کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەورەیەکی دیکەی پێشمەرگایەتی کۆتایی پێهات

17:14 - 28 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: پۆلێکی دیکە لە لاوانی شۆڕشگێڕی کوردستان پەیوەست بە ڕیزی پێشمەرگەکانی کوردستان بوون و چەکی داکۆکی لە کەرامەتی نەتەوەکەیان لە شان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەزبەری ١٣٩٧ی هەتاوی، پۆلێکی دیکە لە کیژان و کوڕانی دەروەستی کوردستان توانییان پاش تێپەڕاندنی سەرکەوتووانەی دەورەی سەرەتایی پێشمەرگە لە چیاکانی کوردستان جلی پیرۆزی پیشمەرگایەتی لەبەر بکەن.

بەپێی ئەم هەواڵە ڕێوڕەسمی ئاماژەبۆکراو بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب لەلایەن بەشدارانی دەورە و دواتر ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان بەڕێز "ئومید مەندۆمی" بەرپرسی فێرگەی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەم بۆنەوە چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

ناوبراو لە سەرەتای ئاخاوتنەکەیدا وێڕای یادکردنەوە لە دوو شەهیدی تازەی گەلەکەمان، مامۆستایان موختار قادرپوور و فاڕووق حەسەن خەیات کە بۆخۆیان مامۆستای فێرگەی حیزب بوون و لە ئەنجامی مووشەکبارانی ١٧ی خەرمانان شەهید کران، وتی: "تێرۆریستانی تاران پێیان وابوو بەو هێرشانە دەتوانن چالاکییەکانی فێرگە ڕابگرن بەڵام ئەوەتا دەبینن فێرگە هەر بە پێوەیە و ئاڵای ڕاهێنان و بارهێنانی پێشمەرگەکانی کوردستان هەر شەکاوەیە، دڵنیا بن هەتا کوردستان و دێموکرات بمێنن فێرگەش هەر دەمێنێ؛ فێرگەیەک کە شەهید سەروان چەکۆ بناخەکەی دانابێت بەمجۆرە هێرشانە ئەژنۆی شل نابێت".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ناوبراو باسی لە ڕاسان و کاریگەرییەکانی کرد و وتی: "ڕاسانییە خاکیپۆشەکان بە فیداکاری و هەوڵ و گیانفیدایی خۆیان بە هەموو جیهانیان سەلماند کە لایەنی سەربازی ڕێژیم بەپێچەوانەی ئەوەیکە خۆی ئیدعا دەکات، لاواز و ئاسیبپەزیرە و مۆڵگە سەربازییەکانی رێژیم لە کوردستان زۆر لەوە زەبوونتر و داماوترن کە بتوانن پێش بە ئیرادەی ڕزگاریخوازانەی شۆڕشگێڕانی کورد بگرن".

وتیشی: "ڕاسان موڵکی هەموو خۆرهەڵاتی کوردستانە بە هەموو تەنەوعاتەکانییەوە؛ سەرجەم ئەو کەسانەی باوەڕیان بە ڕزگاری یەکجاری کوردستان و پۆتانسیەلی خەبات کردن لە کۆمەڵگای کوردستاندا هەیە دەتوانن لە ڕاساندا بەشدار بن".

لە کۆتاییشدا وێڕای نوێکردنەوەی پەیمان لەگەڵ شەهیدانی سورخەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند کە ڕاسان قۆناخی جێگیربوونی تێپەراندووە و کەوتووەتە سەر ڕێڕەوی گەشە و خەباتی شاخ و شار هاوشان و هاوتەریب بەردەوامە.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا پەیامی ئاموزشی دەورە لەلایەن یەکێک لە مامۆستایانی فێرگە و پەیامی دەورەی سەرەتایی لەلایەن یەکێک لە بەشداربووانی دەورە خوێندرایەوە.

دوابڕگەی ڕێوڕەسمەکەش بریتی بوو لە دابەشکردنی خەڵات بەسەر بەشداربووانی سەرکەوتووی دەورە و ئەنجامدانی چەند نمایشێکی تایبەتی سەربازی پێشمەرگانە کە لەلایەن بەشداربووانەوە ئەنجام درا.

پێویست بە ئاماژەیە کە نێوئاخنی ئەم ڕێوڕەسمە بە چەندین شێعر و سروودی شۆڕشگێڕانە ڕازێندرابوویەوە کە لەلایەن بەشدارانی دەورە ئامادە و پێشکەش کرابوون.