کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

16:58 - 1 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات سەبارەت بە تەقینەوەی تێرۆریستی لە بەردەم بنکەی سەرەکیی هاوڕێیانی پێشوو ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

هاونیشتمانیانی بەڕێز،

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان،


ڕێکەوتی ٣٠ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی، کاتژمێر ١٠ی شەو (٢٠ لەسەر ٢١ی دێسامبری ٢٠١٦)، لە بەردەم بنکەی سەرەکیی هاوڕێیانی پێشوومان لە قەڵای نزیک شاری کۆیە، دوو تەقینەوەی تێرۆریستی ڕوویان دا و لە ئاکامدا بەپێی زانیارییەکانی کە تا سەرلەبەیانیی ڕۆژی ١ی بەفرانبار(٢١ی دێسامبر) بڵاو بووەتەوە، بەداخەوە پێنج کەس لە پێشمەرگە و منداڵی بنەماڵەکان و مفەوزێکی ئاسایشی کۆیە لەم کارەساتەدا شەهید بوون و هەروەها چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئەوەی کە تائێستا بڵاو بۆتەوە و زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە کردەوەکە کردەوەیەکی تێرۆریستیی بەرنامە بۆداڕێژراو بووە و تەقینەوەی یەکەم بۆ هاندان و سەرنج ڕاکێشان بووە، تاکوو لە تەقینەوەی دووهەمدا زیانی گیانیی زۆرتر بگەیەنن، و ئەم شێوە کردەوە دژە مرۆییە لە شێوازەکانی تەقینەوە و کردارەکانی کۆماری ئیسلامی دەچن کە ساڵانی پێشوو بە دژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هێزەکانی دیکەی دژبەری کۆماری ئیسلامی بەکاریان بردووە.

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات وێڕای هاوخەمی لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەمان، هاوسەنگەرانی ئەو شەهیدانە و بنەماڵەکانیان و هەروەها هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی ئەو کارمەندەی ئاسایشی کۆیە و هاوکارەکانی، هیوای هەرچی زووتر چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین و جارێکی دیکە دەستی ڕەشی تێرۆر و سەرچاوەی تێرۆریزم لە جیهاندا، واتە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی مەحکووم دەکەین.

ئەم کردەوە تێرۆریستییە جارێکی دیکە نیشانی دایەوە کە تێرۆر و سەرچاوەی تێرۆیزم لەگەڵ هەموو بنەمایەکی ئازادی و مرۆیی ناتەبایە و ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەڕەشەیەکی جیهانییە بۆ سەر ژیانی ئینسانی.

ڕۆحی شەهیدان شاد و هیوای چاکبوونەوە بۆ برینداران
نەمان بۆ تێرۆریستان و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی سەرچاوەی تێرۆر

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

١ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی
٢١ی دیسامبری ٢٠١٦ی زایینی