کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەیەمین کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو

10:44 - 20 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە دانیشتنێکدا لەسەر هاوکاری زیاتر و پڕەنسیپەکانی ناوەند و بە تایبەت هاوکاریی ئەمنییەتی گفتوگۆیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ۱۹ی سەرماوەزی ۱۳۹۷ی هەتاوی، بە میوانداریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دەیەمین کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.

سەرەتای کۆبوونەوەکە به ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان "محەممەدنەزیف قادری" بەرپرسی دەورەیی ناوەندی هاوکاری، باسێکی لەسەر کار و چالاکییەکانی ناوەند و هەروەها مێکانیزمەکانی کارکردنی ناوەندی هاوکاری پێشکەش کرد. دواتر هەرکام لە حیزبەکانی بەشدار لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی بەڕێوەبردنی کار و چالاکییەکانی ئەم دەورەیە پێشنیاراتی خۆیان بۆ چالاکییەکانی داهاتوو پێشکەش کرد.

لە بڕگەیەکی دیکەی کاری کۆبوونەوەکەدا هێلە گشتییەکانی ناوەندی هاوکاری و پڕەنسیپەکان و ئامانجەکانی ناوەند خرانە بەر باس و بە تێکڕای دەنگی بەشدارانی کۆبوونەوەکە پەسند کرا.
بەشێکی دیکەی کاری کۆبوونەوەی ناوەند، باس لەسەر هاوکاریی ئەمنییەتی لایەنەکان بوو کە پاش نەزەر و بۆچوونی بەرپرسانی دەزگا ئەمنییەتییەکانی سەر بە حیزبەکانی ناوەند، بڕیار و ڕاسپاردەی پێویست لەمبارەوە بۆ مێکانیزمی هاوکارییەکان پەسند کرا.

لە کۆتاباسی دەستووری کاری کۆبوونەوەی ناوەند، پڕۆژەی "پلاتفۆرمی هاوبەشی ناوەندی هاوکاری ڕوو بە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی" خرایە بەر باس و پاش ئاڵوگۆڕی بیروڕا، بڕیار درا لە داهاتوویەکی نیزیکدا پاش گونجاندنی نەزەری سەرجەم ئەندامان، وەک پلاتفۆرمی ناوەندی هاوکاری ڕوو بە ڕای گشتی و بەتایبەت ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بڵاو بکرێتەوە.

 ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران
۱۹ی سەرماوەزی ۱۳۹۷ی هەتاوی