کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەوڵەتی یەمەن: کۆماری ئیسلامیی ئێران بڕیارنامەی ڕێکخراوی نێونەتەویی پێشێل دەکات

12:07 - 21 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: دەوڵەتی یاساییی یەمەن، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بەوە مەحکووم کردووە، کە لە ڕێگای حووسییەکانەوە، بڕیارنامەی نێونەتەوەیی پێشێل دەکات.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٠ی بەفرانبار، دەولەتی یاساییی یەمەن ڕایگەیاندووە، "هەوڵی کوودتاکارانی حووسی بۆ هێرش بۆ سەر بنکەی نیزامیی "ئەلعەند"، لە پارێزگای لەحج، دووپاتبوونەوەی پێشێلکاریی ئاگربەس لە ئەلحەدیدە و لادان لە بەڕێوبردنی ڕێککەوتننامەیەکە کە لەژێر چاوەدێریی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی لە سوئید واژۆ کراوە، کە هەوڵێک بۆ ئاڵۆزکردنی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و بڕیارنامەکانیەتی.

دەوڵەتی یەمەن هەروەها باسی لەوە کردووە، کە ئەم هەوڵانەی نیشانەی ئاشکرای ڕەتکردنەوەی ئاشتی و درێژەدانە بە کردەوەی حووسییەکان و پیلانی پشتیوانەکانیان لە تارانە.

لە ڕاگەیەندراوی دەوڵەتی یاساییی یەمەن ئاماژە بەوەش کراوە: "زیادبوونی هاتووچۆی پهپادە بۆمبهەڵگرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هاوکات لەگەڵ واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی سوئید، کارێکی پلانداڕێژ و سیستماتیکە، کە ئامانجی پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی سکرتێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و نێردراوەکەی بۆ یەمەنە، کە ئەم کارە نیشانەی دەستێوەردانی ئاشکرای تاران لە ئاراستەکردنی هەوڵی حووسییەکان لە پێناو بەرژەوەندیی ڕێژیمی ئێرانە".

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە، "لە ئەگەری پێداگریی و هەوڵی حووسییەکان بۆ درێژەدان بە شەڕ، دەوڵەتی یاسایی و هاوپەیمانە داکۆکیکارەکانی دەست لەسەر دەست دانانێن".

لە کۆتاییدا دەوڵەتی یاساییی یەمەن، لەم ڕاگەیندراوەدا، "خوازیاری بەرەوڕووبوونەوەی لێبڕاوانە لەگەڵ پیلانە پاوانخوازانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکە" بووە.