کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەقی وتاری مستەفا هیجری لە پارلمانی فەڕانسە/ ٢٥ ساڵ دوای د. قاسملوو

04:37 - 1 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سمینارێکدا سەبارەت بە هزری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو لە پارلمانی فەڕانسە، وتارێکی پێشکەش کرد.

دەقی وتارەکە بەم چەشنەیە:

بەڕێزان!
وەکوو هەموتان ئاگادارن، ٢٥ ساڵ لەمەوپێش لە رۆژی ١٣ی ژوولای ١٩٨٩دا، هاوڕێ و خۆشەویستمان رێبەری بەتوانای حیزبی دێموکرات، دێموکرات و ئازادیخوازی بەناوبانگ د. عەبدولڕەحمان قاسملوو لەگەڵ عەبدوڵڵا قادری ئازەر، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزب لە دەرەوەی وڵات و فازڵ ڕەسوڵ کوردێکی کوردستانی عێراق تیرۆر کران.

ئێمەش لێرە لە دەوری یەک کۆبووینەتەوە هەتا لە لایەک یادی ئەو رۆژە تاڵ و خەمهێنەرە بکەینەوە و بۆ جارێکی دیکەش بێزاریی خۆمان لە رێژیمی کۆماری ئیسلامی بە بۆنەی ئەو کردارە دژی مرۆڤانەیە دەرببڕین و شەرمەزاری بکەین، لە لایەکی دیکەوە یادی بیر و ئەندێشەی بەرزی د. قاسملوو وەک خەباتکارێکی ماندوویی نەناسی بواری دێموکراسی لە ئێران و دابینکردنی مافی یەکسانی نەتەوایەتی بۆ گەلی کورد لە کوردستانی ئێران بەرز رابگرین. بەڵام بێجگە لەوانە، بۆ من و هاوخەباتەکانم لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، د. قاسملوو هاوڕێ و رێبەرێکی کارامە و نوێخواز بوو کە بەرنامە و رێڕەوی حیزبی دێموکراتی خستە سەر رەوتێکی سەردەمییانە و لە لاڕێبوون پاراستی. ئایدیا و پرەنسیپەکانی دێموکراسی، مافی مرۆڤ و خەبات لە پێناو ئازادی نەتەوەکەیدا، بە هۆی د. قاسملووەوە بە شێوەیەکی سەردەمییانە لە حیزبی دێموکراتدا خوێندنەوەی بۆ کرا و بوو بە رێنوێنی درێژەدانی خەباتی حیزبی دێموکرات لە پێناو ئامانجەکانیدا و هەتا ئێستاش ئەو خەباتە بەو رێچکەیەدا تێپەڕ دەبێ.

لە کاتێکدا کە لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بە شێوەیەکی گشتی سەرۆکەکان دارایی و سامانێکی زۆر بۆخۆیان و ژن و منداڵەکانیان کۆ دەکەنەوە، د. قاسملوو لە کاتی شەهیدبوونیدا خاوەنی هیچ سەرمایەیەکی مادی نەبوو و هیچ سامانێکی بۆ ژن ومنداڵەکانی بەجێ نەهێشت، بەڵکوو هەرچی لەو بوارەدا کۆی کردبووەوە بە پێی وەسیەتێکی کردبووی، لە لایەن هاوسەرەکەیەوە کە لە نێو ئێمەدا بە نەسرین خانم ناسراوە، تەحویلی حیزب درایەوە و ئەوەی بۆ ئەوان مایەوە تەنیا ناو و ناوبانگی د. قاسملوو و شانازی کردن بە باوک و هاوسەرێکی رەوشتبەرز و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو.

بەڵام بۆ حیزبی دێموکرات سەرمایەکی دیکەی گەورەی بەجێ هێشت، ئەویش بریتی بوو لە کۆمەڵە دۆستێکی وەفادار و مرۆڤدۆست کە بوون بە دۆستانی هەمیشەیی خەباتی کورد و حیزبی دێموکرات، لە نێو ئەو کۆمەڵە دۆستانەدا ناوی پزیشکانی بێ سنوور (مێدسین دێمۆند) و پزیشکانی جیهانی و یارمەتییە پزیشکییە نێونەتەوەییەکان زیاتر لە هەموان بۆ ئێمە ناسراوە. ئەو پزیشکانە لە رۆژە سەختەکانی خەباتدا کە کوردستان لە ژێر بۆمباران و هێرشی هێزە چەکدارەکانی رێژیمدا بوو و تەنانەت پزیشکە کوردەکانیش ئامادە نەبوون یارمەتیمان بدەن، دەیان کەس لەو پزیشکانە لە ژێر سەرما و بەفری زستاندا و تەنانەت لە رێگا یاساغ کراوەکانەوە خۆیان دەگەیاندە نێو شۆڕش و پێ بە پێی کادر و پێشمەرگەکانمان فریای بریندارانی شەڕ و نەخۆش و لێقەوماوانی کورد لە ئاوایییە دورەدەستەکان و ناوچە شاخاوییەکان دەکەوتن و بەو چەشنە نەک هەر گیانی سەدان پێشمەرگەی شەڕکەری کورد و ژن و منداڵی کوردەکانیان رزگار دەکرد، بەڵکوو بوونی ئەوان لە نێو ئێمەدا ورەی پێ دەبەخشین.

زۆرن ژمارەی ئەو مرۆڤانە کە لە لای ئێمە ناسراون و قەت خزمەت و زەحمەتەکانیان لەبیر ناکەین، ئێستاش لەو بۆنەیەدا من ژمارەیەک لە ناسراوترینی ئەوان لە تەنیشت خۆم دەبینمەوە، خۆشەویستانێک وەکوو د. کۆشنێر، د. گرانژۆن، د. فرێدریک و ...

من لەو بۆنەیەدا، بۆ جارێکی دیکەش لەلایەن حیزبەکەی د.قاسملووەوە رێز دادەنێم بۆ ئەو خۆشەویستانە کە بەشێک لە سەرمایەی مرۆڤی ئێمەن و یادگاری د. قاسملوون و زۆر خۆشحاڵم کە جارێکی دیکە خۆم لە نێو ئەواندا دەبینمەوە بۆ رێزگرتن لە شەهیدی گەورەمان.

دۆستانی بەڕێز!

لە ماوەی ٢٥ ساڵی رابردوودا و دوای تیرۆرکردنی د. قاسملوو، ئاڵوگۆڕێکی زۆر بەسەر کۆمەڵگای جیهانیدا هاتووە، لەو ماوەیەدا نەتەوە بندەستەکان لە گۆشە و کناری جیهان و بە تایبەت لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست یەک لە ئەوان کوردەکان، کە وڵاتەکەیان لە لایەن ٤ دەوڵەتی بەهێزی ناوچەوە داگیرکراوە، وشیاریی و زانیاریی زیاتریان بەدەست هێناوە، هەر بۆیەش خەباتی خۆیان بۆ رزگاری لە چنگ ستەمی ئەو حکوومەتە دیکتاتۆرانە چڕتر کردووەتەوە، لە وڵاتی عێراق بە نەمانی سەدام حوسێن نەتەوەی کورد حکوومەتی خۆجێیی خۆی پێکهێناوە و ئێستا خەریکە پرۆسەی دێموکراسی تاقی دەکاتەوە و بە بەشێک لە ویست و داخوازییەکانی نەتەوەی خۆی گەیشتووە. لە تورکیە کە کوردیان بە تورکی کێوی ناودەبرد پرۆسەیەکی ئاشتی لەگەڵ کورد لە ئارادایە و کورد نەک هەر بە تورکی کێوی ئەژمار ناکرێ، بەڵکوو بە شێوەیەکی ئازادانە نوێنەرانی خۆی بۆ پەرلەمان و بەدەستەوەگرتنی بەڕێوەبەریی شارەوانییەکان هەڵدەبژێرێ.

سەرەڕای ئەوەی چارەنووسی خەڵکی سووریە بە کوردەکانیشەوە بە هۆی تراژیدیایەکی مرۆڤی کە لە ئێستادا لەو وڵاتە لە ئارادایە، وا چاوەڕوان دەکرێ دۆخی کوردەکانی ئەو بەشە لە داهاتوودا بە مانەوە، یان نەمانی بەشار ئەسەد لە دەسەڵاتدا ئاڵوگۆڕی ئەرێنی بەسەردا بێت، بەڵام ئەوی لەو نێوانەدا کارەساتە، دۆخی نەتەوەکانی ئێران و یەک لەوان نەتەوەی کوردە.

لە ئێراندا ئەگەر ئاڵوگۆڕێک پێش هاتبێ سەرکوتی زیاتری ئازادیخوازان بە تایبەتی چالاکانی مافی نەتەوایەتییە، رۆحانی کە نزیک بە ساڵێک لەمەوپێش بە بەڵێن و سیمایەکی نوێوە بە سەرکۆماری دیاری کرا، توانیی جارێکی دیکە خەڵکی ئێران فریو بدا و رێژەیەکی بەرچاو بکێشێتە سەر سندووقەکانی دەنگدان، بەڵام لە تێپەڕبوونی ئەو ماوەیەدا، دوو بەرنامەی دژ بەیەک لە ئێران چووەتە پێش:

١ ــ بە هۆی قەیرانی ئابووری کە بەشێکی لەژێر گوشاری گەمارۆکانی رۆژئاوا پێکهاتبوو و ئابووریی ئێرانی گەیاندە لێواری داڕووخان، بە ناچاری رۆحانی بە فەرمانی وەلی فەقیهـ خامنەیی ملی بۆ مەرجەکانی رۆژئاوا لە بواری پیتاندنی ئۆرانیۆم راکێشا بۆ ئەوەی گەمارۆکان شل بکاتەوە و سەرئەنجام لایان بەرێت، هەتا حکوومەتی کۆماری ئیسلامی لە قەیران و رووخان بپارێزێ، بە بێ ئەوەی باوەڕیان بەو سازانە هەبێ. لەو پێوەندیەدا قسە و راگەیاندنە بە رواڵەت نوێیەکانی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران، محەممەد جەوادی زەریف بە داخەوە شوێندانەریی زۆری لەسەر رۆژئاوا هەبوو.

٢ ــ دۆخی ژیانی خەڵک لە نێوخۆی ئێران، سەرکوت و فشار لەسەر تێکوشەرانی سیاسی، چالاکانی بواری مافی مرۆڤ، مافی ژنان، کرێکاران و بە تایبەت نەتەوەکانی ئێران یەک لەوان کوردەکان هەروەها جیابیرانی ئاینی و بە گشتی هەموو چین و توێژەکان سەختتر و پڕمەترسیتر بووەتەوە.

لە ماوەی یەکساڵەی سەرکۆماریی رۆحانیدا تەنیا لە کوردستان ١٠ کەس لە چالاکانی سیاسی لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە و هەروەها ١٠ کۆڵبەر کوژراون و بریندار بوون، ژمارەیەکی بەرچاو لە ئازادیخوازان بە هۆی زەخت و زۆری رێژیمەوە ناچار بوون وڵات بەجێ بهێڵن، ٣٨ کەس ئێعدام کراون، ٤ کەسی دیکە حوکمی ئێعدامیان لەسەر دراوە، ٣٥ کەس بە هۆی تەقینەوەی ئەو مینانەی کەلە لایەن هێزەکانی رێژیمەوە لە شوێنە جیاجیاکانی کوردستان چێندراون کوژراون و بریندار بوون. تەنیا لە ٦ مانگی یەکەمی سەرکۆماریی رۆحانیدا، ٢٥٠ کەس ئێعدام کراون، رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا لە باری ژمارەی ئیعدامەکان لە ئاستی جیهاندا، دوای وڵاتی چین پلەی دووهەمی هەیە، بەڵام بە بەراوردکردنی رادەی حەشیمەتی چین و ئێران، کۆماری ئیسلامی بە پلەی یەکەم هەژمار دەکرێ.

هەر وەک سەردەمی سەرکۆماریی ئەحمەدی نژاد لە حاڵێکدا بێکاری، گرانی، تووشبوون بە مادە سڕکەرەکان و باقی نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکان رۆژ بە رۆژ زیاتر پەرەی سەند و بە ژمارەی ئەو کەسانەی لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین زیاد بووە، ئیمکانات و دارایی زۆری ئەو وڵاتە بۆ ماشینی شەڕی بەشار ئەساد و وێرانکردنی ئەو وڵاتە تەرخان دەکرێ، دەدرێ بە حیزبوڵڵای لوبنان و باقی گرووپە گەورە و بچووکە تیرۆریستییەکان، یان دەچێتە حیسابە بانکییەکانی دەسەڵات بەدەستەکانی حکوومەتی ئێران.

ئێمە لەو باوەڕەداین کە رێژیمی کۆماری ئیسلامی نەک لە بیر و باوەڕ، بەڵام لە رووی ناچارییەوە هەر وەک هەتا ئێستا نیشانی داوە، مل بۆ مەرجەکانی رۆژئاوا لە پێوەندی لەگەڵ پیتاندنی ئۆرانیۆم رادەکێشێ و دەرگای بازرگانیی ئێران بە رووی رۆژئاوادا دەکردرێتەوە. لەم بڕگەیەدا هەتا لابردنی گەمارۆکان، ئێران بە پێی ئەو خاڵانە کە بۆی دیاری دەکرێ چالاکییە ئەتۆمییەکانی درێژە دەدا، بەڵام دوای ئەوە هەر کاتێک بۆی بگونجێ چالاکییەکانی خۆی بە نهێنی بە مەبەستی دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی دەست پێ‌دەکاتەوە.

خەڵکی ئێران ئەو چاوەڕوانییەیان لە وڵاتانی رۆژئاوایی هەیە کە لەم دەورەیەدا بەرژەوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئێران، نەبنە هۆی پشتگوێ خستنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە نێوخۆی ئێراندا، هەر وەکوو چۆن زەختی گەمارۆکان کۆماری ئیسلامیی ناچار بە پاشەکشە کردن لە پیتاندنی ئۆرانیۆم کرد، ئەو زەختە دەتوانێ لە پاشەکشە پێکردنی رێژیم سەبارەت بە لە بەرچاوگرتنی مافی مرۆڤیش شوێندانەر بێ.

لە کۆتاییدا دەمهەوێ سپاسی خۆم پێشکەش بکەم بە:

پارلمانی فەڕانسە، کە بۆ چەندەمین جار ئیزنیان داوە رێوڕەسمی رێزلێنان و بەرز راگرتنی یادی شەهید د. قاسملوو لە ساڵۆنی پارلمان پێک بێ، بە ئەنستیتۆی کورد بە سەرۆکایەتیی برای بەڕێزمان کەنداڵ نەزان لە دۆستانی د. قاسملوو بۆ پێکهێنانی ئەو رێوڕەسمەو، بە هەموو ئێوە خۆشەویستان بە بۆنەی بەشداری کردنتان لە یادی ٢٥ ساڵەی تیرۆری د. قاسملوو، عەبدوڵڵا قادری ئازەر و فازڵ ڕەسوڵ.