کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەورەی ٢٣١ی سەرەتایی لە چیاکانی کوردستان بەڕێوە چوو

18:31 - 5 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: جێژنی کۆتاییهاتنی دەورەی ٢٣١ی سەرەتاییی پێشمەرگە، لە چیاکانی کوردستان بەڕێوە چوو.

بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٤ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، دەورەی ٢٣١ی سەرەتاییی پێشمەرگە، لە چیاکانی کوردستان کۆتایی پێ هات و پۆلێک لە لاوانی شۆڕشگێڕی کوردستان پەیوەست بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوون.

ئەو ڕێوڕەسمە سەرەتا بە خوێندنی سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان خالید دەرویژە، ئەندامی دەستەی کارگێڕی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، پەیامی دەستەی کارگێری حیزبی پێشکەش بە بەشداربووانی جێژنی کۆتاییهاتنی دەورەی ٢٣١ کرد.

دەرویژە لەو پەیامەدا ئاماژەی بە قۆناغی نوێی خەباتی حیزب، لەژێر ناوی ڕاسانی ڕۆژهەڵات و گرینگی ئەم شێوازە لە خەبات کرد. ناوبراو وێڕای باسکردن لە سەر گرینگیی ستراتێژیی گرێدانی خەباتی شار و شاخ  وتی: لاوانی بەهەستی وڵات بەتینتر لە جاران بۆ بەدەستهێنانی ئازادی کە گەورەترین و بەنرخترین ئاواتی مرۆڤایەتییە پەیوەست بە ڕیزی پێشمەرگەی کوردستان دەبن.

پاشان سروودێک لە لایەن بەشداربووانی دەورەوە پێشکەش کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، "شۆڕش ئەڵڵاوەیسی" ڕاپۆرتی ئامووزشیی دەورەی ٢٣١ی سەرەتاییی پێشمەرگەی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

دواتر پەخشانێک لە ژێر ناوی "سەردارەکەی سەردار"، لە لایەن "ئاگرین پاریاد"ەوە پێشکەش کرا.

"ئارگەش مورادی" لە بڕگەیەکی دیکەدا ، پەیامی دەورەی ٢٣١ی سەرەتاییی پێشمەرگەی پێشکەش کرد.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمەدا، بە سەر کەسانی یەکەم تا سێهەم لە بواری تاقیکارییە سیاسی و نیزامی و نەزم و دیسیپلیندا، خەڵاتگەلێک دابەش کرا.

دواتر نێچیرڤان میکائیلنژاد بە گۆرانییەک ڕێوڕەسمەکەی ڕازاندەوە.

دوایین بڕگەی ڕیوڕەسمەکە بە نمایشی نیزامی بەشداربووان کۆتایی پێ هات.