کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات سپاسی خەڵکی کوردستانی کرد

22:11 - 23 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا بە ئاماژە بە گوشارەکانی رژیم بۆ سەر خەڵک تاکوو مانگرتن بەڕێوە نەبەن، سپاسی هەڵوێست و کرداری خەڵکی کوردستانی کرد کە بە بێ گوێدان بە گوشارانەی رژیم، دەنگی دژایەتییان لەگەڵ تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی بەرز کردەوەو پێشوازییان لە بەرینترکردنەوەی خەبات و گرێدانی خەباتی شاخ وشار کرد.

دەقی راگەیەندراوەکە بەم شێوەیە:

بۆ کۆمەڵانی تێکۆشەری خەڵکی کوردستان

بەدوای بانگەوازی کۆمیسیونی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و داواکردن لە کۆمەڵانی خۆڕاگری خەڵکی کوردستان بە مەبەستی ئەنجامدانی کردەیەکی ئیعترازیی بەرین و تێکرایی لە ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی٢٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ، بیست و حەوتەمین ساڵڕۆژی تیرور کردنی دوکتور قاسملوو، بۆ مەحکووم کردنەوەی تیروریزمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەربڕینی بێزاری لەو ڕێژیمە و چەند پات کردنەوەی وەفاداری بە ڕێباز و سیاسەتەکانی حیزبی قاسملوو و لەوەش زیاتر بە مەبەستی پێشوازی کردن لە بەرینتر کردنەوەی خەبات و گرێدانی خەباتی شاخ و شار، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ پێشگرتن بە وەها حەرەکەتێک وەک هەمیشە پەنای بۆ هەڕەشە کردن لە خەڵک بە تایبەتی کاسبکاران برد و لە ڕێگای دەزگاکانی ئیتلاعاتی، سوپای پاسداران، ژووری بازرگانی و ئەسناف و...، هەوڵیدا خەڵکی کوردستان لە ژێر گوشار و زەخت و زۆر و هەڕەشەدا وەڵامی ئەرێنی بەم بانگەوازە نەدەنەوە. بەڵام کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان سەرەڕای هەموو ئەو هەڕەشانە و نیزامی کردنی کەش و هەوای شارەکان، بە لەخۆگرتنی هەزینەی ئەنجامدانی وەها حەرەکەتێک، وەڵامێکی ئەرێنی و شیاوی خەباتگێڕیی خۆیان بە بانگەوازەکەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دایەوە و دەستێکی بەهێزیان بە سینگی ڕێژیم و دام و دەزگا سەرکوتکەرەکانیەوە نا، ئەوان بە داخستنی دوکان و بازار و نەچوون بۆ سەر کار و ڕەچاوکردنی ڕێنوێنییەکانی حیزب لەو پێوەندییەدا، وەک ساڵانی پێشوو نیشانیان دا، نەک لە پێداگری لەسەر بیر و باوەڕەکەیان و داخوازە سیاسی و ئەساسییەکانیان سوور و پێداگرن، هەروا پاڵپشتی بەهێزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانن، بەڵکوو سەلماندیان کە هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان لەخۆ دوور خستووەتەوە و لەو باوەڕەدان ئەو ترسە بۆ هەمیشە دەبێ بڕژێ. بۆیە دوێنێ سێ‌شەممە هەموو لایەک نیشانەکانی ئازایەتی و چاونەترسی و خەباتگێڕی و خۆڕاگریی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیان لە نێو تەم و مژی هەڕەشە و فشارەکانی ڕێژیمدا بە بەرز کراوی دیت و دڵنیاییان دا بە هەموو لایەک کە شار دەنگ و پەیامی شاخی بیستووە و بە دڵ و گیان وەری گرتووە و هەموو شێوەکانی خەباتی ڕەوایان دەستەملانی یەکتر کردووە.

پیرۆز بێ لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئەو وشیارییە سیاسییە

ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد!

خەڵکی زامدار و ماف پێشێلکراوی کوردستان!


ئێوە بە ئازایەتی و چاونەترسیی خۆتان لە ٢٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ ٢٧ـەمین ساڵڕۆژی تیرور کردنی دوکتور قاسملوودا، هەم مستێکی توندتان لە دەمی ڕێژیمی تیروریست و تیرور پەروەری کۆماری ئیسلامی ئێران دا و هەم وەفاداریتان بۆ ڕێبازی دوکتور قاسملوو و سیاسەت و بڕیارەکانی حیزبی خۆتان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دووپات کردەوە و هەمیش بە گرینگ نرخاندنی لێک گرێدانی خەباتی شاخ و شار، وەڵامێکی شیاوتان بە گوێی دۆست و دوژمنان گەیاند و ئەو مژدەیەتان دا کە لە داهاتوودا شارەکان لە ڕابردووش زیاتر دەبنە مەکۆی خۆڕاگری و خەباتی ڕەوا لە شکڵ و شێوەی جۆراوجۆردا. نیشانتان دا کە خەبات لە پێناو گەیشتن بە مافە دێموکراتیک و نەتەوایەتیەکانمان ئەرکی یەک یەکی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە و سەلماندتان کە بە یەکدەنگی و یەک هەڵوێستی دەکرێ و دەشێ بەسەر دوژمنانی کورد و نەیارانی کورددا سەر بکەوین و پیلانە ڕەنگاوڕەنگەکانیان پووچەڵ بکەینەوە. بە تایبەت کە هاوکات لەگەڵ بە پیلەوهاتنی شار لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، ڕۆڵەکانی کورد لە وڵاتانی دەرەوە و لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش بە بەڕێوەبردنی حەرەکەتی ئیعترازی و ڕێوڕەسمی تایبەت دەنگی خۆیان هەڵبڕی و هەنگاوی شیاویان نا.

ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەو حەرەکەتە ئیعترازییە بەرین و بەرچاوەتان وێڕای پیرۆزبایی پێگووتن، بەرز و شوێندانەر دەنرخێنێ و وەک سەرەتایەک بۆ خەباتێکی بەرینتر لە سەرتاسەری کوردستان سەیری دەکا و وەک هەمیشە بە پشتیوانی و پشتگیریی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان پشت ئەستوورە.

جارێکی دیکە سڵاو و سپاس بۆ ئەندامان، لایەنگرانی حیزب و هەموو ئازادیخوازانی کورد لە ڕۆژهەڵات کە بەشێوەیەکی بەرچاو پەیامی حیزبیان گەیاند و هەروەها بۆ بەشدارانی حەرەکەتە شیاو و شوێندانەرەکەی ڕۆژی سێ‌شەممە ٢٢ی پوشپەڕی ئەوساڵ.

بەردەوام و یەکگرتوو بێ خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان، شوێندانەرتر بێ خەباتی لێک گرێدراوی شاخ و شار، سەر کەوێ خەباتی تێکڕایی لە پێناو گەیشتن بە ئاوات و ئامانجی شەهیدان و ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

٢٣ی پوشپەڕی١٣٩٥ی هەتاوی
١٣ی جولای٢٠١٦ی زایینی