومیتەی ناوەندی، دوو کەس لە کادرە تێکۆشەر و پێگەیشتوو و خاوەن ڕابردووی خەباتگێڕانەکەی لە دەستدا، کە بۆ ماوەیەکی درێژ ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات بوون.

خەمی لەدەستدانی ئەو دوو ڕۆڵە تێکۆشەرەی کورد و ئەو دوو خەباتکارەی دێموکرات، خەمێکی گەورە بۆ هەموو لایەک و خەسارێکی گەورە بۆ تێکۆشانی کورد و حیزبی دێموکرات بوو، بەڵام بەشداریی هەمەلایەنە و بەرین لە سەرەخۆشی و ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی پیرۆزیان و هاودەردی و هاوخەمیی بەرفراوانی لایەن و کەسایەتی و دڵسۆزانی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان و لە شکڵ و شێوازی جۆراوجۆردا، هەم خەمی لەدستدانی هاوسەنگەرانمانی کەم کردەوە و هەم هیواداریی زیاتری پێ داین بۆ درێژەدان بە ڕێبازی ئەو هاوڕێ کۆچکردووانەمان.

لە ماوەی ڕابردوودا چ بە بەشداری لە ڕێوڕەسمەکانی سەرەخۆشی و چ بە سەردان لە دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات و چ بە پەیام و برووسکە و چ بە پێوەندیی تێلێفۆنی و نامە و لە ڕێگەی ئینتێرنێتی و ... زۆربەی هەرەزۆری کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و باشوور و باکوور و ڕۆژئاوای نیشتمان، هاوخەمییان لەگەڵ حیزبی دێموکرات دەربڕیوە و دڵنیایان کردووینەوە کە لە خەمە گەورەکاندا هەموومان یەکین و سپاسی هاودەردی و هاوخەمی و هیوابەخشییان دەکەینەوە و هیوادارین کە هەروەک لەو خەمانەدا یەک هەڵوێست و یەکدەنگین، لە سەرکەوتنی هەموو بەشەکانی کوردستانیشدا هەموومان شایی بگێڕین.

هەر لەم ماوەیەدا خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە تێکڕا و بە شێوەی جۆربەجۆر هاوخەمییان لەگەڵ حیزبی دێموکرات دەربڕیوە و لە شکڵی جیاوازدا کە بەو بۆنەوە دەرەتانێک پێک هاتبێ، هەم خەمی خۆیان بۆ لەدەستدانی ڕۆڵەکانی خۆیان نیشان داوە و هەم ڕێزیان لە خەباتی ڕۆڵەکانیان گرتووە. هەر لەو پێوەندییەدا ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە هەموو شار و شوێنەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، بە پەیام و نامە و پێوەندیی تاک و کۆ و بە چالاکیی جۆربەجۆر، لە خەمی لەدەستدانی کادرە پێگەیشتووەکانی حیزبەکەیاندا بەشدار بوون و پەیمانی وەفادارییان بۆ ڕێبازەکەیان دووپات کردەوە. ئێمە وێڕای سپاس و پێزانین و ئەوپەڕی ڕێز لە هەڵوێست و هاوخەمیی خەڵکی کوردستان بە تێکڕا و ئەندام و لایەنگرانی حیزب بەتایبەت، زۆر خۆشحاڵین کە هەڵوێست و کرداری خەڵکی کوردستان دووبارە سەلماندیانەوە کە ئەم خەڵکە پشت و پەنای خەباتی حیزبە خۆشەویستەکەیان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانن و بۆ جارێکی دیکەش نیشانیان دایەوە کە خەڵکی کوردستان وەفادارە بەرانبەر بەوانەی کە بە ڕاستی و بە پاکی لە پیناوی بەختەوەریی خەڵکدا خەبات دەکەن و گیانیان و ژیاناین پیشکەش دەکەن.

هەر لەم بوارەدا ژمارەیەک ڕێکخراوی ئێرانی ، هاوخەمییان لەگەڵ حیزبی دێموکرات دەربڕی، کە لێرەدا پێویستە سپاسی دەفتەری سیاسییان پێ ڕابگەیەنین.

لە کۆتاییشدا پیویستە ئاماژە بە کار و زەحمەت و ماندوونەناسیی کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزب لە کوردستان و لە دەرەوەی وڵات بکەین کە هەرچەند بۆ لەدەستدانی دوو کەس لە ئەندامانی ڕێبەریی ئێستا و ڕابردوویان کە ساڵانێکی زۆر زەحمەتیان بۆ حیزبە تێکۆشەرەکەیان کێشابوو، خەمبار بوون، بەڵام بە هەموو شکڵ و شێوازێک کە لەتوانایاندا بوو، هەم بۆ بەڕێوەچوونی هەرچی باشتری ڕێوڕەسمە تایبەتەکان هەوڵیان دا و هەم پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ ڕێبازی هاوسەنگەرانی تازەکۆچکردوومان نوێ کردەوە.

هەموو ئەو ڕێز و هاوخەمی و لەگەڵدابوونەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان و خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە نێوخۆی وڵات و کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزب لە کوردستان و دەرەوەی وڵات، هەم دڵخۆشتر و بەهیواترمان دەکات بۆ درێژەدان بە ڕێبازی دروستی خەبات، هەم ئەرکێکی زیاترمان دەخاتە سەرشان کە بە دڵنیایی لە هەڵوێستی خەڵکەکەمان، بە ئاگاداربوون لە چاوەڕوانیی خەڵکەکەمان و هەموو ئەندام و لایەنگرانمان، هەنگاوی قایمتر و بەبڕشتتر لە پێناوی سەرخستنی خەباتەکەمان و ڕزگاریی خاک و ئازادیی خەڵکەکەماندا هەڵ بگرین.

رێباز و ڕێگای شەهیدان پڕ ڕێبوار بێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

١٣٩٥/٢/٣١
٢٠١٦/٥/٢٠