کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە شەهیدبوونی دوکتور سەعید چوروکایا بڵاو کردەوە

14:11 - 10 خەزەڵوەر 2716

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە شەهیدبوونی دوکتور سەعید چوروکایە بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات سەبارەت بە شەهیدبوونی پێشمەرگەیەکی کوردستان


ڕۆژی یەکشەممە ٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی، ٣٠ی ئۆکتۆبری ٢٠١٦ی زایینی، پێشمەرگەی گیانباز، سەعید چوروکایا ناسراو بە دوکتور سولەیمان، لە نەخۆشخانەیەک لە وڵاتی ئاڵمان گیانی پێشکەشی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان کرد و شەهید بوو.

دوکتور سولەیمان لە باکووری نیشتمان لەدایک بوو، و لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا لە پێناوی ڕزگاریی خاکی کوردستان و بەختەوەریی نەتەوەکەیدا گیانبازیی کرد و پێشمەرگەیەکی ڕاستەقینەی کوردستان بوو.

هاوڕێی شەهید سەعید چوروکایا، وێڕای خوێندن لە ئاستی بەرز و لە زانستگاکانی دەرەوەدا و وێڕای ژیانی ئاسوودە لە وڵاتێکی پێشکەوتووی وەکوو ئاڵمان، ئەمجارەش دەستی لە ئاسوودەیی هەڵگرت و گەڕایەوە بۆ نێو کاروانی خەباتی ئازادیخوازی، و دژ بە تیرۆریزم و هێرشبەرانی سەر کوردستان خەباتی کرد.

دوکتور سولەیمان یەکەم جاریش خوێندنی بەجێهێشتبوو و لە کاروانی ڕزگاریخوازیی کوردستان لە باکووری نیشتماندا بەشداریی کردبوو، ئەمجارە لە باشووری نیشتمان بە دژی تیرۆریستان وەستایەوە و لەو ماوەیەشدا لەگەڵ ڕاسانی ڕۆژهەڵاتدا هاوسۆزی ڕاسان بوو و لەگەڵ ڕێبازی ئازادیخوازیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەکەی هاوسۆزی و هاوکاریی کرد.

دوکتور سولەیمان، ڕاهێنەر و شارەزایەکی باشی بواری دژە تەقینەوە و دژە مین بوو و سەدان پێشمەرگەی کوردستانی لەوبارەوە پێگەیاندبوو و هەزاران مینی پووچەڵ کردەوە و گیانی هەزاران پێشمەرگەی لە تەڵەکانی تیرۆریستان پاراست.

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای ئەوەی شانازی بە کەسانی نیشتمانپەروەر و خەباتکاری وەک سەعید چوروکایا، ناسراو بە دوکتور سولەیمان دەکا، و وێڕای وەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە لە مێژووی ڕزگاریخوازیی کورددا نموونەی ئەوجۆرە هاوپێوەندی و بەشدارییەی کوردان لە خەباتی بەشەکانی دیکەدا زۆربوون، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی شەهید سەعید چوروکایا دەکا و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێ، چوونکە لەدەستدانی دوکتور سولەیمان خەسارێک بوو لە هەموو کوردستان کەوت.

ڕۆحی ئەو شەهیدە سەربەرزە شاد بێت و ڕێگای پڕ سەروەریی پڕ ڕێبوار بێت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

١٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٥
٣١ی ئۆکتۆبری ٢٠١٦