کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەنگی راسانی گەلان نابیستن

19:23 - 15 بەفرانبار 2717

کەریم پەرویزی

ڕێژیمی ئیسلامیی زاڵ لە ئێران و بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە، بە هۆی چەواشەکاریی لەڕادەبەدەر و ڕۆچوون لە زەلکاوی کردەوە و پڕوپاگەندە دژەمرۆیی و درۆیینەکانیاندا دەنگی ئازادیخوازیی گەلان نابیستن.

لە رۆژی ٧ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی و لە دوایین رۆژەکانی ساڵی ٢٠١٧ی زانییندا، بزاڤی مافخوازیی نەتەوەکان و خەڵکانی ئێران دوای چەندین و چەند کۆبوونەوەی ناڕەزایی دەربڕین، وەکوو ڕووبارێکی بەلرفە، بەنداوی کۆت و بەندی هەمەڕەنگی ڕێژیمی رووخاند و لافاوێکی سەرتاسەریی لە ئێراندا وەڕی خست.

لافاوی ئەم جارە، هاتنە سەر شەقامی خەڵکی هەژار و کەمداهات و ستەملێکراو و سووکایەتی پێکراو بوو کە هیچ هیوایەکی گەش لەم ڕێژیمەدا بەدی ناکەن و قۆناخ بەقۆناخ و بڕگە بە بڕگە خەیانەت لە ئاواتەکانیان کراوە و نانی سەر سفرەیان دزراوە وخەرجی مووشەک و بۆمب و تەقینەوە وئاژاوە لە وڵاتانی دەوروبەر کراوە و ئەوەشی کە لە سامانی وڵات لە نێوخۆدا سەرف کرابێ، بۆ گیرفانی تاڵانچییەکان چووە و گەنج و لاوی ئەم وڵاتە بێکار و تووشبوو بە ماددەی سڕکەر کراون.

خەڵکانی ئێران هیوایەکی درۆینەیان بۆ دروست کرابوو کە دوای رێککەوتنی بەرجام، خۆشگوزەرانی خەڵک دادەپۆشێ ونیعمەت و سامانی دەرەکی روو لە وڵات دەکات! پێیان وتبوون کە سوپای پاسداران تەنیا لەبەر پاراستنی شوێنە پیرۆزەکان چوونەتە عێراق و سووریە! وایان پێ نیشان دابوون کە ئەوان بەر بە هاتنی داعش دەگرن!

بەڵام هەموو ئەو درۆ و چەواشەکارییانە لەماوەی دووساڵی ڕابردوودا پەردەیان لەسەر لادرا و وای لێ هات کە بە میلیارد دۆلار سەرفی سووریە و یەمەن و لوبنان و تاڵیبان و قاعیدە و داعش و ... کرا و خەڵکانی ئێران بە تامەزرۆییەوە چاو لە نان و هێلکەی نێو فیلمە کۆنەکان بکەن!

خەڵکی تووڕە لە هەموو گەندەڵی و سووکایەتی پێکردنەکان کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەدیاری بۆ ئەم وڵاتەی هێناوە، لە ماڵ هاتنەدەر و شەقامیان لە دەستی داگیرکەرانی ستەمکار رزگار کرد.

جاران ڕێژیم هەموو کون و قوژبنێکی ئەم وڵاتەی لە پوستێر و وێنەی رێبەرانی دێوەزمەی ڕێژیم تەنی بوو، ئێستە خۆی بە پەلەپڕووزەوە لێیان دەکاتەوە با خەڵک لێیان ئاگر تێ بەرنەدەن!

وەکوو هەمیشە و وەک نەریتی هەموو دیکتاتۆر و سەرەڕۆکان و وەك چوار دیەی رابردووی، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیش وەڵامی ناڕەزایی دەربڕینی خەڵک، بە سەرکوت و توندوتیژی و گرتن و کوشتن دەداتەوە و تاکوو ئێستا سەدان کەس لە خەڵکی راپەڕیو خەڵتانی خوێن کراون و دەیان کەس شەهید کراون.

هەموو بەرپرسانی ڕێژیم و هەموو لایەن و حیزب و گرووپ و باڵ و باندی ڕێژیم بەتێکڕا ترسیان لێ نیشتووە و بەتێکڕا و هاودەنگ دەڵێن کە ئەمە پیلانی دوژمنانە و ئەمانەی کە خۆپیشاندان دەکەن دەبێ سەرکوت بکرێن و کۆبکرێنەوە!

وادیارە نزیک بە چوار دەیە دەسەڵاتی ئیسلامیی تاران، تەنیا بەرهەمی زیادکردنی دوژمن بووە کە ئێستا دوژمن تا بەر دەرکی رێبەری ڕێژیم رۆیشتوە و لە نێو قوم و مەشهەدیشدا نەمان بۆ خامنەیی و ڕێژیمی ئیسلامی دەوترێتەوە!

ئەمجارە دەنگی خەباتکاری و شۆڕشی خەڵکانی ئێران و نەتەوە ستەملێکراوەکان ئەوەندە بەرزە کە گوێی کەڕ وکپی ویلایەتی فەقیهی بە هەموو باندەکانیەوە نایبیسێ. ڕێژیمی پاشایەتی هەرچەند درەنگ، بەڵام لە کۆتاییدا وتی کە دەنگی شۆڕشی خەڵکم بیست، بەڵام ئەم ڕێژیمە گوێی ئەوەندە کەڕە و خۆی ئەوەندە بڕوای بە پڕوپاگەندە چەواشەکانی خۆی کردووە و دەنگی شۆڕشی نەتەوەکانی ئێران ئەوەندە بەرزە کە دەرەتانی بیستنیان نابێ. زبڵدانی مێژوو چاوەڕێی ئەم ڕێژیمە سەرکوتکەر و ستەمکارەش دەکا، بەڵام هیوادارم کە خامنەیی بە مردن یان هەڵاتن دەربازی نەبێ و بەر دەستی دادگای شۆڕشی گەلان بکەوێ.