کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەنگ و ڕەنگی پارێزگای سنە ڕەخنە لە گۆڕینی ناوی گوندەکانی کوردستان دەگرێت!

16:52 - 11 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: دەنگ و ڕەنگی  پارێزگای سنه به بڵاوکردنەوەی بەرنامەیەک، ڕەخنەی لە گۆڕینی ناوی گوندەکانی ئەم پارێزگایە کردووە؛ لەم بەرنامەیەدا پێشنیار کراوە کە ناوی کوردی گوندەکان به فۆنتی کوردییەوە لە سەر تابلۆی ڕێگاکان دابنرێت.

دەنگ و ڕەنگی  پارێزگای سنه به بڵاوکردنەوەی بەرنامەیەکی ڕەخنەگرانە  لە ژێر ناوی "یاری کردن به شوناسی گوندەکانی کوردستان" ڕەخنەی لە وەرگێڕانی ناوی گوندەکان کردووە ، چونکە وەرگێڕانەکان جیا لەوەی کە هەڵگری مانای ڕاستەقینەی وشەکە نین ، لە بواری فۆنۆتیکیشەوە هیچ پێوەندییەکیان به زمانی کوردییەوە نییە.

لەم بەرنامەیەدا پیشنیار کراوە کە لە پاڵ ناوە فارسی و ئینگلیسییەکان، لە زمانی کوردی و فۆنتی کوردی بۆ نووسینی ناوی گوندەکان کەڵک وەربگیردرێت.

بۆ نموونە گوندی "کوچک چەرموو" بووەتە "سنگ سفید"، "کانی چەرموو" بووەتە "چشمە سفید"، "سوورازه" بووەتە "سرخه‌دزج" و "مێراو" بووەتە "محراب"؛ لەهەموو سەیرو سەمەرەتر ئەوەیە کە گوندی "مامزەک" بووەتە "محمود گزک"!

گۆڕینی ئەم ناوە کوردییانە لە حاڵێکدایە کە وشەی ئاق بوڵاق، کە ناوی گوندێکی نزیک لە دیواندەرەیە، وشەیەکی تورکییە و به واتای "چشمە سفید"ه  و زۆرینەی خەڵکی کوردستان تەنانەت ناتوانن وشەکە وەکوو خۆی دەربڕن کەچی هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتووە و هەر بەو شێوەیە بەکاردەبرێت.

ساڵانێکی زۆرە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پێناو پاکتاو کردن و لەناوبردنی گەلی کورد هەوڵی داوە؛ لەم ڕاستایەدا بە گۆڕینی ناوی کوردی گوندەکان و هەروەها وەرگێڕانی هەڵەی ناوە کوردییەکانی گوندەکان بۆ زمانی فارسی، هەوڵی داوە ئەو ناوەی کە ڕەنگدانەوەی مێژوو و شارستانییەتی گەلی کوردیشی تێدایە، بسڕێتەوە.

دەنگ و ڕەنگی  ڕیژیمی ئێران لە هەموو پارێزگاکاندا به پێی بەرنامە و خواستی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و لە پێناو ئامانجەکانی ئەواندا دەچێتە پێشەوە، هەر بۆیە باس کردن لە سەر بابەتێکی لەم چەشنە و بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە ئەتوانێ پیشاندەری ئاڵۆزیی نێوان دامەزراوە و بنکەکانی خودی ڕێژیمی ئێران بێت.