کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەیان کرێکاری سەنعەتی فوولادی ئەهواز دەسبەسەر کران

13:17 - 23 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: پاش کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییانە لە لایەن کرێکارانی فوولادی ئەهواز، نزیک بە پەنجا کرێکاری ناڕازی دسبەسەر کران.

ڕۆژی دووشەممە ٢١ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، کرێکارانی گرووپی سەنعەتی فوولادی ئەهواز، لە ناوچەی کیانپارسی ئەم شارە، بە هۆی دواکەوتنی مووچەکانیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان دەربڕی، کە ڕۆژێک پاش ئەم کۆبوونەوەیە نزیک بە پەنجا کەس لە ناڕازییان، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندی گیرۆدەبووان بە ماددە هۆشبەرەکان کران.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە دەرەکییەکان، ئەم کۆبوونەوە بە هۆی دواکەوتن و نەدانی مووچەی چەند مانگە بە کرێکاران هاتووەتە ئاراوە، کە لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمەوە هێرش کراوەتە سەریان و نزیک بە پەنجا کەسیان پاش دەسبەسەریی ڕەوانەی گرتووخانەی ئەندیمشک کردووە.

ئەم گرتن و دەسبەسەرکردنە ناڕەزایەتیی دیکەی بە دواوە بوو و سەدان کرێکاری ناڕازی لە بەردەم پارێزگاریی ئەهواز کۆ بوونەوە و خوازیاری ئازادکرانی هاوڕێیانیان بوون.

کرێکارانی ناڕازی کە نزیک بە سێ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، دەستیان کردووە بە ناڕەزایەتیدەربڕین و لە کۆبوونەوەکاندا دروشمی دژ بە ڕێژیمی وەکوو: "کارگر می‌میرد ذلت نمی‌پذیرد"، "مرگ بر ستمگر، درود بر کارگر"، "می‌ایستیم، می‌میریم، حقمون را میگیریم"، "ما کارگریم نون می‌خوایم، دوا و درمون می‌خوایمـ"ـیان،  گوتووەتەوە.