کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەورەی ٢٣٨ی سەرەتایی پێشمەرگە سەرکەوتووانە کۆتایی پێهات

19:26 - 23 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: پۆلێکی دیکەی لاوانی تێکۆشەری کوردستان، پاش تەواوکردنی دەورەی سەرەتایی پێشمەرگەی کوردستان پەیوەست بە ڕیزی پێشمەرگەکانی کوردستانەوە بوون.

هەواڵنێری کوردستان میدیا لە چیاکانی کوردستان ڕایگەیاند کە ڕۆژی پێنجشەممە، ٢١ی خەرمانان، ڕێوڕەسمی کۆتاییهاتنی دەورەی ٢٣٨ی  سەرەتایی پێشمەرگە لە کەشێکی شۆڕشگێڕانەدا بەڕێوەچووە.

سەرەتای ئەم ڕێوڕەسمە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر بەو بۆنەوە، پەیامی فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە لایەن "ئەسعەد ئەحمەدی"، ئەندامی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان پێشکەش کرد کە لە بەشێکی پەیامەکەیدا ڕوو لە بەشداربووانی دەورە ڕایگەیاند: "هیوادارم لە ڕاستای بەرەوپێشچوونی ئەرکەکانی پێشمەرگەدا سەرکەوتوو بن و وانەکانی فێرگەتان بکەن بە تۆشەی ڕێگا و تێکۆشانتان و لە داهاتوودا بۆ حیزب و گەلەکەمان دەسکەوتی باشی بەدواوە بێت".

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرەڕای ئاماژەدان بە دۆخی ناوچەکە و ئەو ئاڵوگۆڕانە و هەموو ئەو گوشارانەی کە لەسەر ڕێژیمی ئێران دروست بووە، باسی لەوە کرد کە بوونی هەموو ئەو گوشارە دەرەکییانە ڕاستە دەبێتە هۆی لاوازکردنی ڕێژیمی ئێران، بەڵام هێزی ڕاستەقینە بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی ئێران ناڕەزایەتییە نێوخۆییەکانی گەلانی ئێرانە کە بێگومان یەکدەنگیی هێز و حیزبە کوردییەکان کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەریان دەبێت. نموونەی بەرچاویش بۆ ئەمە مانگرتنی ساڵی پێشووی خەڵکی کوردستانە کە بە هانای بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانەوە هاتن و بە یەکدەنگی و بە تێکڕا، دووکان و بازاڕەکانیان داخست.

پاش قسەکانی  "ئەسعەد ئەحمەدی"، هۆنراوەیەک بە ناوی "وڵات"، لە لایەن بەشداربوویەکی دەورەوە پێشکەش کرا.

دواتر "شاهۆ غەفووری"، ڕاپۆرتی پەروەردەی فێرگەی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی خوێندەوە.

پاشان سروودێک بە ناوی "بۆ پێشمەرگە"، لە لایەن بەشداربووانی دەورەوە پێشکەش کرا.

 لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، پەیامی دەورە خوێندرایەوە.

دواتر گۆرانییەک بە ناوی "وەتەن" لە لایەن بەشداربوویەکی دیکەی دەورەوە پێشکەش کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا خەڵات بەسەر کەسانی سەرکەوتووی دەورەدا دابەش کرا.

پاشان بەشداربووییەکی دیکەی دەورە گۆرانییەکی بە ناوی "بۆ کوردستان" پێشکەش کرد.

هەر لەم ڕێوڕەسمەدا "ماریا قوربانی"، هاوسەری شەهید "لوقمان شێخانی"، جامانەی هاوسەرە شەهیدەکەی پێشکەشی فێرگەی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد و ئەم جامانەیە لە لایەن "موختار سوهرابی"، بەرپرسی فێرگەی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە وەرگیرا و لەگەڵ وەرگرتنی جامانەی هاوڕێی شەهید "لوقمان شێخانیـ"دا پەیمانی وەفاداری بە ڕێبازی شەهیدانی کوردستانی نوێکردەوە.

دواتر گۆرانییەکی شۆڕشگێڕی لە لایەن بەشداربوویەکی دەورەوە پێشکەش کرا.

ئەم ڕێوڕەسمە بە ئەنجامدانی چەند نمایشێکی نیزامی، لە لایەن بەشداربووانی دەورەوە کۆتایی پێهات.