کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەنگوڕەنگی ڕێژیم دان بە هەڵهاتنی مێشکەکاندا دەنێت

11:56 - 3 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: پێشکەشکاری ناسراوی یەکێک لە بەرنامەکانی دەنگوڕەنگی ڕێژیم، ئاماژەی بە هەڵهاتنی مێشکەکان لە ئێران کردووە و وتوویەتی لە ١٥٠ خوێندکاری بیرکاریی زانکۆی "سەنعەتی شەریف"، تەنیا یەک کەس ماوەتەوە.

"عەلی زیاء"، پێشکەشکاری ناسراوی دەنگوڕەنگی ڕێژیم لە بەرنامەیەکدا، سەبارەت بە هەڵهاتنی کەسانی بلیمەت لە ئێراندا، ڕایگەیاندووە کە لە کۆی ١٥٠ خوێندکاری بیرکاریی زانکۆی "سەنعەتی شەریفـ"ـی تاراندا، تەنیا یەک کەس ماوەتەوە.

ناوبراو وێرای ئاماژەدان بە درێژەکێشانی ئەم ڕەوتە وتوویەتی: "ئەگەر ئەم ڕەوتە بەردەوام بێت، چەند ساڵی دیکە زانکۆکانی دەرەوە دەبن بە ئێران و ئێران دەبێتە دەرەوە".

ورووژاندنەوەی پرسی هەڵهاتنی مێشکەکان لە دەنگوڕەنگی ڕێژیمدا لە حاڵێکدایە کە لە ماوەی ٤ ساڵی ڕابردوودا، بەرپرسانی ڕێژیم بەڵێنیی ئەوەیان دا کە بە لەبەرگرتنی ڕێوشوێنی گونجاو و ئاسانکاری، نەتەنیا پێش بە هەڵهاتنی مێشکەکان بگرن بەڵکوو مێشکە هەڵهاتووەکانیش بگەڕێننەوە بۆ ئێران.

"کارێن خانلەری"، ئەندامی کۆمیسیۆنی پەروەردە و لێکۆڵینەوەی مەجلیسی ڕێژیم، هۆکاری سەرەکیی هەڵهاتنی مێشکەکانی بۆ دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی گەڕاندووەتەوە و وتوویەتی: "بە بووژانەوەی ئابووری و بەرزبوونەوەی ئاستی زانستی لە ناوەندە زانستییەکاندا، دەکرێت پێش بەو ڕەوتە بگیردرێت".

هەڵهاتنی مێشکەکان لە ئێراندا، یەکێک لە دیارترین دیاردەکانی ئەو کۆمەڵگایە دێتە ئەژمار کە لە بێهیوایی خەڵک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان سەرچاوە دەگرێت و ڕێژیمی ئێران و ناوەندە پەیوەندیدارەکانیش جیا لە مەحکوومکردنی بەجێهێشتنی وڵات لە لایەن بلیمەتەکانەوە. هیچ ڕێکارێکی گونجاو بۆ مانەوە و پێشکەوتنیان ڕەچاو ناکەن.