کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەقی قسەکانی مستەفا هیجری لە رێوڕەسمی ٢٥مین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو لە بنکەی دەفتەری سیاسی

01:00 - 30 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە رێورەسمی ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی لە بنکەی دەفتەری سیاسی وتاری خۆی پێشکەش کرد کە دەقی وتەکانی وەکوو خۆی بڵاو دەکرێتەوە.

دەقی وتارەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانانی بەڕێز!
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان، ئامادەبوانی بەڕێز!


هەروەک هەموو لایەک ئاگادارن ٢٥ ساڵ لەوە پێش، لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، لە ٢٢ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی، بەرانبەر بە ١٣ی ژووئیەی ١٩٨٩ی زایینی، هاوڕێی تێکۆشەر و بیرمەندی گەورەی کورد دوکتور قاسملوو، هاوڕێ کاک عەبدوڵڵا قادری و دوکتور فازڵ رەسوڵ لە ڤییەن، لەسەر مێزی وتووێژ بە دەستی تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەهید کران. ئێمە، وەکوو باقی ئەویندارانی رێگای دوکتور قاسملوو لێرە و لەوێی وڵات، لە ناوخۆ و لە دەرەوە، هەست و سۆز و وەفاداریی خۆمان بەو رێبازە و بە خوێنی پاکی شەهیدان نیشان دەدەین و لەم کۆبوونەوەیەدا بەش بە حاڵی خۆمان ئامادە بووین تا لە لایەکەوە وەفاداریی خۆمان بە رێبازی شەهیدەکانمان، لە سەرووی هەموویانەوە پێشەوا و دوکتور قاسملوو و هەزاران شەهیدی رێگای رزگاریی نەتەوەکەمان پێشکەش بکەین. لە لایەکی دیکەوە بە کۆماری ئیسلامیی دۆژمنی ئازادیی نەتەوەکان و بە هەموو نەیارانی گەلی کورد بڵێین کە ٢٥ ساڵ دوای شەهیدکردنی دوکتور قاسملوو بە پێچەوانەی ویست و داخواز و خەون و ئاواتەکانییان خەبات و تێکۆشان بۆ رزگاریی نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا نەک هەر کۆتایی نەهاتووە، بەڵکوو رۆژ بە رۆژ زیاتر تەوژم دەگرێ. هەروەها دەمانهەوێ لەو مەجالەدا جارێکی دیکە کردەوەی ئەو کاتی دەوڵەتی ئوتریش کە ئەو کارەساتە لەو وڵاتە رووی دابوو و لە جیاتی ئەوەی تیرۆریستەکان بە دادگا بسپێرن و سزای یاسایی خۆیان وەربگرن، بە ئیسکۆرتەوە رەوانەی تاران کران بۆ ئەوەی کە پاداشتی جینایەتەکەی خۆیان وەربگرن، مەحکووم بکەین و پێیان بڵێین کە پیلانگێڕیی لە دژی سەرکردەکانی گەلی کورد لە هەر بەشێکدا و لە هەر دەور و سەردەمێکدا لە روانگەی میللەتی کوردەوە مەحکوومە و لە بیرمان ناچێتەوە.

دوای شەڕی ئێران و عێراق کۆماری ئیسلامیی ئێران بە چۆکدا هات و بڕیارنامەی ٥٩٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی پەسند کرد و واژۆی کرد و وەک بۆ خۆیان گوتیان، خومەینی جامی ژەهری شکستی خواردەوە بە میلیۆن کۆژراو و بریندار، وڵاتێکی خاپوور، ئەرتشێکی شکستخواردوو و سەرشۆڕ دەستکەوتی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو بۆ گەلانی ئێران بوو، لەو کاتەدا کە ئەو هەموو خەسارەتە گیانی و ماڵییە لە خەڵکی ئێران کەوت بە بیانووی ئەوەی کە دەیانهەوێ لە رێگای کەربەلاوە قودس رزگار بکەن، بەڵام لە بەرانبەر دۆژمنەکەیدا بە چوکدا هات و زەلیلانە بڕیارنامەکەی واژۆ کرد. لە هەلومەرجێکی سیاسی ئەوتۆی ناوچە و ئێراندا دوکتور قاسملووی بیرمەند کە هەمیشە بیری لە چارەسەریی مەسەلەی کورد لە رێگای ئاشتیخوازانەوە دەکرد وای بیر دەکردەوە کە دەوڵەتێک کە لەگەڵ دۆژمنەکەی بەو هەموو دۆژمنایەتی و خەسارەتەی لێی کەوتووە ئامادە بووە بڕیارنامە قەبوول بکا و لەگەڵی دادەنیشێ و بە چوکدا دێ، مەنتێق نییە داخوازی گەلی خۆی کە داخوازی ئازادییان هەیە لە چوارچێوەی وڵاتەکەیاندا قەبووڵ نەکا، بۆیە دوکتور قاسملوو بە نییەتێکی پاک و بە هیوای چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد پێشنیاری کۆماری ئیسلامیی بۆ وتووێژ قەبوول کرد و چوو بۆ ڤییەن، بەڵام بەداخەوە دەرکەوت کە کۆماری ئیسلامیی ئێران نەک هەر لە فکری چارەسەریی کێشەی کورد لە رێگای ئاشتیخوازانەوە نییە بەڵکوو پیلانێکی داڕشتووە بۆ شەهیدکردنی دوکتور قاسملوو کە بە داخەوە پیلانەکەی سەرکەوت. دوکتور قاسملوو خزمەتێکی گەورەی بە جووڵانەوەی گەلی کورد کرد، راستە کە سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو، بەڵام بیری تیژ و ئەندێشەی بەرزی دوکتور قاسملوو لە باری سیاسی، لە باری تێگەیشتن لە دۆخی ئەو کاتی دنیا و ناوچەکە، کاریگەریی دانابوو لەسەر رێکخراوەکانی کوردی لە هەموو بەشەکاندا. دوکتور قاسملوو سیاسییەکی واقیعگەرا بوو و بیری لە داهاتوو دەکردەوە و بە وردی مەسەلەکانی لێک دەدایەوە. دوکتور قاسملوو لە بەرەبەری رووخانی رێژیمی پاشایەتی و هاتنە سەرکاری رێژیمی کۆماری ئیسلامی کە تێکەڵ بوو لە نەوعێک هەڵچوون و ئێحساس و دیتنی رۆژ، لە هەڵوێستەکانیدا دواڕۆژی دەدیتەوە، بۆیە هەڵوێستەکانی حیزبی دێموکرات لەو کاتەدا بە رێبەرایەتیی دوکتور قاسملوو، هەڵوێستگەلێک بوون کە ئەوڕۆش دوای ٢٥ ساڵ لە مەرگی، هەر تازەن و بە رۆژن. ئەو دەم زۆر کەس و لایەن هەبوون لەو هەڵوێستانە حاڵی نەدەبوون، ئەو کاتەی کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران رێفراندۆمی دیاریکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بایکۆت کرد و لە رێفراندۆمدا بەشداریی نەکرد، دوکتور قاسملوو رایگەیاند کە ئەو حکوومەتە ناتوانێ هیچ کام لە ویست و داخوازییەکانی خەڵک و گەلانی ئێران دابین بکات. ئەو کاتەی کە تاقمێک بە ناوی خوێندکارانی موسوڵمان دەستیان بەسەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاراندا گرت، دوکتور قاسملوو ئەو کردەوە ناسیاسییەی مەحکووم کرد و رایگەیاند کە ئەمە بەپێچەوانەی عورف و یاسای نێونەتەوەیی‌یە، دەرئەنجام و لێکەوتەی زیانباری ئەم کردەوەیە بۆ خەڵکی ئێران دەگەڕێتەوە. ئەو دەم زۆر بوون ئەو لایەنانەی کە حیزبی دێموکراتیان لەسەر ئەم هەڵوێستانە بە ئەنواعی ئیتیهام مەحکووم دەکرد، بەڵام ئێستا دوای ٢٥ ساڵ لە مەرگی دوکتور قاسملوو و ٣٦ ساڵیش لە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی دەردەکەوێت کە ئەو هەڵوێستانە چەندە دوورئەندیشانە و ژیرانە بوون. دوکتور قاسملوو لە زیندووکردنەوەی حیزبی دێموکرات بە دوای نسکۆی کۆمار و شەهیدبوونی سەرکردەکانی کۆمار و زیندانی بوونی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە وردە وردە حیزبی دێموکرات بەرەو لاوازییەکی یەکجار زۆر چووبوو، پاش ساڵەکانی ٣٢ی هەتاوی، هاتەوە مەیدانی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بە کار و تێکۆشان و بیر و ئەندیشەی بەرزی خۆی هەناسەیەکی بەهێزی هێنایەوە بە بەر حیزبی دێموکراتدا و بە ئامادەکردنی بەرنامە و پێڕەوێکی پێشکەوتوانە و سەردەمییانە و بە یەکخستنەوەی ریزەکانی حیزبی دێموکرات، جارێکی دیکە حیزبی دێموکراتی بە هێزێکی ئەساسی و گەورەوە هێنایەوە مەیدان. لەو پێوەندییەدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران قەرزداری شەهید دوکتور قاسملوویە، بەڵام دوکتور قاسملوو کەسایەتییەک نەبوو کە تەنیا لە نێو خەڵکی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان و دەورووبەرەکەی ناسراو بێت، دوکتور قاسملوو شەخسییەتێک بوو کە لەو سەردەمەدا لە نێو کەسایەتییە ناسراو و بەناوبانگەکانی ئورووپاییدا وەکوو بیرمەندێک دەناسرا. رادەی بەرزی زانست و تێگەیشتن و هەڵسوکەوتی سەردەمییانەی دوکتور قاسملوو بە شێوەیەک بوو کە لەگەڵ هەر کەسایەتییەک دادەنیشت دەیخستە ژێر کاریگەریی خۆی. زۆرن ئەو کەسانەی لەسەر دوکتور قاسملوو شتیان نووسیوە و هەموو یەکدەنگن لەسەر دێموکرات بوون و ئازادیخوازیی دوکتور قاسملوو، لەسەر تێکۆشانی بێ وچانی بۆ بەدەستهێنانی مافی نەتەوایەتی کە مافێکی رەوا و بەرحەقی هەموو نەتەوەکانی دنیایە، دوکتور کوشنێر وەزیری پێشووی کاروباری فەڕانسە کەلە چوارچێوەی پزیشکانی بێ‎سنووردا هاتبووە کوردستان و لە نێو حیزبی دێموکراتدا خزمەتی پێشمەرگە و بریندار و خەڵکی بێ‎دیفاع و برینداری دەکرد لە سیمینارێکدا کەلە رێکەوتی ٢١ ژوئەن هەر بە بۆنەی یادی ٢٥ ساڵەی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو لە یەکێک لە سالۆنەکانی پارلمانی فەڕانسە پێکهات، لەسەر دوکتور قاسملوو دەڵێ: خەباتی حیزبی دێموکرات لە ژێر رێبەرایەتیی قاسملوودا دیدی ئێمەی سەبارەت بە خەباتی نەتەوەی کورد گۆڕی و رێگایەکی نوێ لەو خەباتەی بە ئێمە نیشان دا. هەر لەو سیمینارەدا پرۆفسۆر حەمید بۆز ئەرسەلان لێکۆلەر و مامۆستای زانکۆکانی پاریس هەڵسەنگاندنێکی تەحلیلی لەسەر کتێبی کوردستان و کوردی دوکتور قاسملوو پێشکەش کرد و پێی وابوو لەو سەردەمەدا کە سەردەمی باوی چەپی رادیکال بوو، بۆچوونی سیاسیی دوکتور قاسملوو بەرەو چەپێکی دێموکرات دەڕۆیشت. هەروەها ناوبراو گۆتی: لە باری زانستییەوە ئەو کتێبە یەکەمین کتێبە کە بە بەدەستەوەدانی ئامار و ئەرقام و بەڵگەکانی کۆمەڵناسی، کۆمەڵگای کوردستانی خستووەتە بەر لێکدانەوە و شیکردنەوە بە شێوەیەک کە تەنانەت ئەمڕۆکەش هەر لێکۆلەرێک کە بیهەوێ لێکۆڵینەوەیەکی جیدی لەسەر کورد و کوردستان بکات، ناچار دەبێ لەو کتێبە کەڵک وەربگرێت. ئەوانە وەکوو نموونەیەکی زۆر بچووکی تازەن کەلە بیر و بۆچوونی ئورووپایی‌یەکان لەسەر دوکتور قاسملوو هەیە.

بەڕێزان، یەکێکی دیکە لە قوربانیانی ئەو کارەساتەی ڤییەن شەهید کاک \'\'عەبدوڵڵا قادری ئازەر\'\'ە. کاک عەبدوڵڵا قادری ئازەر بە هۆی ئەوەی کە ئێمە پێکەوە خەڵکی شارێک بووین، ئەمن زۆر باش دەیناسم. ناوبراو تەمەنێکی وای نەبوو، ساڵی ١٣٣١ هەتاوی لە دایک ببوو، بەڵام چونکە لە خزمەتی دوکتور قاسملوودا شانازیی شەهیدبوونی پێ بڕا، من پێم وایە ئەو جۆرەی کە پێویستە و شایستەی ئەو کەسایەتییەیە حەقی خۆی پێ نەدراوە، بۆیە من بە پێویستی دەزانم زۆر بە کورتی لەسەر ئەو تێکۆشەرە چەند قسەیەک بکەم. کاک عەبدوڵڵا کاتێک کە پەیوەست بوو بە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، مامۆستا بوو لە شارەکەی خۆی. هەڵسوکەوتی نەجیبانە، تەحەمولی زۆر، تەوازوع و تێگەیشتوویی‌یەکەی بوو بە هۆی ئەوەی کەلە نێو هەموو خەڵکی شارەکەیدا و بەتایبەت لە نێو گەنجەکاندا یەکجار زۆر خۆشەویست بوو. ئەو سیفەتە بەرزانە و ئامادەبوونی بۆ کار و فیداکاری و باوەڕی قووڵی بە رزگاریی نەتەوەکەی بوو بە هۆی ئەوە کەلە ریزەکانی حیزبیشدا زۆر بە خێرایی بەرەوپێش بچێ‌ و بەرپرسایەتییەکان وەربگرێ‌ و لێهاتوویی خۆی لە بەڕێوەبردنی بەرپرسایەتییەکاندا نیشان بدا، کاتێک کە لەو کارەساتەدا شەهید بوو، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی بوو و نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو لە پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزب لە ئورووپا. کاک عەبدوڵڵا بە هێندێک هۆکار هەستی بەوە کردبوو کە ئەو وتووێژەی کە کۆماری ئیسلامی نێوی ناوە وتووێژ، پیلانێکە بۆ لەناوبردنی دوکتور قاسملوو، بۆیە کاک عەبدوڵڵا مایل نەبوو لەو کۆبوونەوەدا بەشدار بێ‌، بەڵام کاتێک دوکتور قاسملوو سوور بوو لەسەر بەشداری کردن لەو دانیشتنەدا، کاک عەبدوڵڵا بەدەر لە مەیلی خۆی هاوڕێیەتی دوکتور قاسملووی کرد و لەگەڵی دانیشت و تا ئاخریش لەگەڵی بوو. لە راستیدا ئەوە فیداکارییەکە کە تەنیا لە بیر و باوەڕی قووڵ بە نیشتمانەکەی، بە رێبەرەکەی و بە رێبازەکەی دەتوانێ‌ ئەو هەموو هێز و ورەیەی پێ‌ ببەخشێ‌ کە بەرەوڕووی مەرگ بچێت.

هاوڕێیانی خۆشەویست، وەک باسمان کرد ٢٥ ساڵ بەسەر شەهیدبوونی ئەو پۆلە شەهیدەمان لە ڤییەندا تێدەپەڕێ‌، لە ماوەی ئەو ٢٥ساڵەدا ئاڵوگۆڕێکی قووڵ لە دونیادا بەتایبەت لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاستدا هاتووەتە پێشێ‌. ژمارەیەکی زۆر لە دیکتاتۆرەکان بە دەستی خەڵکی هەژار و بێزار لە دیکتاتۆری سەرنگوون کراون و پرۆسەی دێموکراسی و بەرەوپێشچوون بۆ پێکهێنانی حکوومەتە گەلییەکان لە ناوچەدا هەروا بەردەوامە. لە تورکیەیەکدا کە لەو سەردەمەدا ناوی کوردی لێ یاساغ بوو، ئێستا کورد نوێنەرانی راستەقینەی خۆی بە دڵخوازی خۆی دەنێرێتە پارلمان و حکوومەتە خۆجێی‌یەکان بە دەستییەوەیەتی، نوێنەرانی راستەقینەی خەڵکەکە ئیدارەیان دەکەن و پرۆسەیەکی ئاشتی لە ئارا دایە کە ئێمە هیوادارین ئەو پرۆسەیە هەرچی زووتر بە قازانجی گەلی کورد و هەموو خەڵکی تورکیە تەواو بێت. لە سووریە لەگەڵ ئەوەی کە یەکڕیزی خەڵکی کوردی ئەو بەشە تاکوو ئێستا مسۆگەر نەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لەو باوەڕە داین کە کوردەکانی سووریە چ بە مانی بەشار ئەسەد چ بە رووخانی، دۆخێکی سیاسی زۆر باشتریان بۆ دەستەبەر دەبێت. ئێمە هیوادارین کە خوشک و براکانمان لەو بەشەی کوردستاندا کەلە ژێر ستەم و زوڵمی بێدادی حکوومەتی بەعسی سووریەدا بوون، بتوانن بە یەکڕیزی خۆیان ئەو دەسکەوتە زیاتر بکەن. لە کوردستانی باشوور کورد حکوومەتی خۆی بەدەست هێناوە کە یەکێک لە ئاوات و ئارەزووەکانی دوکتور قاسملوو و هەموو تێکۆشەرانی کوردە کە لەو رێگایەدا گیانی خۆیان فیدا کردووە، بەڵام لە ئێرانی کۆماری ئیسلامیدا لە فکری چەقبەستوو و دواکەوتووی ئەو حکوومەتەدا هیچ ئاڵوگۆڕێک، کرانەوەیەک تا ئێستا نابینرێ‌. ئەگەر ئاڵوگۆڕێک هەبێ‌ ئاڵوگۆڕ بەرەو دوایە، بەرەو بەستراوەیی زیاتر، زوڵم و ستەم و دیکتاتۆری زیاترە. سیستمی ئەو حکوومەتە زەلیل و زەبوونە لە بەرانبەر بێگانەدا، بەڵام سەرکوت و زەبروزەنگ بەرانبەر خەڵکەکەی خۆی بەکار دەبات. سەرنج بدەن لە دوای تەواو بوونی شەڕی ئێران و عێراق کاتێک کە لە بەرانبەر سەدام حوسێندا ئاگڕبڕیان واژۆ کرد و تەسلیم بوون لە بەرانبەر حکوومەتی بەعسدا، دەستیان کرد بە کوشتوبڕی زیندانیانی سیاسی لە نێو زیندانەکانی ئێراندا. ژمارەی ئەو زیندانییە سیاسییانەی کە لەو کاتەدا ئێعدام کران لە بەینی سێ‌ هەزار تا پێنج هەزار کەسە، ئەوە لە کاتێکدا بوو کە خەڵکی ئێران پێیان وابوو ئێستا کە شەڕی ئێران و عێراق تەواو بووە، حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بە رووی خەڵکەکەیدا دەکرێتەوە ئازادی، نان، حورمەت و کەسایەتیی خەڵک رێزی بۆ دادەنرێ‌. بەڵام نەک هەر ئەوە نەهاتە دی بەڵکوو زەبر و زەنگ و کوشتاری زیندانییانی سیاسی بە پێچەوانەی هەموو عورف و یاساکانی ئینسانی و نێونەتەوەیی بەڕێوە چوو. ئێستا ئێمە دوای ئەو ماوەیە، دوای نیزیک بە سی ساڵ ئەو سێناریۆیە بە جورێکی دیکە دەبینینەوە لە کۆماری ئیسلامیدا. مەبەستم ئەوەیە کە نیشان بدەم چۆن لە کۆماری ئیسلامیدا ئاڵوگۆڕ بەرەو دواوە هەیە، هەر وەکوو ئاگادارن کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا بە ناو هەڵبژاردنێکی وەڕێخست کە لەوێدا حەسەن رۆحانی وەکوو کاندیدی سەرکۆماری بەڵێنێکی یەکجار زۆری بە خەڵکی ئێران و بە نەتەوەکانی ئێران دا لە پێوەندی لەگەڵ ئازادکردنی زیندانییانی سیاسی، لە پێوەندی لەگەڵ کرانەوە بەڕووی خەڵکدا، ئازادیی رۆژنامەنووسان، ئازادیی تێکۆشانی ژنان و کرێکاران و باقی چین و توێژەکان بەتایبەت نەتەوەکان و یەک لەوان نەتەوەی کورد، بەڵام لەگەڵ ئەوەی کە لە بەرانبەر رۆژئاوا بە چۆکدا هات و بۆ نەجاتی وڵاتەکەی لە هەڵوەشان ئامادە بوو دەست لە پیتاندنی ئۆرانیۆم بەو مەرجانەی کە گرووپی ١+٥ بۆی دانابوو سەردانەوێنێ‌ کە ئێستا دەبینین هەنگاو بە هەنگاو ئەوە دەچێتە پێشێ‌، بەڵام وەعدە و بەڵێنەکانی رۆحانی و حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە نیسبەت خەڵکی ئێران بە تەواوی بە پێچەوانە دەرهات. هەر وەکوو بۆ دوای شەڕی ئێران و عێراق ئیشارەم پێکرد، هەر لەو یەک ساڵی رابردوودا سەرەڕای ئەو وەعدانەی کە رۆحانی داویەتی، ئێران لە ئێعدامی زیندانییانی سیاسی پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە، داخستنی رۆژنامەکان، ئێعدام و زیندانی‎کردنی تێکۆشەرانی نەتەوەکانی ئێرانی بەتایبەت نەتەوەی کورد و باقی زەبر و زەنگە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان لەسەر خەڵکەکەی رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر بەوە رانەوەستاوە، هاوڕێیان، کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای ئەو ماوەیە بۆتە ماشێنی تیرۆری بەکۆمەڵی خەڵک نەک هەر لە ئێران بەڵکوو لە ناوچە، ماشێنی جەنگی بەشار ئەسەد بە پووڵ و سەرباز و چەکی کۆماری ئیسلامیی ئێران حەرەکەت دەکا، لەو شەڕەدا تاکوو ئێستا زیاتر لە ١٦٠ هەزار کەس بەپێی ئاماری سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان کوژراون، سەدان هەزار کەس بریندار بوون، ٥ میلیۆن کەس ئاوارەن، ٥ میلیۆن و نیو ماڵەکانیان رووخاوە و تێکچووە لە ژێر بۆمباراندا کە ئەو ئامارە یانی ٥ میلیۆن ئاوارە و ٥ میلیۆن و نیو خەڵک کە ماڵەکەیان لەدەست داوە، دەبێتە لەسەدا٤٠ی حەشیمەتی سووریە. ئەوە هەمووی بە سیاسەت و چەک و پارەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوە دەچێ‌. ئەوە لە حاڵێک دایە کە بەشێکی زۆر لە حەشیمەتی ئێران لەژێر خەتی هەژاریدا دەژین ئەنواعی نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکان سەریان هەڵداوە و کۆماری ئیسلامیی ئێران رێگا چارەسەری هەموو کێشەکان چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوەدا بە شەڕ و کوشتار و زەبر و زەنگ دەبینێ‌، بیر لە هیچ مەسەلەیەکی دیکە و لە رێگا چارەسەرییەکی دیکە ناکاتەوە. ئەوەی کە ئێستا لە عێراقدا بە نێوی داعش دەیبینین بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە سەر سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بەداخەوە لایەنەکانی رۆژئاوایی لەو مەسەلەیە بە کەمی ئاگادارن. کۆماری ئیسلامیی ئێران نزیک بە دوو ساڵ لەوەپێش بە یارمەتی حکوومەتی بەشار ئەسەد و حکوومەتی مالیکی بە سەدان کەس خەڵکی خۆیانی نفووز دا لە ریزەکانی داعشدا بۆ ئەوەی کە بتوانێ‌ حەرەکەتەکانی داعش کۆنتڕۆل بکا و لەو پێوەندییەدا سەرکەوتنیشی بەدەست هێنا، یەکێک لە سەرکەوتنەکانی ئەوە بوو کە هەم لە سووریە هەم لە عێراق بە نیشاندانی جینایەتەکانی داعش و گەورەکردنەوەی ئەو مەسەلەیە وڵاتانی دونیای پێکەوە موتەحید کرد لە دژی داعش بۆ رزگارکردنی حکوومەتی بەشار ئەسەد و لە عێراقیشدا ئێستا ئێمە شاهیدی ئەو باسەین کەلە ئەسڵدا بۆ سەرکوتی سوننەکانە لە عێراقدا. ئێمە هەموومان لە سیاسەتەکانی داعش و هەموو لق و پۆپەکانی ئەلقاعیدە ئاگادارین کە دژی هەموو ئینسانێکن، بەڵام لێرەدا پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی کاریگەریی زۆری داناوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران دژی سەقامگیری، ئارامی، پێکەوەژیان و ئاوەدانی و پێشکەوتنە لە هەموو ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. کۆماری ئیسلامی ژیانی خۆی لە ئاژاوەدا دەبینێ‌ بە دوو مەبەستی ئەساسی، یەکەم بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران وڵاتێکی ئارام و سەقامگیر لە عێراقدا قابیلی قەبووڵ نییە. کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێستاش خەونی زیندوو بوونەوەی سەدام حسێنێک دەبینێت کە ببێ بە رەقیبی رێژیمەکەی. بۆیە ئەو دەیهەوێ لە عێراقدا ئاژاوە بەردەوام بێ. ئاژاوە نەک هەر لە بەینی سوننە و شێعە، لە بەینی حکوومەتی بەغدا و کوردستان، بەڵکوو لە بەینی گرووپە شیعەکانیشدا.

سیاسەتی کۆماری ئیسلامی لەو پێوەندیەدا ئەوەیە کە رەقیبەکان لە بەرانبەر یەکتردا هاوسەنگ رابگرێ. ئەگەر دیتی لایەنێک شکست دەخوا، یارمەتیی دەدا بۆ ئەوەی کە بێتەوە سەر. مەسەلەکەش زۆر روونە هاوڕێیان، دیقەت بکەن! ئێستا ئەمریکا و بریتانیا و رۆژئاوا و بە گشتی وڵاتانی ناوچە زۆربەی هەرە زۆریان پێیان وایە لانیکەمی هەنگاوێک بۆ ئەوەی کە عێراق ئارامی پەیدا بکا، لابردنی \'\'مالیکی\'\'یە لە دەوری سێهەمی سەرۆک وەزیرانی عێراق. بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران تاکوو ئێستا ئیجازەی نەداوە کە مالیکی قەبووڵ بکا کە نەبێتەوە بە سەرۆک وەزیران. لەبەر ئەوەی نیگەرانە نەوەکوو دوای مالیکی وەزعیەتەکە بەرەو ئارامی بچێت. کۆماری ئیسلامی سیاسەتەکەی ئەوەیە کە لایەنەکان لەدژی یەک تەقویەت بکا هەر جارە یەکیان بە دژی ئەوی دیکە. بۆ ئەوەی کە ئەو لایەنانە هەمیشە موحتاجی وی بن و لە کاتی تەنگانەدا هانای بۆ بەرن و ئەو یارمەتییان بکا. ئەوە نەک هەر لە عێراقدا، بەڵکوو لە هەر جێگایەکی دەستی کەوێ لە کوردستاندا، یان لە وڵاتێکی دیکەدا، ئەو سیاسەتە بەڕێوە دەبا. بەڵام قەد نایهەوێ ئارامی لە مەنتەقەدا بمێنێ. هەدەفی دووهەمی کۆماری ئیسلامی لە ئاژاوە نانەوە ئەوەیە کە: دەیهەوێ بە دنیا و بە تایبەت بە رۆژئاوا و بە وڵاتانی ناوچە رابگەیەنێ کە ئەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمووی لە ئاژاوە دایە هەمووی شەڕ و کێشەیە، تەنیا ئەمنم وەک کۆماری ئیسلامی کە دوورگەی ئارامی و سوبات لەو مەنتەقەیەدا، کەوابوو هەمووتان موحتاجی منن. یارمەتی لە من وەربگرن. بەڵام هەموو کەس لەوە ئاگاردار نییە ئەو دوورگەیەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە نێوی دوورگەی ئارامی ناوی دەبا، دەریایەکی خرۆشانە کە شەپۆلەکانی خەڵکی وەزاڵە هاتووی ئێرانن کە رۆژ بە رۆژ بەهێزتر دەبن و لە فرسەت دەگەڕێن بۆ ئەوەی کۆماری دیکتاتۆری ئیسلامی بڕووخێنن و حکوومەتی دڵخوازی خۆیان بونیاد بنێن و کۆماری ئیسلامیش زۆر باش لەوە ئاگادارە. بۆیە ئەو وڵاتەی کە ئەو بە دوورگەی ئارامش ناوی دەبا لە دەرکەوتنی مووی ژنێک لە مانگرتنی کرێکارێک لە وتاری رۆژنامەیەک کە کەمترین جیاوازی لە بیر و بۆچوونی ئەوی تێدا بێ، لە فکری تەنانەت ئاخووندێکی شیعە کە خزمەتی بەو حکوومەتە کردبێ، بەڵام لەگەڵ بیر و بۆچوونی وی جیاوازی هەبێ و بۆنێکی لە پشتیوانی لە خەڵکی تێدا هەبێ، سەرکوت دەکا و لە بەینی دەبا. حکوومەتێک کە سەقامگیری هەبێ، لەو شتانە ناترسێ. لە ئازادیی خەڵک ناترسێ، بەڵکوو شانازی بە ئازادیی خەڵکەوە دەکا. ئازادی، حکوومەت بەهێز دەکا، بە توانای دەکا، پشتیوانی خەڵک بۆ حکوومەت مسۆگەر دەکا. بۆیە ئێمە لەوەدا گومانمان نییە کە کۆماری ئیسلامی سەرەڕای ئەو رواڵەتەی کە دەیهەوێ بە خەڵکی ئێران و بە خەڵکی ناوچە و دونیای نیشان بدا، حکوومەتێکە کە ئێستا لەو پەڕی لاوازی و بێ‎توانایی خۆی دایە، لە باری ئابووری، سەربازی، تەکنیک و ئەو شتانەی دەیکا زۆربەیان رواڵەتین و ریشەیان نییە. بۆیە لە ئێستادا بەرەو رووخان چوونی کۆماری ئیسلامی لە هەموو وەختێک زیاترە و کۆماری ئیسلامیی ئێران لەوە تۆقیوە. بە تایبەتی بۆ کۆماری ئیسلامی بێجگە لە رێگای توند و تیژی، سەرکوت، ئاژاوەنانەوە و تەفرەقە دروست کردن هیچ رێگاچارەیەکی دیکە لەبەردەستدا نییە و حکوومەتێکی ئەوتۆ لەو دنیایەدا باوی نەماوە و خەڵک هەرچەن لە ژێر زەبر و زەنگدا بێ، بەڵام دواجار ئەو شێوە دەسەڵاتداریی و حکوومەتە، قەبووڵ ناکا.

هاونیشتمانانی بەڕێز پێم خۆشە لە کۆتایی باسەکەمدا لە پێوەندی لەگەڵ مەسەلەیەک کە ئێستا لە کوردستانی عێراق لە ئارادایە و پرۆسەیەکی سیاسیی نوێ ئامادە دەکرێ، بیر و بۆچوونی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشکەش بکەم. باس لە مەسەلەی دوو رێفراندۆمە. یەکێکیان بۆ ناوچەی کەرکووک و ناوچەکانی سەر بەو پارێزگایە و دووهەم، رێفراندۆمێک بۆ دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کورد لەو بەشە لە کوردستاندا. گومان لەوەدا نییە کە زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی کورد نەک هەر لە کوردستانی باشوور، بەڵکوو لە هەموو بەشەکانیدا، مافی دیاریکردنی چارەنووس بە مافی بێ‌ئەملاو ئەولای خۆیان دەزانن. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دەیان ساڵە لە پێناوی ئەو ئاواتەدا، قوربانی دەدا و فیداکاریی دەکا. کەوابوو بۆ ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ خەڵکی کورد لە کوردستانی باشوور و هەموو بەشەکانی دیکەدا، نەک هەر جێگای رێز و حورمەتە بەڵکوو جێگای پشتیوانییە بە هەموو توانا و ئیمکاناتمانەوە. بەڵام پێمان خۆشە لەسەر دوو نیگەرانیی خۆشمان قسە بکەین. یەکەم: مەسەلەی یەکڕیزی خەڵکی کوردی باشوورە لە پێوەندی لەگەڵ ئەو مەسەلە چارەنووسسازەدا. ئێمە مەسەلە کە وا دەبینین کە گەرەنتیی سەرکەوتنی دیاریکردنی مافی چارەنووس یەکڕیزی خەڵکی کوردە بەتایبەتی کە ئێستا دوژمنانی گەلی کورد و لە سەرووی هەموویانەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەموو توانای خۆیانەوە هەوڵ دەدەن درز بخەنە ریزەکانی کورد لەو بەشەدا. ئێمە هیوادارین کە گەلی کورد کەلە باشوور چارەنووسی خۆی دیاری دەکا، یەکڕیز و یەکگرتوو بێ.

دووهەم: نیگەرانیمان ئەوەیە کە ئەو مەسەلەیە لەلایەن خوشک و براکانمان لە باشوور لێک نەدرابێتەوە کە بڕیاری سەربەخۆیی و دیاریکردنی چارەنووس پێویستی بە قوربانیەکی نوێ، تەحەموللی زۆرتر و حەوسەلە و بوردباری زۆرە. ناکرێ تۆ داوای سەربەخۆیی بکەی، بەڵام هەموو پێداویستیەکانی ژیانت فوول بێ. بەنزین هەبێ، نان هەبێ، کار هەبێ، کەس سەری نەیەشێ، کەس تۆزی لێ نەنیشێ، شتی ئاوا لە دنیادا رووی نەداوە. بۆیە ئێمە دەڵێین کە راگەیاندنی سەربەخۆیی، دەسکەوتەکەی بۆ کورت خایەن، یانی گیر و گرفت و کێشە جۆراوجۆرەکان و خەباتێکی نوێ لە شکڵی نوێدا بۆ خەڵکی کورد لەو بەشە دایە. بۆیە خەڵکی کورد ئەگەر خوازیاری سەربەخۆییە کە شانازییە بۆ هەمووان، دەبێ ئامادەی تەحەممولی ئەو نامولایماتەش ببێ. بەتایبەتی کە ئێمە دوژمنی وەکوو کۆماری ئیسلامیمان لە تەنیشتە. لەگەڵ هەموو ئەو کێشانەی کە ئێستا پێشبینی دەکرێ، بەڵام ئەگەر ئەو مەسەلە بە وردی لێک درابێتەوە لەلایەن خەڵکی کورد لە لایەک و سەرکردەکانی سیاسی لەلایەکی دیکەوە، رەنگە ئێستا باشترین کات و دۆخ بێ بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووس لەو بەشەدا. هیودارم کە سەرکردەکانی کوردیش کە مەسئوولیەتێکی گەورەیان لەسەر شانە لەو پێوەندیەدا ئامادەکاریی سیاسی تەواویان کردبێ.

ئێمە ئارەزوومانە، لەو مەرحەلەیە لە خەبات و تێکۆشانی خوشک و براکانمان لە کوردستانی باشوور، شاهیدی سەرکەوتنی زۆر گەورە بین. چونکە ئێمە لەو باوەڕە داین کە بڕیارێکی وا و بە ئاکام گەیاندنی، نەک هەر دەسکەوتی گەلی کورد لە کوردستانی باشوورە، بەڵکوو دەسکەوتی گەلی کورد لە هەموو پارچەکان و لە هەموو دنیایە. بۆیە مەسئوولیەتی سەرکردەکانی کورد و حیزب و سازمانە سیاسییەکان لە پێکهێنانی یەکدەنگی لە لێکدانەوە و وردبینی لەو مەسەلەیەدا زۆر زۆر پێویستە. چونکە ئەو مەسەلەیە تەنیا پێوەندیی بە چارەنووسی کورد لەو بەشەی کوردستان نییە، بەڵکوو پێوەندی بە هەموو بەشکانەوە هەیە و تەنانەت دەتوانم بڵێم کە ئەو بڕیارە پێوەندی بە پرۆسەی دێموکراسی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشەوە هەیە. ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە نیگەرانیەوە سەیری ئەو پرۆسە دەکەین بەڵام ئەوەی کە لەو پێوەندییەدا بۆ سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیە پێویست بێ ئێمە وەکوو ئەرک و وەزیفەیەک ئامادەین تەحەممولی بکەین. چونکە ئەوە ئاواتی هەموو نەتەوەی کوردە، ئاواتی شەهیدەکانمانە کە لەو رێگایەدا سەریان ناوەتەوە و ئێمە دەزانین کە ئەوە دەتوانێ نەسلەکانی داهاتوومان بەختەوەر بکا و رۆحی د. قاسملوو و هەموو شەهیدەکان شاد بکا.

زۆر سپاستان دەکەم جارێکی دیکە پەیمان نوێ دەکەینەوە لێرە لەگەڵ رێبازی د. قاسملوو و بە دوژمنانیشمان دەڵێین هەر وەکوو دەبینن و لە ٢٥ ساڵی رابردوودا بۆیان دەرکەوتووە د. قاسملوو تەنیا جەستەیەکی فیزیکی نەبوو،. د. قاسملوو بیر و ئەندیشە و رێگا و رێنوێن بوو کە ئێستاش ئەو رێگایە بەردەوامە و رێڕەوانی رۆژ بە رۆژ لە زیاد بوون و بە هێزتر بوون دان.

سەرکەوتوو بن